لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم ساموئێل 22:3-34

دووەم ساموئێل 22:3-34 KSS

لەو کاتەدا یۆئاب و پیاوانی داود لە پەلامارێک دەگەڕانەوە و دەستکەوتێکی زۆریان لەگەڵ خۆیاندا هێنابوو. بەڵام ئەبنێر لە حەبرۆن لەگەڵ داود نەبوو، چونکە بەڕێی کردبوو و بە سەلامەتی ڕۆیشتبوو. کاتێک یۆئاب و هەموو ئەو لەشکرەی لەگەڵی بوو هاتن، بە یۆئابیان ڕاگەیاند و گوتیان: «ئەبنێری کوڕی نێر هات بۆ لای پاشا و ئەویش بەڕێی کرد و بە سەلامەتی ڕۆیشت.» لەبەر ئەوە یۆئاب بۆ لای پاشا چووە ژوورەوە و گوتی: «چیت کرد؟ ئەبنێر هات بۆ لات، بۆچی بەڕێت کرد بڕوات؟ ئێستا ڕۆیشتووە! تۆ ئەبنێری کوڕی نێر دەناسیت؛ تەنها بۆ ئەوە هاتووە فریوت بدات و چاودێریی جوڵانەوەت بکات و بە هەموو کارەکانت بزانێت.» کاتێک یۆئاب داودی بەجێهێشت، چەند نێردراوێکی بەدوای ئەبنێردا نارد و لە ئەمباراوی سیرادا گەڕاندیانەوە، بەڵام داود ئاگای لەمە نەبوو. کاتێک ئەبنێر گەڕایەوە حەبرۆن، یۆئاب بۆ ئەوەی بە نهێنی قسەی لەگەڵدا بکات بردییە کەناری دەروازەکەوە و لەوێدا لە تۆڵەی خوێنی عەساهێلی برای سکی هەڵدڕی و کوشتی. پاشان داود ئەمەی بیستەوە و گوتی: «من خۆم و پاشایەتییەکەم هەتاهەتایە لای یەزدان لە خوێنی ئەبنێری کوڕی نێر بێبەرین. با لە ملی یۆئاب و هەموو ماڵی باوکی بێت! با لە ماڵی یۆئاب زامی درێژخایەن و گەڕوگولی و دارشەقە بەدەست و بە شمشێر کوژراو و برسی نان نەبڕێتەوە.» (یۆئاب و ئەبیشەی برای، ئەبنێریان کوشت، چونکە ئەو عەساهێلی برایانی لە گبعۆن لە جەنگدا کوشتبوو.) ئینجا داود بە یۆئاب و هەموو گەل و ئەوانەی لەگەڵیدا بوون، پێی گوتن: «جلەکانتان لەبەر خۆتان دابدڕن و جلوبەرگی گوش بپۆشن و لەبەردەم ئەبنێردا شیوەن بگێڕن.» داودی پاشاش لەدوای دارەمەیتەکە دەڕۆیشت. ئەبنێریان لە حەبرۆن ناشت و پاشاش بە دەنگی بەرز لەسەر گۆڕی ئەبنێر گریا. هەموو گەلیش گریان. هەروەها پاشا بۆ ئەبنێر لاواندییەوە و گوتی: «ئایا دەبێت ئەبنێر وەک چۆن گێلێک دەمرێت ئاوا بمرێت؟ دەستەکانت نەبەسترابوونەوە و پێیەکانت بە زنجیر کۆت نەکرابوون. کەوتی، هەروەک یەکێک لەبەردەم بەدکاران کەوتبێت.» جا هەموو گەل دەستیان بە گریان کردەوە بۆی.