مەتا 1:14-9
مەتا 1:14-9 KSS
لەو کاتەدا هێرۆدسی ئەنتیپاس کە فەرمانڕەوای جەلیل بوو، ناوبانگی عیسای بیست، بە پیاوەکانی گوت: «ئەمە یەحیای لەئاوهەڵکێشە لەناو مردوواندا هەستاوەتەوە، لەبەر ئەوە کاری پەرجوو لەسەر دەستی ئەو دەکرێت.» هێرۆدس، لەبەر هێرۆدیای ژنی فیلیپۆسی برای، یەحیای گرتبوو، پەلبەستی کردبوو و خستبوویە زیندانەوە، چونکە یەحیا پێی دەگوت: «دروست نییە براژنەکەت بخوازیت.» هێرۆدسیش دەیویست یەحیا بکوژێت، بەڵام لە خەڵکەکە دەترسا، چونکە بە پێغەمبەریان دادەنا. لە جەژنی لەدایکبوونی هێرۆدس، کچی هێرۆدیا لە ناوەڕاستی میواناندا سەمای کرد و هێرۆدسی دڵخۆش کرد. ئەویش سوێندی بۆ خوارد و بەڵێنی پێ دا کە حەزی لە چی بێت بیداتێ. کچەش بە فیتی دایکی، گوتی: «لێرە لەسەر سینییەک سەری یەحیای لەئاوهەڵکێشم بدەرێ.» پاشاش دڵگران بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لەبەردەم میوانەکاندا سوێندی خواردبوو، فەرمانی دا بیدەنێ.





