لێڤییەکان 1:1-9
لێڤییەکان 1:1-9 KSS
یەزدان موسای بانگکرد و لە چادری چاوپێکەوتن قسەی لەگەڵ کرد و فەرمووی: «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک یەکێک لە ئێوە قوربانییەکی لە ئاژەڵ بۆ یەزدان پێشکەش کرد، لە گاگەل و لە مێگەل قوربانییەکانتان پێشکەش بکەن. «”ئەگەر قوربانییەکەی قوربانی سووتاندن لە گاگەل بێت، ئەوا نێری ساغ پێشکەش دەکات و دەیهێنێتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن، بۆ ئەوەی مایەی ڕەزامەندی یەزدان بێت، دەستی لەسەر سەری قوربانی سووتاندنەکە دادەنێت و بۆ کەفارەتی لێی وەردەگیرێت. جوانەگاکەش لەبەردەم یەزدان سەردەبڕێت، نەوەی هارون کە کاهینەکانن، خوێنەکە دەهێنن و بەسەر هەموو لایەکی ئەو قوربانگایەدا دەیپرژێنن کە لەلای دەروازەکەی چادری چاوپێکەوتنە. قوربانی سووتاندنەکە کەوڵ دەکات و پارچەپارچەی دەکات، نەوەی هارونی کاهین ئاگرێک لەسەر قوربانگاکە دەکەنەوە و دار لەسەر ئاگرەکە ڕێک دەخەن. نەوەی هارونیش کە کاهینەکانن پارچەکانی لەگەڵ سەرەکەی و ئەو پیوەی لەسەر دارەکانی سەر ئاگری سەر قوربانگاکەیە ڕێکی دەخەن. هەناو و قاچەکانی بە ئاو دەشۆن و کاهینەکە هەموویان لەسەر قوربانگاکە دەسووتێنێت. قوربانی سووتاندنە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.




