پەیدابوون 12:38-18
پەیدابوون 12:38-18 KSS
دوای ماوەیەکی زۆر کچەکەی شوەع کە ژنی یەهودا بوو مرد. پاش ئەوەی خەم و پەژارەیی لە دڵی یەهودا ڕەوییەوە، لەگەڵ حیرەی عەدولامی چوو بۆ تیمنا، بۆ لای ئەوانەی خوری مەڕەکانیان بۆ دەبڕییەوە. کاتێک بە تاماریان ڕاگەیاند: «وا خەزوورت هاتووە بۆ تیمنا، بۆ بڕینەوەی خوری مەڕەکانی،» ئەویش جلوبەرگی بێوەژنیی داکەند و ڕووی خۆی داپۆشی و خۆی پێچایەوە. پاشان لەبەر دەروازەی عێینەیم دانیشت، کە لەسەر ڕێگای تیمنایە، چونکە بینی وا شالەح گەورە بووە، کەچی ئەمیان نەدایێ ببێتە ژنی. کە یەهودا تاماری بینی، وایزانی لەشفرۆشە، چونکە ڕووی خۆی داپۆشیبوو. ئیتر لەسەر ڕێگاکە لایدا بەلای ئەودا و پێی گوت: «وەرە با سەرجێییت لەگەڵ بکەم،» چونکە نەیزانی ئەوە بووکەکەیەتی. ئەویش پێی گوت: «چیم پێدەدەیت بۆ ئەوەی سەرجێییم لەگەڵ بکەیت؟» ئەویش گوتی: «لە ماڵاتەکەم گیسکێکت بۆ دەنێرم.» ئەمیش گوتی: «ئەی شتێکم وەک بارمتە دەدەیتێ هەتا دەینێریت؟» ئەویش گوتی: «چ بارمتەیەکت بدەمێ؟» ئەمیش گوتی: «مۆر و قەیتان و گۆچانەکەی دەستت.» ئەویش ئەمانەی دایێ و سەرجێیی لەگەڵی کرد، ئیتر سکی لێی پڕبوو.





