لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دەرچوون 10:4-23

دەرچوون 10:4-23 KSS

موسا بە یەزدانی گوت: «ئەی پەروەردگار، من پیاوی قسە نیم، نە لە ڕابردوو و نە لەو کاتەوەی لەگەڵ خزمەتکارەکەت دوایت. بەڵکو من دەم گران و زمان گرانم.» یەزدانیش پێی فەرموو: «کێ دەمی بۆ مرۆڤ دروستکردووە، یان کێ لاڵ یان کەڕ، بینا یان نابینای دروستکردووە، ئایا منی یەزدان نیم؟ ئێستا بڕۆ، منیش لەگەڵ زمانت دەبم و ئەوەت فێر دەکەم کە پێی دەدوێیت.» بەڵام ئەو گوتی: «ئەی پەروەردگار ببورە، کەسێکی دیکە بنێرە.» تووڕەیی یەزدان بەسەر موسادا جۆشا و فەرمووی: «ئایا هارونی لێڤی برات نییە، دەزانم ئەو قسەزانە، هەروەها ئەو ئێستا وا لە ڕێگایە بۆ پێشوازیت، کاتێک دەتبینێت دڵخۆش دەبێت. لەگەڵی دەدوێیت و وتەکان دەخەیتە سەر زمانی، منیش لەگەڵ زمانی تۆ و زمانی ئەو دەبم و فێرتان دەکەم چی بکەن. ئەو لە جیاتی تۆ لەگەڵ گەل دەدوێت، ئەو بۆ تۆ وەک دەم دەبێت و تۆش بۆ ئەو وەک خودا. ئەم گۆچانەش کە نیشانەکانی پێدەکەیت، لە دەستت دەیگریت.» ئینجا موسا چوو و گەڕایەوە لای یەترۆی خەزووری، پێی گوت: «من دەڕۆم و دەگەڕێمەوە لای براکانی خۆم کە لە میسرن، بۆ ئەوەی ببینم ئایا هێشتا زیندوون.» یەترۆش بە موسای گوت: «بڕۆ بە سەلامەتی.» یەزدان لە میدیان بە موسای فەرمووبوو: «بڕۆ و بگەڕێوە بۆ میسر، چونکە هەموو ئەوانەی بەدوای کوشتنتدا دەگەڕان مردن.» ئیتر موسا ژنەکەی و منداڵەکانی هەڵگرت و سواری گوێدرێژی کردن و بردنی و گەڕایەوە بۆ خاکی میسر. موسا گۆچانەکەی خوداشی لە دەستی گرت. یەزدان بە موسای فەرموو: «کاتێک دەگەڕێیتەوە میسر، سەرنجی هەموو ئەو پەرجووانە بدە کە لەسەر دەستی تۆ لەبەردەم فیرعەوندا دەکرێن، بەڵام من دڵی ڕەق دەکەم بۆ ئەوەی نەهێڵێت گەلەکە بڕۆن. بە فیرعەون دەڵێیت: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: نەوەی ئیسرائیل کوڕە نۆبەرەمە، پێم فەرمووی، ’بهێڵە کوڕەکەم بچێت بۆ ئەوەی بمپەرستێت.‘ بەڵام تۆ ڕازی نەبوویت بهێڵیت بڕوات، من وا کوڕەکەت، نۆبەرەکەت دەکوژم.“»