لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ژیرمەندی 9:3-22

ژیرمەندی 9:3-22 KSS

کرێکار چی بۆ دەمێنێتەوە لەوەی خۆی پێوە ماندوو دەکات؟ ئەو بارەم بینی کە خودا داویەتی بە ئادەمیزاد هەتا هەڵیبگرن. خودا هەموو شتێکی دروستکرد کە لە کاتی خۆیدا جوان بێت، هەروەها وای کرد مرۆڤ هەستی ژیانی هەتاهەتایی هەبێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا کەس ناتوانێت لە بنجوبنەوانی کاری خودا تێبگات، لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی. جا زانیم کە لەوە باشتر نییە بۆ مرۆڤ کە پێی دڵخۆش بێت و چاکە بکات لە ژیانیدا. هەروەها کە هەموو مرۆڤێک بخوات و بخواتەوە و چێژ لە هەموو ماندووبوونەکەی ببینێت، ئەوە دیاری خودایە. زانیم کە هەموو ئەوەی خودا ئەنجامی دەدات بۆ هەتاهەتایە، هیچی بۆ زیاد ناکرێت و هیچیشی کەم ناکرێتەوە. خودا کردوویەتی بۆ ئەوەی خەڵک لێی بترسن. ئەوەی هەیە پێشتر هەبووە، ئەوەش کە دەبێت پێشتر بووە، خوداش لێپرسینەوە لەسەر ڕابردوو دەکات. هەروەها لەسەر زەوی بینیم: خراپەکاری لە جێی دادپەروەری، بەدکاریش لە جێگای ڕاستودروستی. جا لە دڵی خۆمدا گوتم: «کەسی ڕاستودروست و خراپەکاریش خودا دادگایی هەردووکیان دەکات، چونکە بۆ هەر چالاکییەک کاتی خۆی دەبێت، بۆ بڕیاردانیش لەسەر هەر کارێک کاتی خۆی.» من لە دڵی خۆمدا گوتم: «سەبارەت بە ئادەمیزاد، خودا تاقییان دەکاتەوە بۆ ئەوەی تێیانبگەیەنێت کە ئاژەڵ چۆنە ئەوانیش بەو شێوەیەن. بێگومان چارەنووسی مرۆڤ هەروەک چارەنووسی ئاژەڵە، چونکە مردنی ئەمیان وەک مردنی ئەویانە و یەک هەناسە بۆ هەردووکیانە، مرۆڤ هیچی لە ئاژەڵ زیاتر نییە. بێگومان هەرچی هەیە بێ واتایە. هەموو بۆ یەک شوێن دەڕۆن: هەردووکیان لە خۆڵەوە هاتن و دەشگەڕێنەوە بۆ خۆڵ. کێ دەزانێت: ئایا ڕۆحی ئادەمیزاد بەرەو سەرەوە هەڵدەکشێت یان ڕۆحی ئاژەڵ بەرەو خوارەوە بۆ زەوی دادەبەزێت؟» ئیتر بینیم لەوە باشتر نییە کە مرۆڤ بە کارەکەی دڵخۆش بێت، لەبەر ئەوەی ئەمە بەشی ئەوە، چونکە کێ دەیبینێت بۆ ئەوەی بیگێڕێتەوە کە لەدوای ئەو چی دەبێت؟