لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌رقوس 1:14-31

مه‌رقوس 1:14-31 PNTZS

جه‌ژنی په‌سخه‌ و ڕۆژانی فه‌تیره‌ دوو ڕۆژی مابوو، كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ده‌گه‌ڕان به‌ فێڵێک چۆن بیگرن و بیكوژن، به‌ڵام وتیان: نه‌ک له‌ جه‌ژندا، نه‌وه‌ک ئاژاوه‌ بكه‌وێته‌ نێو گه‌ل. له‌ بتعه‌نیا، له‌ ماڵی شیمعونی گول له‌سه‌ر خوان بوو، ژنێک هات بوتڵێكی بۆنی ناردینی ساده‌ی گرانبه‌های پێبوو، بوتڵه‌كه‌ی شكاند و به‌سه‌ریدا ڕژاند. هه‌ندێک زویر بوون و به‌ یه‌كتریان وت: “بۆچی بۆنه‌كه‌ ئاوا به‌ فیڕۆ درا؟ ده‌توانرا ئه‌م بۆنه‌ به‌ زیاتر له‌ سێ سه‌د دینار بفرۆشرایه‌ و بدرایه‌ هه‌ژاران”. جا سه‌رزه‌نشتی ژنه‌كه‌یان كرد. به‌ڵام ئیشۆع فه‌رمووی: “لێیگه‌ڕێن. بۆ بێزاری ده‌كه‌ن؟ كارێكی چاكی بۆ من كرد!. چونكه‌ هه‌ژاران هه‌میشه‌ له‌لاتانن، كه‌ی ویستتان ده‌توانن چاكه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، به‌ڵام من هه‌میشه‌ له‌لاتان نیم. ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی هات كردی، پێشوه‌خت له‌شمی بۆ كفنكردن چه‌وركرد. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: له‌ هه‌موو جیهاندا له‌ هه‌ر كوێ ئه‌م ئینجیله‌ ڕابگه‌یێندرێت، باسی ئه‌وه‌ش ده‌كرێت كه‌ ئه‌م ژنه‌ كردوویه‌تی، بۆ یادكردنه‌وه‌ی”. ئینجا ئیهوودای ئه‌سخه‌ریوتی یه‌كێک بوو له‌ دوازده‌كه‌، چووه‌ لای كاهینانی باڵا تاكو ئیشۆعیان ڕاده‌ست بكات. كاتێ گوێیان لێبوو، دڵخۆش بوون و به‌ڵێنیان پێیدا زیوی بده‌نێ. جا له‌ هه‌لێک ده‌گه‌ڕا تاكو ڕاده‌ستی بكات. له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی جه‌ژنی فه‌تیره‌دا، كه‌ قوربانیی په‌سخه‌یان ده‌كرد، قوتابییه‌كانی پێیان وت: “ده‌ته‌وێ بچینه‌ كوێ ئاماده‌كاری بكه‌ین، تاكو په‌سخه‌ بخۆیت؟” ئه‌ویش دووان له‌ قوتابییه‌كانی نارد، پێی فه‌رموون: “بڕۆنه‌ نێو شار، كابرایه‌ک تووشتان ده‌بێت گۆزه‌یه‌ک ئاوی هه‌ڵگرتووه‌، دوای بكه‌ون. له‌كوێ چووه‌ ژووره‌وه‌، به‌ خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ بڵێن: ڕابی ده‌ڵێ: كوا ژووره‌كه‌ تاكو له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانم په‌سخه‌ی تێدا بخۆم؟ ئه‌ویش له‌ نهۆمی سه‌ره‌وه‌ ژوورێكی گه‌وره‌تان پیشان ده‌دات، ڕاخراوه‌ و ئاماده‌ كراوه‌، له‌وێ بۆمانی ئاماده‌ بكه‌ن”. قوتابییه‌كان ده‌رچوون و هاتنه‌ شار، وه‌ک پێی فه‌رمووبوون بینییان و په‌سخه‌یان ئاماده‌ كرد. كه‌ ئێواره‌ داهات، له‌گه‌ڵ دوازده‌كه‌ هات. پاڵیاندابووه‌وه‌ نانیان ده‌خوارد، ئیشۆع فه‌رمووی: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم، یه‌كێكتان وا له‌گه‌ڵم ده‌خوات، ڕاده‌ستم ده‌كات!” خه‌م دایگرتن و یه‌ک یه‌ک وتیان: “خۆ من نیم؟”، “خۆ من نیم؟” پێی فه‌رموون: “یه‌كێكه‌ له‌ دوازده‌كه‌، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵم ده‌ستی له‌نێو قاپه‌كه‌دایه‌. ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێت وه‌كو نووسراوه‌ بڕوات، به‌ڵام وه‌ی به‌حاڵی ئه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ست ده‌كات! باشتر بوو بۆ ئه‌و پیاوه‌ هه‌ر له‌دایک نه‌بووایه!”. كاتێ نانیان ده‌خوارد، ئیشۆع نانێكی هه‌ڵگرت و داڕشتیكرد و له‌تیكرد، پێیدان و فه‌رمووی: “بگرن بخۆن، ئه‌مه‌ له‌شی منه‌”. ئینجا جامێكی هه‌ڵگرت و سوپاسی كرد و پێیدان، هه‌موو لێیان خوارده‌وه‌. پێی فه‌رموون: “ئه‌مه‌ خوێنی منه‌ كه‌ بۆ په‌یمانی نوێی، له‌پێناوی زۆر كه‌س ده‌ڕژێت. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئیتر له‌ به‌رهه‌می مێو ناخۆمه‌وه‌ تاكو ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌ پاشایه‌تیی خودا به‌ نوێی ده‌یخۆمه‌وه‌”. ئینجا ستایشیان كرد و بۆ كێوی زه‌یتوون ده‌رچوون. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئه‌مشه‌و هه‌مووتان گومانم لێ ده‌كه‌ن، چونكه‌ نووسراوه‌: {له‌ شوانه‌كه‌ ده‌ده‌م، كاوڕه‌كان په‌رت ده‌بن} . به‌ڵام دوای هه‌ستانه‌وه‌م، پێشتان ده‌كه‌وم بۆ گلیلا”. په‌تڕۆس پێی وت: “ئه‌گه‌ر هه‌موو گومان بكه‌ن، من گومان ناكه‌م!”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم: تۆ ئه‌مڕۆ، هه‌ر ئه‌مشه‌و، پێش ئه‌وه‌ی دوو جار كه‌ڵه‌شێر بقوولێنێت، سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت”. به‌ڵام زیاتر پێی داگرت و وتی: “ئه‌گه‌ر ناچار بم له‌گه‌ڵیشت بمرم، نكۆڵیت لێ ناكه‌م!”. هه‌مووشیان وایان وت.

پلانی خوێندنەوەی بێبەرامبەر و بابەتی پەرستشی پەیوەست بە مه‌رقوس 1:14-31