لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 12:26-29

کردار 12:26-29 KSS

«جارێکیان بە دەسەڵات و مۆڵەتی کاهینانی باڵا دەچوومە دیمەشق. جا ئەی پاشا، لە نیوەڕۆدا بە ڕێگاوە ڕووناکییەکم لە ئاسمانەوە بینی، درەوشاوەتر لە تیشکدانەوەی ڕۆژ، دەوروبەری من و هاوڕێیانمی ڕووناک کردەوە. هەموومان کەوتینە سەر زەوی. ئینجا گوێم لە دەنگێک بوو بە زمانی عیبری پێی فەرمووم: ”شاول، شاول، بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟ بۆت زەحمەتە لوشکە لە نەقیزەی من باوێی.“ «منیش گوتم: ”تۆ کێیت گەورەم؟“ «مەسیحی خاوەن شکۆ فەرمووی: ”من عیسام، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە. بەڵام هەستە و لەسەر پێیەکانت ڕابوەستە. لەبەر ئەوە بۆت دەرکەوتم، کە وەک خزمەتکار و شایەت هەڵتبژێرم بۆ ئەوەی بینیت و ئەوەی تێیدا بۆت دەردەکەوم. ڕزگارت دەکەم لە گەلەکەت و لەو ناجولەکانەی تۆیان بۆ دەنێرم تاکو چاویان بکەیتەوە، تاکو لە تاریکی بگەڕێنەوە بۆ ڕووناکی، لە دەسەڵاتی شەیتان بۆ خودا، ئەوسا لێخۆشبوونی گوناه وەردەگرن و لەگەڵ ئەوانەی بە باوەڕیان بە من پیرۆزکراون بەشیان دەبێت.“ «ئەی شا ئەگریپاس، لەو کاتە بەلاوە سەرپێچی بینینی ئاسمانیم نەکردووە. یەکەم جار بۆ دانیشتووانی دیمەشق، پاشان ئۆرشەلیم و هەموو ناوچەکانی یەهودیا و دواتر بە ناجولەکەکانم ڕاگەیاند، کە تۆبە بکەن و بۆ لای خودا بگەڕێنەوە و لە ڕێگەی هەڵسوکەوتیانەوە تۆبەکردنەکەیان دەربخەن. لەبەر ئەمە جولەکەکان لە حەوشەکانی پەرستگادا منیان گرت و هەوڵیان دا بمکوژن. بەڵام هەتا ئەمڕۆش خودا یارمەتی داوم، بۆیە وەستاوم و شایەتی بۆ گەورە و بچووک دەدەم. هیچ ناڵێم جگە لەوەی کە پێغەمبەران و موسا لەبارەی ئەوەی خەریکە ڕوودەدات گوتوویانە، کە مەسیحەکە ئازار بچێژێت و یەکەمی هەستانەوەی مردووان بێت و ڕووناکی بۆ گەلەکەی و نەتەوەکان ڕابگەیەنێت.» کاتێک پۆڵس بەم قسانە بەرگری لە خۆی دەکرد، فێستۆس هاواری کرد: «پۆڵس شێت بوویت! ئەوەندەت خوێندووەتەوە کە شێت بوویت.» پۆڵس گوتی: «فێستۆسی پایەبەرز، شێت نیم، بەڵام قسەی ڕاست و شیاو دەکەم. ئەم پاشایەی ئازادانە قسەی لەگەڵ دەکەم، ئەم شتانە دەزانێت، دڵنیام هیچ لەمانە لەلای شاراوە نییە، چونکە ئەم کارانە لە سووچێک نەکراون. ئەگریپاسی پاشا، باوەڕت بە پێغەمبەران هەیە؟ دەزانم باوەڕت هەیە.» ئەگریپاس بە پۆڵسی گوت: «دەتەوێت بەم کاتە کەمە قەناعەتم پێ بهێنی ببمە مەسیحی؟» پۆڵس گوتی: «کاتی کەم یان زۆر، لە خودا دەپاڕێمەوە نەک تەنها تۆ، بەڵکو هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ گوێم لێ دەگرن وەک منتان لێ بێت، بەڵام بێ ئەم زنجیرانە.»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان

پلانی خوێندنەوەی بێبەرامبەر و بابەتی پەرستشی پەیوەست بە کردار 12:26-29