ئیشایا 16:3-26
ئیشایا 16:3-26 KSS
یەزدان دەفەرموێت: «کچانی سییۆن لەخۆبایی بوون، گەردنیان دەرخستووە و بە چاوبازییەوە دەڕۆن، بە لارولەنجەوە دەڕۆن بە زرنگەی لەرزانەی گۆزینگیان. لەبەر ئەوە پەروەردگار سەری کچانی سییۆن کەچەڵ دەکات، یەزدان ڕووتییان دەردەخات.» لەو ڕۆژەدا پەروەردگار جوانکاری دادەماڵێت: لەرزانە و لاسەرە و ملوانکە، گوارە و بازن و پەچە، سەرپێچ و قۆڵبەست و پشتێن و تەلیسم و چەناخە، ئەنگوستیلە و خەزێم، جلوبەرگی جەژن و پاڵتۆ و چارۆکە و جزدان و ئاوێنە، کراسی کەتان و سەرپۆش و کۆڵوانەکان. جا لە جێی بۆنوبەرام، بۆگەن و لە جێی کەمەربەند، گوریس و لە جێی پرچی بە ئەگریجە، سەری ڕووتاوە و لە جێی بەرگی گرانبەها گوش لەبەر دەکەن، نیشانەی داغیش لە جێی جوانی دەبێت. پیاوەکانتان بە شمشێر و پاڵەوانەکانتان لە جەنگدا دەکەون. جا دەروازەکانی سییۆن شین دەگێڕن و دەگریێن، بێکەس لەسەر زەوی دادەنیشن.


