لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 28:21-40

مەتا 28:21-40 KSS

ئینجا عیسا فەرمووی: «ڕاتان چییە؟ پیاوێک دوو کوڕی هەبوو. چووە لای یەکەمیان و گوتی: ”کوڕم ئەمڕۆ بڕۆ لە ڕەزەکەدا کار بکە.“ «ئەویش وەڵامی دایەوە: ”ناچم.“ بەڵام پاشان پەشیمان بووەوە و چوو. «ئینجا پیاوەکە چووە لای کوڕەکەی دیکەی و هەمان قسەی کرد. وەڵامی دایەوە: ”بەسەرچاو، گەورەم!“ بەڵام نەچوو. «ئایا کام لەم دووانە بە خواستی باوکیان کرد؟» گوتیان: «یەکەمیان.» عیساش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: باجگران و لەشفرۆشان لە چوونە ناو شانشینی خودا پێشتان دەکەون، چونکە یەحیا هات بۆ ئەوەی ڕێگای ڕاستودروستیتان نیشان بدات بەڵام ئێوە باوەڕتان پێی نەکرد، بەڵام باجگران و لەشفرۆشان باوەڕیان پێی کرد. پاشان کە بینیشتان، هەر تۆبەتان نەکرد و باوەڕتان پێی نەکرد.» «گوێ لە نموونەیەکی دیکە بگرن: خاوەن زەوییەک هەبوو ڕەزێکی چاند و پەرژینێکی بە دەوریدا کرد، گوشەرێکی ترێی تێدا هەڵکۆڵی و قوللەیەکی چاودێری بنیاد نا. ئینجا دایە دەست چەند ڕەزەوانێک و گەشتی کرد. کاتێک وەرزی بەرهەم نزیک بووەوە، خزمەتکارەکانی ناردە لای ڕەزەوانەکان تاکو بەرهەمەکەی وەربگرن. «ڕەزەوانەکان خزمەتکارەکانیان گرت، لە یەکێکیان دا و یەکێکیان کوشت و ئەوی دیکەشیان بەردباران کرد. دیسان خزمەتکاری زیاتری لەوانەی پێشوو نارد، ڕەزەوانەکان هەمان شتیان لەوانیش کرد. لە کۆتاییدا کوڕەکەی بۆ لایان نارد و گوتی: ”ڕێزی کوڕەکەم دەگرن.“ «بەڵام ڕەزەوانەکان کە کوڕەکەیان بینی لەناو خۆیاندا گوتیان: ”ئەمە میراتگرەکەیە. با بیکوژین و دەست بەسەر میراتەکەیدا بگرین.“ ئینجا گرتیان و فڕێیان دایە دەرەوەی ڕەزەکە و کوشتیان. «کاتێک خاوەنی ڕەزەکە دێت، چی لەم ڕەزەوانانە دەکات؟»

پلانی خوێندنەوەی بێبەرامبەر و بابەتی پەرستشی پەیوەست بە مەتا 28:21-40