لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم پوختەی مێژوو 10:22-19

یەکەم پوختەی مێژوو 10:22-19 KSS

ئەو ماڵێک بۆ ناوەکەم بنیاد دەنێت، من دەبمە باوکی ئەو و ئەویش دەبێتە کوڕی من، تەختی پاشایەتییەکەشی هەتاهەتایە لەسەر ئیسرائیل جێگیر دەکەم.“ «کوڕی خۆم، ئێستاش یەزدانت لەگەڵدا بێت و سەرکەوتوو بیت و ماڵەکەی یەزدانی پەروەردگارت بنیاد بنێیت بەو شێوەیەی سەبارەت بە تۆ فەرمووی. کاتێک فەرمانڕەوایەتی ئیسرائیل دەکەیت یەزدان دانایی و تێگەیشتنت بداتێ بۆ ئەوەی فێرکردنەکانی یەزدانی پەروەردگارت پەیڕەو بکەیت. ئەگەر ئاگاداربیت لەوەی ئەو فەرز و حوکمانە بەجێبهێنیت کە یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمانی بە گەلی ئیسرائیل کرد، ئەو کاتە سەرکەوتوو دەبیت. ئیتر بەهێزبە و ئازابە، مەترسە و ورە بەرمەدە. «من ناخۆشی زۆرم چێژتووە بۆ دابینکردنی ئەمانە بۆ پەرستگای یەزدان، سەد هەزار تالنت زێڕ و ملیۆنێک تالنت زیو، بڕۆنز و ئاسنێکی زۆری لە کێش نەهاتووش، دار و بەردیشم ئامادە کردووە. تۆش دەتوانیت زیاتریان بکەیت. کرێکارێکی زۆرت لەلایە، لە نەقاڕ و بەنا و دارتاش و کەسانی شارەزا لە هەموو کار و پیشەیەک لەسەر زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن، وەستاکان لە ژمارە نایەن. ئیتر هەستە و دەستبەکار بە و یەزدانت لەگەڵ بێت.» پاشان داود فەرمانی بە هەموو سەرکردەکانی ئیسرائیل کرد هاریکاری سلێمانی کوڕی بکەن: «ئایا یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتان نییە؟ ئایا لە هەموو لایەکەوە نەیحەساندوونەتەوە؟ دانیشتووی خاکەکەی داوەتە دەستم و خاکەکەی ژێردەستەی یەزدان و گەلەکەی کردووە. ئێستاش بە هەموو دڵ و گیانتانەوە ڕووتان لە یەزدانی پەروەردگارتان بکەن. هەستن و پیرۆزگای یەزدانی پەروەردگار بنیاد بنێن، بۆ ئەوەی سندوقی پەیمانی یەزدان و قاپوقاچاغی پیرۆزگای خودا بهێنرێتە ناو ئەو پەرستگایەی کە بۆ ناوی یەزدان بنیاد دەنرێت.»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان