لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 5:2-18

کردار 5:2-18 KSS

لەو کاتەدا جولەکەی لەخواترسی هەموو نەتەوەکانی ژێر ئاسمان لە ئۆرشەلیم مابوونەوە. کاتێک دەنگەکە هات، خەڵک کۆبوونەوە و بووە پەشێوی، چونکە هەریەکەیان گوێی لە زمانی خۆی دەبوو پێی دەدوان. حەپەسابوون و بە سەرسامییەوە گوتیان: «باشە هەموو ئەوانەی قسە دەکەن جەلیلی نین؟ ئەی چۆن هەریەکەمان گوێی لە زمانی دایکیی خۆی دەبێت؟ ئێمەی خەڵکی پەرتیا و میدیا و ئیلامی، دانیشتووانی میسۆپۆتامیا، یەهودیا و کەپەدۆکیا، پۆنتۆس و ئاسیا، فریجیا و پامفیلیا، میسر و ناوچەکانی لیبیای ڕووەو کورێن، هەروەها میوانەکانی ڕۆما، جولەکە و ئەوانەشی ببوون بە جولەکە، کریتی و عەرەب، ئەوەتا گوێمان لێیانە بە زمانی خۆمان باسی کردارە مەزنەکانی خودا دەکەن.» هەموو سەرسام و حەپەسا بوون، بە یەکتریان دەگوت: «دەبێ ئەمە واتای چی بێت؟» هەندێکی دیکە بە گاڵتە پێکردنەوە دەیانگوت: «شەرابی نوێیان زۆر خواردووەتەوە.» پەترۆس لەگەڵ یازدە نێردراوەکەی دیکەی عیسا ڕاوەستا، بە دەنگی بەرز بە خەڵکی ڕاگەیاند: «ئەی پیاوانی جولەکە و هەموو ئەوانەی لە ئۆرشەلیم دانیشتوون، با ئەمە لەلاتان زانراو بێت و گوێ لە قسەکانم بگرن، چونکە وەک بیردەکەنەوە ئەمانە سەرخۆش نین، لەبەر ئەوەی هێشتا کاتژمێر نۆی بەیانییە! بەڵکو لە ڕێگەی پێغەمبەر یۆئێلەوە گوتراوە: «﴿خودا دەفەرموێ، لە ڕۆژانی کۆتاییدا ڕۆحم بەسەر هەموو خەڵکدا دەڕێژم. کوڕان و کچانتان پەیامی خودا ڕادەگەیەنن، گەنجانتان بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت، پیرەمێردەکانتان خەون دەبینن. تەنانەت بەسەر بەندە و کەنیزەکانیشم، لەو ڕۆژانەدا ڕۆحی خۆم دەبارێنم و ئەوانیش پەیامی خودا ڕادەگەیەنن.