لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم ساموئێل 1:18-18

دووەم ساموئێل 1:18-18 KSS

داود سەرژمێری ئەو پیاوانەی کرد کە لەگەڵیدا بوون، فەرماندەی هەزاران و سەدانی بەسەرەوە دانان. ئینجا داود سێیەکی سەربازەکانی بە دەستی یۆئابدا نارد، سێیەکیش بە دەستی ئەبیشەی کوڕی چەرویای برای یۆئاب، سێیەکیش بە دەستی ئیتتایی گەتی. پاشا بە سوپاکەی گوت: «هەروەها بە دڵنیاییەوە منیش لەگەڵتان دێمە دەرەوە.» بەڵام سەربازەکان گوتیان: «مەچۆ دەرەوە، چونکە ئەگەر ئێمە هەڵبێین گوێمان پێ نادەن، ئەگەر نیوەشمان لێ بمرێت هەر گوێمان پێ نادەن، بەڵام تۆ هێندەی دە هەزار کەسی لە ئێمە، ئێستاش باشترە کە تۆ بۆ یارمەتیدانمان لە شارەکە بیت.» پاشاش وەڵامی دانەوە: «ئەوەی پێتان باشە دەیکەم.» ئیتر پاشا لەلای دەروازەکەوە وەستا و هەموو پیاوان بە یەکەی سەدان و بە هەزاران چوونە دەرەوە. پاشا فەرمانی بە یۆئاب و ئەبیشەی و ئیتتای کرد و گوتی: «لەبەر من، لەگەڵ ئەو گەنجە نەرم بن، لەگەڵ ئەبشالۆم.» هەموو سەربازەکانیش گوێیان لێبوو کاتێک پاشا سەبارەت بە ئەبشالۆم فەرمانی بە سەرکردەکان کرد. سوپای داود چوونە دەرەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل لە دەشتودەر، شەڕەکەش لە دارستانی ئەفرایم ڕوویدا. لەوێ سوپای ئیسرائیل لەبەردەم خزمەتکارەکانی داود شکان، لەو ڕۆژەدا کوشتارێکی گەورە ڕوویدا، بیست هەزار پیاو کوژرا. شەڕەکە لە هەموو ناوچەکەدا بڵاو بووەوە، لەو ڕۆژەدا ئەوانەی لەناو دارستانەکەدا لەناوچوون زیاتر بوون لەوانەی بە شمشێر لەناوچوون. ئەبشالۆم بە سواری هێسترەکەیەوە بەڕێکەوت تووشی خزمەتکارەکانی داود بوو. هێسترەکە چووە ژێر لقەکانی دار بەڕووێکی گەورە و سەری ئەبشالۆم لەنێوان لقەکانی دار بەڕووەکەدا گیربوو، لەنێوان ئاسمان و زەویدا هەڵواسرا، هێسترەکەی ژێریشی ڕۆیشت. پیاوێک بینی و بە یۆئابی ڕاگەیاند: «هەر ئێستا ئەبشالۆمم بینی بە دار بەڕووەکەوە هەڵواسرابوو.» یۆئابیش بەو پیاوەی گوت کە پێی ڕاگەیاند: «هەر ئێستا بینیت؟ ئەی بۆچی لەوێ بە زەویتدا نەدا، هەتا دە شاقل زیو و پشتێنێکت بدەمێ؟» بەڵام پیاوەکە بە یۆئابی گوت: «تەنانەت ئەگەر هەزار شاقل زیویش بکێشن و بە دەستم بگات، بە هیچ جۆرێک دەستم بۆ کوڕی پاشا درێژ ناکەم، چونکە پاشا لەبەردەمی ئێمە فەرمانی بە تۆ و ئەبیشەی و ئیتتای کرد و گوتی: ”لەبەر من ئەو گەنجە، ئەبشالۆم بپارێزن و دەستی لێ مەدەن.“ ئەگەر نا ستەمم لەگەڵ خۆم دەکرد، پاشاش هیچی لێ ناشاردرێتەوە، تۆش لە دژم دەوەستایت.» یۆئابیش گوتی: «من بەم شێوەیە لەبەردەمتدا ئارام ناگرم.» جا سێ ڕمی گرت بە دەستیەوە و لە دڵی ئەبشالۆمی گرت کە هێشتا لەناو دار بەڕووەکەدا زیندوو بوو. دە خزمەتکار کە هەڵگرانی تفاقەکانی یۆئاب بوون چواردەوریان دا، لە ئەبشالۆمیان دا و کوشتیان. ئەوسا یۆئاب فووی بە کەڕەنادا کرد و ڕێگای لەسەر سەربازەکان گرت، سەربازەکانیش لە ڕاونانی ئیسرائیل گەڕانەوە. ئیتر ئەبشالۆمیان هەڵگرت و لە دارستانەکەدا فڕێیاندایە ناو چاڵێکی گەورە، بەردێکی زۆریان لەسەری کەڵەکە کرد. هەموو ئیسرائیلیش هەریەکە و بۆ شوێنی خۆی هەڵات. پێشتر ئەبشالۆم کە هێشتا زیندوو بوو، ئەو کۆڵەکەیەی کە لە دۆڵی پاشادا بوو بردبووی و بۆ خۆی دایمەزراندبوو، چونکە گوتبووی: «کوڕێکم نییە بۆ یادکردنەوەی ناوەکەم.» کۆڵەکەکەشی بە ناوی خۆیەوە ناو نا، هەتا ئەمڕۆش پێ دەگوترێت «یادەوەری ئەبشالۆم».

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان