لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لێڤییەکان 1:13-28

لێڤییەکان 1:13-28 KSS

هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «ئەگەر کەسێک ئاوسانێک، یان لیرێک یان لەکەیەکی بریقەدار لەسەر پێستی لەشی هەبوو، کە گومانی نەخۆشی گواستراوەی پێستی لێ بکرێت، ئەوا ئەو کەسە دەهێنرێتە لای هارونی کاهین، یان یەکێک لە کوڕە کاهینەکانی. ئەگەر کاهینەکە پشکنی زامەکە لە پێستی لەشە و ئەو مووانەی لەناو زامەکەن سپین و زامەکە لە پێستی لەش قووڵترە، ئەوە نەخۆشی گواستراوەی پێستە. کاتێک کاهینەکە پشکنی، بەپێی ڕێوڕەسم ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە. بەڵام ئەگەر لەکەیەکی بریقەداری سپی بوو لە پێستی لەش و لە پێست قووڵتر نەبوو و ئەو مووانەی لەناو لەکەکەن سپی نەببوون، ئەوا کاهینەکە کەسی تووشبوو حەوت ڕۆژ لە خەڵک جیا دەکاتەوە. ئەگەر کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینی زامەکە وەک خۆیەتی و لە پێستی تەشەنەی نەکردووە، ئەوا کاهینەکە حەوت ڕۆژی دیکەش جیای دەکاتەوە. ئەگەر کاهینەکە دووبارە لە ڕۆژی حەوتەم پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینییەوە زامەکە کاڵ بووەتەوە و لە پێستی تەشەنەی نەکردووە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە پاکە، واتا ئەوە لیرە. ئەو کەسە جلەکانی دەشوات و پاک دەبێت. بەڵام ئەگەر لیرەکە لە پێستی تەشەنەی کرد لەدوای ئەوەی پیشانی کاهینەکە درا بۆ پاککردنەوەی، دەبێت دیسان پیشانی کاهینەکە بدرێتەوە. ئەگەر کاهینەکە پشکنی لیرەکە لە پێستی تەشەنەی کردووە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە ئەو کەسە گڵاو بووە، ئەوە نەخۆشییەکی گواستراوەیە. «ئەگەر کەسێک نەخۆشی گواستراوەی پێستی هەبێت، ئەوا دەهێنرێتە لای کاهین. ئەگەر کاهینەکە پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینی ئاوسانێکی سپی لە پێست هەیە و مووی سپی کردووە و لە شوێنی ئاوسانەکە گۆشتی ڕووت بە دەرەوەیە، ئەوا نەخۆشی پێستی درێژخایەنە لە پێستی لەشی، ئیتر کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، دوورەپەرێزی ناکات، چونکە گڵاوە. «بەڵام ئەگەر نەخۆشییەکە تەشەنەی کردبێت و هەموو پێستی داگرتبوو، لە سەرییەوە هەتا پێیەکانی، بەگوێرەی هەموو ئەوەی چاوی کاهینەکە دەیبینێت، کاهینەکە پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینی وا نەخۆشییەکە هەموو لەشی داگرتووە، ئەوا ڕایدەگەیەنێت کە تووشبووەکە پاکە، لەو کاتەوە هەمووی سپی بووە، ئەوە پاکە. بەڵام هەر کاتێک گۆشتی ڕووتی تێدا بینی، ئەوا گڵاو دەبێت. کاتێک کاهینەکە گۆشتە ڕووتەکەی بینی، ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە. گۆشتی ڕووت گڵاوە، ئەوا کەسەکە نەخۆشییەکی گواستراوەی هەیە. ئەگەر گۆشتە ڕووتەکە جارێکی دیکە سپی بووبێتەوە، ئەوا دێتەوە لای کاهینەکە. ئینجا کە کاهینەکە پشکنی وا شوێنە تووشبووەکە سپی بووە، کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە تووشبووەکە پاکە، ئەوا کەسەکە پاکە. «ئەگەر کەسێک لە پێستەکەی دومەڵێک بووبێت و چاک بووبێتەوە، لە شوێنی دومەڵەکەش ئاوسانێکی سپی یان لەکەیەکی بریقەداری سپی سوورباو هەبێت، ئەوا پیشانی کاهینەکە دەدرێت. ئەگەر کاهینەکە پشکنی لە پێست قووڵترە و مووەکانی سپی بووە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە. ئەوە نەخۆشی گواستراوەی پێستە کە لە دومەڵەکە بڵاوبووەتەوە. بەڵام ئەگەر کاهینەکە پشکنی مووی سپی تێدا نییە و لە پێست قووڵتر نییە و ڕەنگی ئاساییە، ئەوا کاهینەکە حەوت ڕۆژ جیای دەکاتەوە، بەڵام ئەگەر لە پێست تەشەنەی کردبێت، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، ئەوە گواستراوەیە. بەڵام ئەگەر لەکە بریقەدارەکە لە شوێنی خۆی مایەوە و تەشەنەی نەکردووە، ئەوە شوێنەواری دومەڵەکەیە و کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە پاکە. «ئەگەر کەسێک لە پێستیدا شوێنێکی سووتاوی بە ئاگر هەبێت، گۆشتە ڕووتەکەی شوێنە سووتاوەکە لەکەیەکی بریقەداری سپی سوورباو یان سپی هەبێت، کاهینەکە پشکنی وا مووی لەکە بریقەدارەکە سپی بووە و لە پێست قووڵترە، ئەوە نەخۆشییەکی گواستراوەیە و لە شوێنە سووتاوەکە بڵاوبووەتەوە. کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، ئەوە نەخۆشی گواستراوەی پێستە. بەڵام ئەگەر کاهینەکە پشکنی لە لەکە بریقەدارەکە مووی سپی نییە و لە پێست قووڵتر نییە و ڕەنگی ئاساییە، ئەوا کاهینەکە حەوت ڕۆژ جیای دەکاتەوە. کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم دەیبینێت، ئەگەر بە پێستدا تەشەنەی کردبێت، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، ئەوە نەخۆشی گواستراوەی پێستە. بەڵام ئەگەر لەکە بریقەدارەکە لە شوێنی خۆی مایەوە و لە پێست تەشەنەی نەکردبێت و ڕەنگی ئاسایی بوو، ئەوا ئاوسانی سووتانەکەیە، کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە پاکە، چونکە شوێنەواری سووتانەکەیە.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان