ئەیوب 19:38-30
ئەیوب 19:38-30 KSS
«کام ڕێگایە دەچێتە نشینگەی ڕووناکی؟ ئەی شوێنی نیشتەجێبوونی تاریکی لەکوێیە؟ ئایا دەتوانیت هەریەکەیان بۆ سنووری خۆی ببەیت و ڕێگای ماڵەکانیان شارەزابیت؟ لەبەر ئەوەی تۆ لەپێش ئەمانەوە لەدایک ببوویت! بە دڵنیاییەوە تۆ زۆر تەمەن درێژیت! «ئایا چووی بۆ ناو ئەمبارەکانی بەفر یان کۆگاکانی تەرزەت بینیوە، ئەوەی هەڵمگرتووە بۆ کاتی تەنگانە، بۆ ڕۆژانی نەهامەتی و جەنگ؟ لە چ ڕێگایەکەوە بروسکە دابەش دەبێت و بای ڕۆژهەڵات لەسەر زەوی بڵاو دەبێتەوە؟ کێ لێکی جیا کردەوە جۆگەکان بۆ بارانی بە لێشاو و ڕێچکە بۆ باوبۆران؟ بۆ ئاودانی خاکێک کە مرۆڤی تێدا نییە، بەسەر چۆڵەوانییەک کە ئادەمیزادی تێدا نییە، بۆ ئەوەی خاکی کاول و وێران تێر بکات، وا بکات گیای لێ بڕووێت. ئایا باران باوکی هەیە؟ ئەی کێ دڵۆپەکانی شەونم دەخاتەوە؟ بەستەڵەک لە سکی کێ دێتە دەرەوە؟ شەختەی ئاسمان بۆ کێ لەدایک دەبێت، کاتێک ئاوەکان وەک بەردیان لێ دێت و ڕووی قووڵاییەکان دەیبەستێت؟





