لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 3:2-17

یۆحەنا 3:2-17 KSS

کاتێک شەراب نەما، دایکی بە عیسای گوت: «شەرابیان نییە!» عیساش پێی فەرموو: «ژنەکە، چیت لە من دەوێ؟ هێشتا کاتی من نەهاتووە!» ئینجا دایکی بە خزمەتکارانی گوت: «هەرچییەکتان پێ دەڵێ، بیکەن.» شەش کوپەی بەردین، لەو جۆرەی کە جولەکەکان بۆ پاککردنەوە بەکاریاندەهێنا، لەوێ دانرابوون، هەریەکەی هەشتا هەتا سەد و بیست لیتریان دەگرت. جا عیسا پێی فەرموون: «کوپەکان پڕ بکەن لە ئاو.» ئەوانیش کوپەکانیان هەتا سەر پڕکرد. ئینجا پێی فەرموون: «ئێستا لێی دەربهێنن و بۆ گەورەی شاییەکەی ببەن!» ئەوانیش بردیان. کاتێک گەورەی شاییەکە تامی ئەو ئاوەی کرد کە ببووە شەراب، سەرچاوەکەی نەدەزانی، بەڵام خزمەتکاران دەیانزانی، ئەوانەی ئاوەکەیان دەرهێنابوو. ئەوسا گەورەی شاییەکە زاوای بانگکرد و پێی گوت: «هەموو کەس یەکەم جار شەرابە چاکەکە دادەنێن، کاتێک مەست بوون، ئینجا خراپەکە. بەڵام تۆ هەتا ئێستا شەرابە چاکەکەت هێشتووەتەوە!» ئەو پەرجووەی عیسا لە قانای جەلیل کردی، یەکەمین نیشانەی بوو کە بەهۆیەوە شکۆی خۆی دەرخست، قوتابییەکانیشی باوەڕیان پێی هێنا. دواتر لەگەڵ دایکی و براکانی و قوتابییەکانی بەرەو شاری کەفەرناحوم دابەزین، چەند ڕۆژێک لەوێ مانەوە. کە جەژنی پەسخەی جولەکەکان نزیک بووەوە، عیسا چوو بۆ ئۆرشەلیم. لە حەوشەکانی پەرستگا فرۆشیارانی گا و مەڕ و کۆتری بینی، پارەگۆڕەوانیش دانیشتبوون. قامچییەکی لە گوریس دروستکرد و هەمووانی لە حەوشەکانی پەرستگا دەرکرد، مەڕ و گا پێکەوە. پارەی پارەگۆڕەوانی پەرشوبڵاو کردەوە و مێزەکانی سەرەوژێر کرد، ئینجا بە کۆترفرۆشانی فەرموو: «ئەم شتانە لێرە هەڵگرن! ماڵی باوکم مەکەنە بازاڕ!» جا قوتابییەکانی هاتەوە بیریان کە نووسراوە: ﴿دڵگەرمی بۆ ماڵەکەت دەمسووتێنێت.﴾