لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم کۆرنسۆس 1:2-12

یەکەم کۆرنسۆس 1:2-12 KSS

ئەی خوشک و برایان، منیش کاتێک هاتمە لاتان، بە قسەی گەورە یان دانایی نەهاتم شایەتی خودا ڕابگەیەنم، چونکە بڕیارم دا لەنێوتاندا هەموو شتێک لەبیر بکەم، بێجگە لە عیسای مەسیح، ئەویش بە لە خاچ دراوی. منیش بە لاوازی و ترس و لەرزێکی زۆرەوە لەلاتان بووم. کاتێک مزگێنی و وتارم پێدەدان، قسەی داناییانە و قایلکەرم بەکارنەدەهێنا، بەڵکو پشتم بە بەڵگەی هێزی ڕۆحی پیرۆز دەبەست، تاکو باوەڕتان بە دانایی مرۆڤ نەبێت، بەڵکو باوەڕتان بە هێزی خودا هەبێت. ئێمە لەنێو پێگەیشتوواندا بە دانایی دەدوێین، داناییەک کە نە لەم دنیایەوەیە و نە لە دەسەڵاتدارانی ئەم دنیایە، کە لەناودەچن. بەڵکو باسی دانایی خودا دەکەین کە نهێنییە، شاراوە بوو، ئەوەی خودا لە ئەزەلەوە بۆ شکۆی ئێمەی داناوە. هیچ کام لە دەسەڵاتدارانی ئەم دنیایە تێنەگەیشتن، چونکە ئەگەر تێبگەیشتنایە، مەسیحی خاوەن شکۆیان لە خاچ نەدەدا. بەڵکو وەک نووسراوە: ﴿ئەوەی هیچ چاوێک نەیبینیوە، هیچ گوێیەک نەیبیستووە و بە بیری هیچ مرۆڤێکدا نەهاتووە، ئەوەی خودا ئامادەی کردووە بۆ ئەوانەی خۆشیان دەوێت.﴾ بەڵام خودا بەهۆی ڕۆحی خۆی بۆی ئاشکرا کردین. ڕۆحی پیرۆز لە هەموو شتێک دەکۆڵێتەوە، تەنانەت لە قووڵایی ناخی خوداش دەکۆڵێتەوە. چ مرۆڤێک دەزانێت ناخی مرۆڤ چی تێدایە، جگە لە ڕۆحی مرۆڤ کە لەناویدایە؟ بەم شێوەیە کەس نازانێت ناخی خودا چی تێدایە ڕۆحی خودا نەبێت. ئێمەش ڕۆحی جیهانمان وەرنەگرتووە، بەڵکو ئەو ڕۆحەی لە خوداوەیە، تاکو لەو شتانە تێبگەین کە خودا بەخۆڕایی پێی بەخشیوین.