لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ڕۆما 1:10-21

ڕۆما 1:10-21 PNTZS

برایان، دڵخۆشیم و پاڕانه‌وه‌م له‌ خودا له‌ پێناوی ڕزگاری نه‌وه‌ی ئیسڕائیله‌. چونكه‌ گه‌واهییان بۆ ده‌ده‌م دڵگه‌رمیان بۆ خودا هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ زانیارییه‌وه‌ نییه‌. چونكه‌ بێتاوانكردنیان له‌ خوداوه‌ نه‌زانی، هه‌وڵیان دا بێتاوانكردنی خۆیان جێگیر بن، ملكه‌چی بێتاوانكردنی خودا نه‌بوون. چونكه‌ مه‌سیح ده‌رئه‌نجامی ته‌وراته‌، تاكو بێتاوانی بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ بێت كه‌ باوه‌ڕ ده‌هێنن. چونكه‌ مووشێ ده‌رباه‌ری ئه‌و خوداناسییه‌ی به‌ ته‌وراته‌ ده‌نووسێت: {ئه‌گه‌ر مرۆڤ بیانكات، پێیان ده‌ژیێت} . به‌ڵام ده‌رباه‌ری ئه‌و بێتاوانیه‌ی كه‌ به‌ باوه‌ڕه‌ ئاوا ده‌فه‌رمووێ: {له‌ دڵتدا مه‌ڵێ: كێ سه‌رده‌كه‌وێته‌ ئاسمان؟} واتا مه‌سیح بهێنێته‌ خواره‌وه‌، {یان كێ داده‌به‌زێته‌ نێو دۆڵی بێبن؟} واتا مه‌سیح له‌نێو مردووان سه‌ربخات. به‌ڵام چی ده‌فه‌رمووێ؟ {وشه‌كه‌ لێت نزیكه‌، له‌سه‌ر زارته‌ و له‌ دڵتدایه‌} واته‌ وشه‌ی باوه‌ڕه‌ كه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نین. چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌ زارت دانت به‌ ئیشۆعی په‌روه‌ردگار نا و به‌ دڵ باوه‌ڕت هێنا كه‌ خودا له‌نێو مردوواندا هه‌ستاندیه‌وه‌، ڕزگار ده‌بیت. چونكه‌ دڵ باوه‌ڕی پێ ده‌هێنت بۆ بێتاوانبوون، زاریش دانی پێ ده‌نێت بۆ ڕزگاری. چونكه‌ سیپاره‌كه‌ ده‌فه‌رمووێ: {هه‌ر كه‌سێک باوه‌ڕی پێ بهێنێت، شه‌رمه‌زار نابێت} . چونكه‌ جیاوازی له‌نێوان جوو و یۆنانی نییه‌، چونكه‌ هه‌مان په‌روه‌ردگاره‌ بۆ هه‌مووان، ده‌وڵه‌مه‌نده‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی لێی ده‌پاڕێنه‌وه‌. چونكه‌ {هه‌ر كه‌سێک به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بپاڕێته‌وه‌ ڕزگاری ده‌بێت} . ئیتر چۆن له‌ یه‌كێک ده‌پاڕێنه‌وه‌ كه‌ باوه‌ڕیان پێی نه‌هێنابێت؟ چۆن باوه‌ڕ به‌ یه‌كێک ده‌هێنن ئه‌گه‌ر نه‌یانبیستبێت؟ چۆنیش بێ بانگه‌وازده‌ر ده‌بیستن؟ هه‌روه‌ها چۆن بانگه‌واز ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر نه‌نێردرابن؟ وه‌ک نووسراوه‌: {چه‌ند جوانه‌ پێیه‌كانی موژده‌ده‌رانی ئاشتی، موژده‌ده‌رانی چاكه‌!} به‌ڵام هه‌موو نه‌وه‌ی ئیسڕائیل گوێڕایه‌ڵی ئینجیل نه‌بوون، چونكه‌ ئێشه‌عیا ده‌ڵێت: {ئه‌ی په‌روه‌ردگار، كێ بڕوای به‌ په‌یامه‌كه‌مان كرد؟} كه‌واته‌ باوه‌ڕ به‌ بیستنه‌، بیستنیش به‌ وشه‌ی مه‌سیحه‌. به‌ڵام ده‌ڵێم: ئایا گوێیان لێ نه‌بوو؟ به‌ڵێ! {ده‌نگیان به‌ هه‌موو زه‌وی گه‌یشت و وته‌كانیان به‌وپه‌ڕی جیهان} . به‌ڵام ده‌ڵێم: ئایا ئیسڕائیل نه‌یزانی؟ یه‌كه‌مجار مووشێ ده‌ڵێت: {من ئیره‌ییتان هه‌ڵده‌ستێنم به‌وانه‌ی نه‌ته‌وه‌ نین، به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی گێل توڕه‌تان ده‌كه‌م} . ئینجا ئێشه‌عیا بوێرانه‌ ده‌ڵێت: {دۆزرامه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی به‌دوامدا نه‌گه‌ڕان، ده‌ركه‌وتم بۆ ئه‌وانه‌ی پرسی منیان نه‌كرد} . به‌ڵام ده‌رباره‌ی ئیسڕائیل ده‌ڵێت: {به‌ درێژایی ڕۆژ ده‌ستم بۆ گه‌لێكی یاخی و به‌رهه‌ڵستكار ڕاگرت} .

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان