لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دەرچوون 1:40-16

دەرچوون 1:40-16 KSS

یەزدان بە موسای فەرموو: «لە یەکی مانگی یەکەم، چادری پەرستن کە چادری چاوپێکەوتنە هەڵبدە. سندوقی پەیمانی تێدا دابنێ، سندوقەکە بە پەردەکە داپۆشە. مێزەکەش ببە ژوورەوە و بە جوانی ڕێکی بخە، هەروەها چرادانەکەش ببە ژوورەوە و چراکانی بەرز بکەوە. قوربانگا زێڕینەکەش کە بۆ بخوورە لەبەردەم سندوقی پەیمان دایبنێ، پەردەی دەروازە بۆ چادرەکەی پەرستن دابنێ. «قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنیش لەبەردەم دەروازەی چادری چاوپێکەوتن دابنێ لەناو چادری پەرستن. حەوزەکەش لەنێوان چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکە دابنێ و ئاوی تێبکە. حەوشەکە لە چواردەوری دابنێ و پەردەی دەروازەی حەوشەکەش دابنێ. «زەیتی دەستنیشانکردنەکە ببە و چادرەکەی پەرستن و هەموو ئەوەی تێیدایە پێی دەستنیشان بکە، خۆی و هەموو کەلوپەلەکانی تەرخان بکە و پیرۆز دەبێت. پاشان قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و هەموو قاپوقاچاغەکەی دەستنیشان بکە، قوربانگاکە تەرخان بکە و دەبێتە هەرەپیرۆز. حەوزەکەش لەگەڵ ژێرەکەی دەستنیشان بکە و تەرخانی بکە. «هارون و کوڕەکانیشی بهێنە پێشەوە بۆ دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و بە ئاو بیانشۆ. ئینجا جلوبەرگە پیرۆزەکە لەبەر هارون بکە، دەستنیشانی بکە و تەرخانی بکە بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکات. کوڕەکانیشی بهێنە پێشەوە و کراسەکانیان لەبەر بکە، دەستنیشانیان بکە هەروەک چۆن باوکیانت دەستنیشان کرد بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەن، ئەمەش بۆ ئەوە دەبێت هەتا دەستنیشانکردنەکەیان بۆیان ببێتە کاهینیێتی هەتاهەتایی لە نەوەکانیان.» موساش بەم جۆرەی کرد هەروەک هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کرد، ئاوای کرد.