ئەمانە بەندەکانی ئەو پەیمانەن کە یەزدان فەرمانی بە موسا کرد کە لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلدا بیبەستێت، لە خاکی مۆئاب بێجگە لەو پەیمانەی لە حۆرێڤ لەگەڵی بەستن. ئینجا موسا هەموو ئیسرائیلی بانگکرد و پێی گوتن: «ئێوە بینیتان یەزدان لە خاکی میسر لەبەرچاوتان چی بە فیرعەون و هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو خاکەکەی کرد، ئەو تاقیکردنەوە مەزنانەی چاوەکانتان بینییان و نیشانە و پەرجووە مەزنەکانی. بەڵام یەزدان هەتا ئەمڕۆش دڵێکی پێنەداون بۆ ئەوەی تێبگەن و چاوێک بۆ ئەوەی ببینن و گوێیەک بۆ ئەوەی ببیستن. بەڵام یەزدان دەفەرموێت: ”چل ساڵ لە چۆڵەوانیدا ئێوەم بەڕێوە برد، جلەکانتان لەبەرتان کۆن نەبوون و پێڵاوەکانتان لە پێتان کۆن نەبوون، نە نانتان خوارد و نە شەرابتان خواردەوە و نە مەی، هەتا ئێوە بزانن کە من یەزدانی پەروەردگارتانم.“ «کاتێکیش هاتنە ئەم شوێنە سیحۆنی پاشای حەشبۆن و عۆگی پاشای باشان هاتن بۆ جەنگ لە دژی ئێمە، بەڵام ئەوانمان شکاند و دەستمان بەسەر خاکەکەیاندا گرت و بە میرات دامانە ڕەئوبێن و گاد و نیوەی هۆزی مەنەشە. «بەندەکانی ئەم پەیمانە بپارێزن و کاری پێ بکەن، هەتا لە هەموو ئەوەی دەیکەن سەرکەوتوو بن. ئێوە ئەمڕۆ هەمووتان بە سەرۆک هۆز و پیر و کوێخا و هەموو پیاوەکانی ئیسرائیل لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان وەستاون، هەروەها ژن و منداڵ و ئەو نامۆیانەی کە لەناو ئۆردگاکانتانە، لەوەی کە دارتان بۆ دەبڕێتەوە و ئاوتان بۆ لە بیر هەڵدەکێشێت، بۆ ئەوەی بچنە ناو پەیمانی یەزدانی پەروەردگارتان و سوێندەکەی کە یەزدانی پەروەردگارتان ئەمڕۆ لەگەڵتانی دەبەستێت، هەتا ئەمڕۆ بە گەلی خۆی داتانبنێت، ئەویش ببێتە خوداتان وەک پێی فەرموون و وەک سوێندی بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبی باوباپیرانتان خوارد. ئەم پەیمان و سوێندەش تەنها لەگەڵ ئێوەی نابەستم، بەڵکو لەگەڵ ئەوەی کە لێرە ئەمڕۆ لەگەڵماندا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارمان وەستاوە و ئەوەش کە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵماندا نییە. «ئێوە زانیتان چۆن لە خاکی میسر نیشتەجێ بووین و چۆن هەتا ئێرە بەناو ئەو گەلانەدا تێپەڕین. وێنە قێزەون و بتەکانی ئەوانتان بینی کە لە دار و بەرد و زێڕ و زیون. نەوەک لەنێوتاندا پیاوێک یان ئافرەتێک یان هۆزێک یان خێڵێک هەبێت کە ئەمڕۆ دڵی لەسەر یەزدانی پەروەردگارمان لاچووبێت، بۆ ئەوەی بچێت و خوداوەندەکانی ئەو نەتەوانە بپەرستێت، نەوەک لەنێوتان ڕەگێک هەبێت ژەهراوی و زەقنەبووت بگرێت. «کاتێک ئەم جۆرە کەسە گوێی لە سوێندی ئەم پەیمانە دەبێت، لە دڵیدا داوای بەرەکەت بۆ خۆی دەکات و دەڵێت: ”من سەلامەت دەبم، تەنانەت بە کەللەڕەقی خۆشم هەڵسوکەوت بکەم،“ ئەمە زەوی تەڕ و وشک لەناودەبات. یەزدان هەرگیز ڕازی نابێت لێی خۆشبێت، بەڵکو ئەو کاتە تووڕەیی و دڵگەرمی یەزدان بەسەر ئەو پیاوە هەڵدەچێت، هەموو ئەو نەفرەتانەی لەم پەڕتووکەدا نووسراون دێنە سەری، یەزدان ناوی لەژێر ئاسماندا دەسڕێتەوە. یەزدان لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل ئەو بۆ لێقەومان جیا دەکاتەوە، بەپێی هەموو نەفرەتەکانی پەیمانەکە کە لەم پەڕتووکی تەوراتەدا نووسراون. «جا دوا نەوە لە منداڵەکانتان کە لەدوای ئێوە دێن و هەروەها ئەو بیانییانەی لە خاکێکی دوورەوە دێن، ئەو گورزوەشاندن و نەخۆشییانە دەبینن کە یەزدان تووشی کردوون. هەموو زەوییەکە بە گۆگرد و خوێ دەسووتێنێت، نە دەچێنرێت و نە دەڕوێت و نە هیچ گیایەکی لێ دەردەکەوێت، وەک سەرەوژێرکردنی سەدۆم و عەمۆرا و ئەدما و چەبۆئیم کە یەزدان بە تووڕەیی و هەڵچوونی خۆی سەرەوژێری کردن. جا هەموو نەتەوەکان دەڵێن: ”بۆچی یەزدان وای بەم خاکە کرد، جۆشانی ئەم تووڕەییە بەتینە بۆچی؟“ «وەڵامەکەیان ئەمەیە: ”لەبەر ئەوەی وازیان لە پەیمانی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان هێنا، کە لەگەڵی بەستن کاتێک لە خاکی میسر دەریهێنان. چوون خوداوەندی دیکەیان پەرست و کڕنۆشیان بۆ برد، کە نە ناسیبوویان و نە خوداش پێیدابوون. لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر ئەم خاکەدا جۆشا، هەتا هەموو ئەو نەفرەتانەی لەم پەڕتووکی فێرکردنەدا نووسراون بەسەریدا هێنای. یەزدان لە خاکەکەیاندا بە تووڕەیی و زەبر و ڕقێکی زۆرەوە ڕیشەکێشی کردن و وەک ئەمڕۆ فڕێیدانە خاکێکی دیکە.“ «نهێنییەکان بۆ یەزدانی پەروەردگارمانە و ئەو شتانەی کە خودا بۆی ئاشکرا کردین بۆ ئێمە و نەوەکانمانە هەتاهەتایە، هەتا کار بە هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە بکەین.
دواوتار 29 بخوێنەوە
گوێگرتن لە دواوتار 29
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: دواوتار 1:29-29
31 Days
Daily Bible Reading is designed to facilitate consistent interaction with Scripture. It includes background information on each day’s Scripture passage and key verse for meditation, reflection questions to help you dive deeper into Scripture, a prayer and prayer concern to help you connect to God and be of spiritual support to others. Journey with us this month as we explore the theme, “God’s Word of Promise.”
Save verses, read offline, watch teaching clips, and more!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان