یۆحەنا 19:1-28
یۆحەنا 19:1-28 KSS
ئەمەش شایەتییەکەی یەحیایە، کاتێک ڕابەرانی جولەکەی ئۆرشەلیم کاهین و لێڤییان ناردە لای پرسیاری لێ بکەن: «تۆ کێیت؟» ئەو دانی پێدا نا و نکۆڵی نەکرد، بەڵکو گوتی: «من مەسیحەکە نیم.» ئینجا لێیان پرسی: «ئەی کێیت؟ ئەلیاسی؟» گوتی: «نا، ئەو نیم.» «ئەی تۆ پێغەمبەرەکەی؟» گوتی: «نەخێر.» لە کۆتاییدا پێیان گوت: «باشە تۆ کێیت؟ تاکو وەڵامێک بدەینەوە ئەوانەی کە ئێمەیان ناردووە، دەربارەی خۆت چی دەڵێی؟» یەحیا بە وشەکانی ئیشایای پێغەمبەر وەڵامی دانەوە و گوتی: «﴿من ئەو کەسەم کە لە چۆڵەوانی هاوار دەکات: ”ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن.“﴾» ئەوانەی لەلایەن فەریسییەکانەوە نێردرابوون، لێیان پرسی: «ئەگەر تۆ مەسیحەکە نیت و ئەلیاس نیت و پێغەمبەرەکەش نیت، ئیتر بۆچی خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشیت؟» یەحیاش وەڵامی دانەوە: «من خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشم، بەڵام یەکێک لەنێوانتان ڕاوەستاوە کە نایناسن، ئەو لەدوای من دێت، من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە.» ئەمانە لە بێتعەنیا ڕوویدا، لەوبەری ڕووباری ئوردونەوە، لەو شوێنەی یەحیا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا.





