لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 13:13-25

کردار 13:13-25 KSS

پۆڵس و هاوڕێیانی بە دەریادا لە پافۆسەوە چوونە پەرگە لە پامفیلیا. بەڵام یۆحەنا لێیان جیا بووەوە و گەڕایەوە ئۆرشەلیم. ئەوانیش بە پەرگەدا هاتنە ئەنتاکیای پیسیدیا، شەممەش چوونە کەنیشت و دانیشتن. پاش خوێندنەوەی تەورات و پەڕتووکی پێغەمبەران، پێشەوایانی کەنیشتەکە پەیامیان نارد و پێیان گوتن: «برایان، ئەگەر شتێکتان هەیە گەلی پێ هانبدەن، بیڵێن.» پۆڵس هەستا و بە دەست ئاماژەی کرد و گوتی: «پیاوانی ئیسرائیل و ئەو ناجولەکانەی کە لە خودا دەترسن، گوێ بگرن: خودای ئەم گەلەی ئیسرائیل باوباپیرانی ئێمەی هەڵبژارد و لە کاتی ئاوارەبوونیان لە خاکی میسردا کردنی بە گەلێکی مەزن، ئینجا بە بازووێکی بەهێز لەوێ دەریهێنان. نزیکەی چل ساڵیش لە چۆڵەوانی بەرگەی ڕەفتاری ئەوانی گرت، ئینجا حەوت نەتەوەی لە خاکی کەنعان لەناوبرد و خاکەکەیانی بە میرات پێدان. ئەمە هەمووی نزیکەی چوار سەد و پەنجا ساڵی خایاند. «لەدوای ئەمە خودا دادوەری بۆ دانان هەتا سەردەمی ساموئێل پێغەمبەر. ئینجا نەوەی ئیسرائیل داوای پاشایان کرد، خوداش لە تیرەی بنیامین، شاولی کوڕی قیشی پێدان، کە بۆ ماوەی چل ساڵ پاشایەتی کردن. پاشان لایبرد و داودی کردە پاشایان، ئەوەی شایەتی بۆ دا و فەرمووی: ﴿داودی کوڕی یەسام دۆزییەوە، پیاوێکە بە دڵی خۆم، ئەوەی هەموو خواستی من جێبەجێ دەکات.﴾ «خودا بەگوێرەی بەڵێنەکەی، عیسای ڕزگارکەری لە نەوەی ئەوەوە بۆ ئیسرائیل هێنا. پێش هاتنی عیسا، یەحیا لەئاوهەڵکێشانی تۆبەی بۆ هەموو گەلی ئیسرائیل ڕاگەیاند. کاتێک یەحیا خەریک بوو ئەرکەکەی تەواو دەکرد، گوتی: ”وا دەزانن من کێم؟ ئەو نیم. ئەوەتا ئەوەی لەدوای من دێت، ئەوەی من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە.“

پلانی خوێندنەوەی بێبەرامبەر و بابەتی پەرستشی پەیوەست بە کردار 13:13-25