لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 25:8-36

یۆحەنا 25:8-36 KSS

لێیان پرسی: «تۆ کێیت؟» عیسا پێی فەرموون: «من هەر ئەوەم کە لە سەرەتاوە پێم گوتن. زۆر شتم هەیە لەسەرتان کە بیڵێم و ئێوەی پێ حوکم بدەم. بەڵام ئەوەی ناردوومی جێی متمانەیە، هەرچیم لەو بیستووە بە جیهانی دەڵێم.» ئەوان تێنەگەیشتن کە باسی باوکی دەکات. لەبەر ئەوە عیسا پێی فەرموون: «کاتێک کوڕی مرۆڤتان بەرزکردەوە، ئەوسا دەزانن کە من ئەوم و لە خۆمەوە هیچ ناکەم، بەڵکو بەو جۆرە قسە دەکەم کە باوک فێری کردووم. ئەوەی ناردوومی لەگەڵمدایە و بە تەنها بەجێی نەهێشتووم، چونکە هەمیشە ئەوە دەکەم کە جێی ڕەزامەندی ئەوە.» کاتێک ئەم قسانەی دەکرد، زۆر کەس باوەڕیان پێی هێنا. عیسا بەو جولەکانەی فەرموو کە باوەڕیان پێی هێنابوو: «ئەگەر لەسەر فێرکردنەکانم بمێننەوە، ئەوا بەڕاستی قوتابی منن و ڕاستی دەناسن، ڕاستیش ئازادتان دەکات.» جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «ئێمە نەوەی ئیبراهیمین، هەرگیز کۆیلەی کەس نەبووین. ئیتر چۆن دەفەرمووی: ”ئێوە ئازاد دەبن“؟» عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، هەرکەسێک گوناه بکات کۆیلەی گوناهە. کۆیلە هەتاهەتایە لە ماڵ نامێنێتەوە، بەڵام کوڕ هەتاهەتایە دەمێنێتەوە. ئەگەر کوڕەکە ئازادی کردن، ئەوا بە ڕاستی ئازاد دەبن.

پلانی خوێندنەوەی بێبەرامبەر و بابەتی پەرستشی پەیوەست بە یۆحەنا 25:8-36