لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم ساموئێل 22:15-35

یەکەم ساموئێل 22:15-35 KSS

بەڵام ساموئێل گوتی: «ئایا یەزدان دڵخۆشە بە قوربانی سووتاندن و سەربڕدراوەکان یان بە گوێڕایەڵبوون بۆ فەرمایشتی یەزدان؟ گوێڕایەڵی لە سەربڕین باشترە، سەرنجدانیش لە چەوری بەرانەکان. یاخیبوون وەک گوناهی فاڵگرتنەوەیە، کەللەڕەقی تاوان و بتپەرستییە. لەبەر ئەوەی فەرمایشتی یەزدانت ڕەتکردەوە، ئەویش لە پاشایەتی ڕەتی کردوویتەوە.» ئینجا شاول بە ساموئێلی گوت: «گوناهم کرد. سەرپێچی فەرمانی یەزدان و قسەی تۆم کرد، چونکە لە گەل ترسام و بە قسەی ئەوانم کرد. ئێستاش تکایە لە گوناهم خۆشبە و لەگەڵمدا بگەڕێوە، بۆ ئەوەی کڕنۆش بۆ یەزدان ببەم.» بەڵام ساموئێل بە شاولی گوت: «لەگەڵتدا ناگەڕێمەوە، چونکە فەرمایشتی یەزدانت ڕەتکردەوە، یەزدانیش وەک پاشای ئیسرائیل ڕەتی کردوویتەوە.» کاتێک ساموئێل ئاوڕی دایەوە بۆ ئەوەی بڕوات، شاول دامێنی کەواکەی گرت و دڕا. ساموئێلیش پێی گوت: «یەزدان ئەمڕۆ پاشایەتی ئیسرائیلی لێت دابڕی و دای بە نزیکەکەت کە لە تۆ باشترە. هەروەها شکۆی ئیسرائیل درۆ ناکات و بڕیاری ناگۆڕێت، چونکە ئەو مرۆڤ نییە تاکو بڕیاری بگۆڕێت.» شاولیش گوتی: «ئێستا گوناهم کردووە، تکایە لەبەردەم پیرانی گەلەکەم و لەبەردەم ئیسرائیلدا ڕێزم لێبنێ، لەگەڵمدا بگەڕێوە تاکو کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت ببەم.» ئینجا ساموئێل بەدوای شاولدا گەڕایەوە، شاول کڕنۆشی بۆ یەزدان برد. پاشان ساموئێل گوتی: «ئەگاگی پاشای عەمالێقم بۆ بهێننە ئێرە.» ئەگاگیش بە متمانەوە چوو بۆ لای و گوتی: «بێگومان تاڵی مەرگ ڕەوییەوە.» بەڵام ساموئێل گوتی: «وەک چۆن شمشێرەکەت ژنانی وەجاخکوێر کرد، ئاواش دایکت وەجاخکوێر دەبێت.» ئینجا ساموئێل لە گلگال لەبەردەم یەزدان ئەگاگی پارچەپارچە کرد. پاشان ساموئێل چوو بۆ ڕامە و شاولیش سەرکەوت بۆ ماڵەکەی لە گیڤعای شاولدا. ئیتر ساموئێل هەتا ڕۆژی مردنی نەگەڕایەوە بۆ بینینی شاول، هەرچەندە شیوەنیشی بۆ دەگێڕا. یەزدانیش خەفەتبار بوو کە شاولی کردە پاشای ئیسرائیل.