لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم پاشایان 13:2-27

یەکەم پاشایان 13:2-27 KSS

پاشان ئەدۆنیای کوڕی حەگیس چوو بۆ لای بەتشەبەعی دایکی سلێمان و ئەویش لێی پرسی: «ئایا بۆ ئاشتی هاتوویت؟» وەڵامی دایەوە: «بۆ ئاشتی.» پاشان پێی گوت: «قسەیەکم لەگەڵت هەیە.» ئەویش گوتی: «فەرموو.» ئینجا گوتی: «تۆ دەزانیت پاشایەتییەکە هی من بوو، هەموو ئیسرائیل ڕوویان لە من کرد هەتا ببمە پاشا، بەڵام پاشایەتییەکە گواسترایەوە و بووە هی براکەم، چونکە لەلایەن یەزدانەوە بووە هی ئەو. ئێستاش یەک داواکاریم لێت هەیە، ڕەتی مەکەرەوە.» ئەویش پێی گوت: «فەرموو.» گوتی: «بە سلێمانی پاشا بڵێ، چونکە ئەو قسەی تۆ ڕەت ناکاتەوە، با ئەبیشەگی شونێمیم پێبدات ببێتە ژنم.» بەتشەبەعیش گوتی: «باشە، من دەربارەی تۆ قسە لەگەڵ پاشا دەکەم.» ئینجا بەتشەبەع چووە ژوورەوە بۆ لای سلێمانی پاشا بۆ ئەوەی دەربارەی ئەدۆنیا قسەی لەگەڵ بکات. پاشا بۆ پێشوازیکردنی هەستا، کڕنۆشی بۆ برد و لەسەر تەختەکەی دانیشتەوە، تەختێکیشی بۆ شاژنی دایک دانا، ئەویش لەلای ڕاستیەوە دانیشت. گوتی: «داواکارییەکی بچکۆلەم لێت هەیە و قسەکەم ڕەت مەکەرەوە.» پاشاش پێی گوت: «دایکە، داوا بکە، چونکە من قسەی تۆ ڕەت ناکەمەوە.» ئەویش گوتی: «ئەبیشەگی شونێمی بدە ئەدۆنیای برات، هەتا ببێتە ژنی.» سلێمان پاشاش وەڵامی دایکی دایەوە و گوتی: «بۆچی داوای ئەبیشەگی شونێمی بۆ ئەدۆنیا دەکەیت؟ واتا داوای پاشایەتییەکەی بۆ دەکەی، چونکە ئەو برامە و لە من گەورەترە، پاشایەتییەکە بۆ ئەو و ئەبیاتاری کاهین و یۆئابی کوڕی چەرویا بێت!» ئینجا سلێمانی پاشا سوێندی بە یەزدان خوارد و گوتی: «با خودا توندترین سزام بدات، ئەگەر ئەدۆنیا بە ژیانی باجی ئەم داواکارییە نەدات! ئێستاش، بە یەزدانی زیندوو ئەوەی جێگیری کردم و لەسەر تەختی داودی باوکم داینام، ئەوەی هەروەک چۆن بەڵێنی دابوو ئاوا ماڵی بۆ دروستکردم، ئەمڕۆ ئەدۆنیا دەمرێت!» سلێمانی پاشا فەرمانی بە بەنایای کوڕی یەهۆیاداع کرد، ئەویش بەسەر ئەدۆنیایدا دا و مرد. ئینجا پاشا بە ئەبیاتاری کاهینی گوت: «بڕۆ بۆ کێڵگەکانت لە عەناتۆت، چونکە تۆ شایانی سزای مردنیت، بەڵام من ئەمڕۆ ناتکوژم، چونکە تۆ سندوقی یەزدانی باڵادەستت لەپێش داودی باوکم هەڵدەگرت، تۆ لە هەموو ماندووبوونەکانی باوکم بەشدار بوویت.» جا سلێمان ئەبیاتاری لە کاهینیێتی بۆ یەزدان دەرکرد، بۆ هێنانەدی فەرمایشتی یەزدان، ئەوەی لە شیلۆ دەربارەی بنەماڵەی عێلی گوتبووی.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان

پلانی خوێندنەوەی بێبەرامبەر و بابەتی پەرستشی پەیوەست بە یەکەم پاشایان 13:2-27