لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 14:9-38

مەتا 14:9-38 KSS

ئینجا قوتابییەکانی یەحیا هاتنە لای عیسا و گوتیان: «بۆچی ئێمە و فەریسییەکان زۆر جار بەڕۆژوو دەبین، بەڵام قوتابییەکانی تۆ بەڕۆژوو نابن؟» عیسا پێی فەرموون: «ئایا بانگهێشتکراوانی زەماوەند دەتوانن شیوەن بگێڕن کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟ بەڵام ڕۆژێک دێت زاوایان لێ دوور دەخرێتەوە، ئەوسا بەڕۆژوو دەبن. «کەس کراسی کۆن بە پەڕۆیەک کە نەچووبێتە ئاو پینە ناکات، چونکە پینەکە کراسەکە لێک ڕادەکێشێت و دڕاوییەکە خراپتر دەکات. شەرابی نوێش ناکەنە ناو مەشکەی کۆنەوە، ئەگینا مەشکەکە دەدڕێت، جا شەرابەکە دەڕژێت و مەشکەکەش لەناودەچێت. بەڵکو شەرابی نوێ دەکرێتە ناو مەشکەی نوێوە و هەردووکیان پارێزراو دەبن.» کاتێک ئەمانەی دەفەرموو، یەکێک لە پێشەوایانی کەنیشت هات و کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «هەر ئێستا کچەکەم مرد، بەڵام وەرە دەستی لەسەر دابنێ، زیندوو دەبێتەوە.» عیساش هەستا و لەگەڵی چوو، قوتابییەکانیش دوایان کەوتن. هەر لەو کاتەدا ژنێک کە ماوەی دوازدە ساڵ بوو خوێنبەربوونی هەبوو، لە دواوە لێی نزیک بووەوە و دەستی لە چمکی کراسەکەی دا، چونکە لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئەگەر تەنها دەست لە کراسەکەی بدەم، چاکدەبمەوە.» عیسا ئاوڕی دایەوە، بینی و فەرمووی: «کچم دڵنیابە، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە.» ژنەکە دەستبەجێ چاک بووەوە. کاتێک عیسا چووە ماڵی پێشەواکە، شیوەنگێڕان و خەڵکێکی زۆری بینی کە دەنگەدەنگیان دەکرد، فەرمووی: «لاچن، کچەکە نەمردووە، بەڵکو نوستووە.» ئەوانیش پێی پێکەنین. کاتێک خەڵکەکە دەرکران، هاتە ژوورەوە و دەستی کچەکەی گرت، کچەش هەستایەوە. ئەم هەواڵەش بە هەموو ئەو ناوچەیەدا بڵاو بووەوە. کاتێک عیسا بەوێدا تێدەپەڕی، دوو کەسی نابینا دوای کەوتن، هاواریان دەکرد و دەیانگوت: «کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە.» کاتێک هاتە ماڵەوە، کەسە نابیناکان هاتنە لای. عیساش پێی فەرموون: «باوەڕتان بەوە هەیە کە من بتوانم ئەمە بکەم؟» وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ گەورەم.» ئینجا ئەویش دەستی لە چاویان دا و فەرمووی: «با بەگوێرەی باوەڕتان بۆتان ببێت.» ئیتر بیناییان بۆ گەڕایەوە، عیساش بە توندی ئاگاداری کردنەوە: «ئاگاداربن با کەس نەزانێت.» بەڵام ئەوان ڕۆیشتن و هەواڵی ئەویان لە هەموو ناوچەکەدا بڵاوکردەوە. کاتێک دوو کابراکە دەچوونە دەرەوە، چەند کەسێک لاڵێکیان هێنایە لای عیسا کە ڕۆحی پیسی تێدابوو. کاتێک ڕۆحە پیسەکە دەرکرا، لاڵەکە قسەی کرد. خەڵکەکەش سەرسام بوون و گوتیان: «هەرگیز شتی لەم جۆرە لە ئیسرائیلدا نەبینراوە.» بەڵام فەریسییەکان گوتیان: «بە شای ڕۆحە پیسەکان ڕۆحی پیس دەردەکات.» عیسا بە هەموو شار و گوندەکاندا دەگەڕا، لە کەنیشتەکانیان خەڵکی فێر دەکرد و مزگێنی پاشایەتییەکەی ڕادەگەیاند و هەموو نەخۆشی و نەساغییەکی چاک دەکردەوە. کاتێک خەڵکەکەی بینی دڵی پێیان سووتا، چونکە وەک مەڕی بێ شوان پەرێشان و سەرلێشێواو بوون. جا بە قوتابییەکانی فەرموو: «دروێنە زۆرە، بەڵام سەپان کەمە. لەبەر ئەوە داوا لە خاوەنی دروێنە بکەن تاکو سەپان بۆ دروێنەکەی بنێرێت.»

پلانی خوێندنەوەی بێبەرامبەر و بابەتی پەرستشی پەیوەست بە مەتا 14:9-38