لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 1:7-31

یۆحەنا 1:7-31 KSS

دوای ئەمانە عیسا بە جەلیلدا دەگەڕا و نەیدەویست لە یەهودیا بگەڕێ، چونکە ڕابەرانی جولەکەی ئەوێ هەوڵیان دەدا بیکوژن. کاتێک جەژنی کەپرەشینەی جولەکەش نزیک بووەوە، براکانی پێیان گوت: «ئێرە بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ناوچەی یەهودیا، تاکو قوتابییەکانی خۆشت کارەکانت ببینن کە تۆ دەیکەیت، هیچ کەسێک بە نهێنی شتێک ناکات ئەگەر بیەوێت ئاشکرابێت. ئەگەر ئەم شتانە دەکەیت، خۆت پیشانی جیهان بدە.» براکانی وایان پێ گوت، چونکە تەنانەت ئەوانیش باوەڕیان پێی نەدەکرد. عیساش پێی فەرموون: «جارێ کاتم نەهاتووە، بەڵام هەردەم کاتی ئێوە گونجاوە. جیهان ناتوانێت ڕقی لێتان بێتەوە، بەڵام ڕقی لە من دەبێتەوە، چونکە شایەتی لەسەر دەدەم کە کردەوەی خراپە. ئێوە بڕۆنە جەژنەکە، من نایەمە ئەم جەژنە، چونکە هێشتا کاتم تەواو نەبووە.» ئەمانەی فەرموو و لە جەلیل مایەوە. بەڵام کە براکانی بۆ جەژنەکە چوون، ئەویش ڕۆیشت، بەڵام بە ئاشکرا نا، بەڵکو بە نهێنی. ڕابەرانی جولەکە لە جەژنەکەدا بەدوایدا دەگەڕان و دەیانگوت: «ئەو لەکوێیە؟» لەنێو خەڵکەکەدا چرپەچرپێکی زۆری لەسەر بوو، هەندێکیان دەیانگوت: «پیاوێکی چاکە.» خەڵکی دیکەش دەیانگوت: «نەخێر، بەڵکو خەڵک گومڕا دەکات.» بەڵام کەس لە ترسی جولەکەکان بە ئاشکرا باسی نەدەکرد. کاتێک نیوەی جەژن تێپەڕی، عیسا چووە حەوشەکانی پەرستگا و دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵکی. جولەکەکان سەرسام بوون و پرسییان: «ئەمە کە فێرنەکراوە چۆن ئەم هەموو زانیارییەی هەیە؟» عیسا وەڵامی دانەوە: «فێرکردنم هی خۆم نییە، بەڵکو هی ئەوەیە کە ناردوومی. ئەگەر کەسێک بیەوێت خواستی خودا ئەنجام بدات، ئەوا دەزانێت ئاخۆ فێرکردنەکانم لە خوداوەیە یان لە خۆمەوە قسە دەکەم. ئەوەی لە خۆیەوە بدوێت، داوای شکۆی خۆی دەکات، بەڵام ئەوەی داوای شکۆی ئەوە بکات کە ناردوویەتی، ئەمە ڕاستگۆیە و فڕوفێڵی تێدا نییە. ئایا موسا تەوراتی نەداونەتێ؟ بەڵام کەس لە ئێوە بە قسەی تەورات ناکات. بۆچی هەوڵی کوشتنم دەدەن؟» خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: «ڕۆحی پیست هەیە! کێ هەوڵی کوشتنت دەدات؟» عیسا پێی فەرموون: «کارێکم کرد و هەمووتان سەرسام بوون. لە ڕۆژی شەممەدا کوڕ خەتەنە دەکەن، چونکە دەڵێن کە موسا خەتەنەکردنی پێ سپاردوون، هەرچەندە خەتەنەکردن لە موساوە نەبووە، بەڵکو لە باپیرانەوەیە. ئەگەر کوڕ لە ڕۆژی شەممە خەتەنە بکرێت تاکو تەوراتی موسا نەشکێت، باشە لە من تووڕە دەبن کە لە ڕۆژی شەممە سەراپای مرۆڤێکم چاککردەوە؟ بە ڕواڵەت حوکم مەدەن، بەڵکو حوکمێکی دادپەروەرانە بدەن.» لەبەر ئەوە هەندێک لە خەڵکی ئۆرشەلیم دەیانگوت: «ئەمە نییە ئەوەی دەیانەوێت بیکوژن؟ ئەوەتا بە ئاشکرا قسە دەکات و هیچی پێ ناڵێن. ئایا سەرۆکەکان بەڕاستی بۆیان دەرکەوتووە کە ئەمە مەسیحەکەیە؟ بەڵام ئێمە دەزانین ئەمە خەڵکی کوێیە. کاتێک مەسیح دێت، کەس نازانێت خەڵکی کوێیە.» پاشان عیسا لە حەوشەکانی پەرستگا بەردەوام بوو لەسەر فێرکردنی خەڵکی و هاواری کرد: «بەڵێ، دەمناسن و دەزانن خەڵکی کوێم. لە خۆمەوە نەهاتووم، بەڵام ئەوەی منی ناردووە ڕاستە. ئێوە نایناسن، بەڵام من دەیناسم، چونکە لەوم و ئەویش منی ناردووە.» لەبەر ئەوە هەوڵیان دەدا بیگرن، بەڵام کەس دەستی بۆ درێژ نەکرد، چونکە هێشتا کاتی نەهاتبوو. زۆر لە خەڵکەکەش باوەڕیان پێی هێنا و گوتیان: «ئایا کاتێک مەسیح دێت، پەرجووی زیاتر دەکات لەوەی ئەمە کردوویەتی؟»

پلانی خوێندنەوەی بێبەرامبەر و بابەتی پەرستشی پەیوەست بە یۆحەنا 1:7-31