لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم پوختەی مێژوو 4:6-16

دووەم پوختەی مێژوو 4:6-16 KSS

ئینجا گوتی: «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەوەی بە دەمی خۆی بەڵێنی بە داودی باوکم دا و بە دەستی خۆی بەجێی هێنا، هەروەک فەرمووی: ”لەو ڕۆژەوەی ئیسرائیلی گەلی خۆمم لە میسرەوە هێناوەتە دەرەوە، هیچ شارێکم لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هەڵنەبژاردووە بۆ ئەوەی پەرستگایەک بنیاد بنێن هەتا ناوەکەم لەوێ بێت و هیچ کەسێکیشم هەڵنەبژاردووە ببێتە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلی من، بەڵکو ئۆرشەلیمم هەڵبژاردووە هەتا ناوەکەم لەوێ بێت و داودم هەڵبژاردووە تاکو فەرمانڕەوایەتی ئیسرائیلی گەلی من بکات.“ «لە دڵی داودی باوکیشمدا بوو پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد بنێت. بەڵام یەزدان بە داودی باوکمی فەرموو: ”بێگومان باشت کرد کە لە دڵی خۆتدا نیازت هەبووە پەرستگایەک بۆ ناوەکەم بنیاد بنێیت. لەگەڵ ئەوەشدا تۆ پەرستگاکە بنیاد نانێیت، بەڵکو کوڕەکەت ئەوەی لە خوێنی خۆتە، ئەو پەرستگاکە بۆ ناوی من بنیاد دەنێت.“ «یەزدان بەڵێنی خۆی بردەسەر، ئەوەی کە فەرمووی. منیش شوێنی داودی باوکمم گرتەوە و لەسەر تەختی ئیسرائیل دانیشتم، هەروەک یەزدان فەرمووی. پەرستگاکەشم بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد نا. لەوێشدا سندوقەکەم دانا، ئەوەی ئەو پەیمانەی یەزدانی تێیدایە کە لەگەڵ ئیسرائیلدا بەستی.» ئینجا سلێمان لەبەردەم قوربانگای یەزدان بەرامبەر بە هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل ڕاوەستا و دەستی بەرز کردەوە. سلێمان سەکۆیەکی لە بڕۆنز دروستکردبوو و لە ناوەڕاستی حەوشەکەدا داینابوو، درێژییەکەی پێنج باڵ و پانییەکەشی پێنج باڵ بوو، بەرزییەکەشی سێ باڵ، جا لەسەری ڕاوەستا بەرامبەر بە هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل چۆکی دادا و دەستی بۆ ئاسمان بەرز کردەوە و گوتی: «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، هیچ خودایەک لە ئاسمان و لەسەر زەوی لە وێنەی تۆ نییە، پەیمانی خۆشەویستییەکەت بۆ خزمەتکارەکانت دەبەیتەسەر، ئەوانەی لەبەردەمی تۆ بە دڵسۆزییەوە ڕەفتار دەکەن. تۆ بەڵێنی خۆتت بۆ بەندەکەت، بۆ داودی باوکم هێنایە دی. ئەوەی بە دەمت بەڵێنت پێدا، ئەمڕۆ بە دەستی خۆتت هێنایە دی. «ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەو بەڵێنەی کە تۆ بە بەندەکەی خۆت، بە داودی باوکی منت دا، بۆی بهێنە دی، کە فەرمووت: ”پیاو لە تۆ نابڕێت لەبەردەمم بۆ دانیشتن لەسەر تەختی ئیسرائیل، تەنها ئەگەر کوڕانت ئاگاداری ئەوە بن کە بەگوێرەی فێرکردنەکەم لەبەردەمم ڕەفتار بکەن، هەروەک چۆن تۆ ڕەفتارت کرد.“

وەڵامەکان بۆ فەرمی نووسینەوەی سۆرانی کوردی؟؟؟ ویدیو بۆ دووەم پوختەی مێژوو 6:4-16 شێوەکاری؟؟؟

پلانی خوێندنەوەی بێبەرامبەر و بابەتی پەرستشی پەیوەست بە دووەم پوختەی مێژوو 4:6-16