لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی 37:26-59

مه‌تته‌ی 37:26-59 PNTZS

په‌تڕۆس و دوو كوڕه‌كه‌ی زه‌بدی برد، په‌ژاره‌ و خه‌م دایده‌گرت. پێی فه‌رموون: “زۆر دڵته‌نگم خه‌ریكه‌ بمرم، لێره‌ بمێننه‌وه‌ و بێداربن له‌گه‌ڵم”. كه‌مێک چووه‌ پێش و به‌ ڕوودا چووه‌ سه‌ر زه‌وی، نوێژی ده‌كرد و ده‌یفه‌رموو: “باوكه‌، ئه‌گه‌ر ده‌كرێت ئه‌م جامه‌م له‌سه‌ر تێپه‌ڕێت. به‌ڵام نه‌ک وه‌ک من ده‌مه‌وێت، به‌ڵكو تۆ”. ئینجا هاته‌وه‌ لای قوتابییه‌كان، بینی نووستوون، به‌ په‌تڕۆسی فه‌رموو: “وه‌ها نه‌تانتوانی كاژێرێ بێداربن له‌گه‌ڵم؟ بێداربن و نوێژ بكه‌ن، نه‌وه‌ک بچنه‌ نێو تاقیكردنه‌وه‌. چونكه‌ ڕووح چالاكه‌، به‌ڵام جه‌سته‌ لاوازه‌”. دیسان ڕۆیشته‌وه‌ نوێژی كرد و فه‌رمووی: “باوكه‌! ئه‌گه‌ر ناكرێت ئه‌م جامه‌ له‌سه‌رم تێپه‌ڕێت و هه‌ر ده‌بێت بیخۆمه‌وه‌، با خواستی تۆ بێت. ئینجا هاته‌وه‌ دیسان بینی نووستوون، چونكه‌ چاویان قورس ببوو. ئیتر وازی لێ هێنان و چوو بۆ جاری سێیه‌م نوێژی كرد و هه‌مان شتی وته‌وه‌. دوایی هاته‌ لای قوتابییه‌كانی و پێی فه‌رموون: “ئێستا بنوون و پشوو بده‌ن! ئه‌وه‌تا كاته‌كه‌ نزیک بووه‌وه‌‌ و ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ستی گوناهباران ده‌كرێت. هه‌ستن با بڕۆین! ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستم ده‌كات نزیک بووه‌وه‌!”. هێشتا ئه‌و قسه‌ی ده‌كرد، ئیهوودا هات كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دوازده‌كه‌، كۆمه‌ڵێكی زۆری له‌گه‌ڵ بوو، به‌ شمشێر و داره‌وه‌ له‌لایه‌ن كاهینانی باڵا و پیرانی گه‌له‌وه‌ نێردرابوون. ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستی كرد نیشانه‌یه‌كی پێدان و وتبووی: “ئه‌وه‌ی ماچی ده‌كه‌م ئه‌وه‌ خۆیه‌تی، بیگرن”. یه‌كسه‌ر هاته‌ لای ئیشۆع و وتی: “سڵاو گه‌وره‌م!”. ئینجا ماچی كرد. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “هاوڕێ، بۆ چی هاتوویت؟” ئینجا هاتنه‌ پێشه‌وه‌ و ئیشۆعیان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد و گرتییان. یه‌كێک له‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئیشۆعدان، ده‌ستی درێژكرد و شمشێره‌كه‌ی هه‌ڵكێشا، له‌ كۆیله‌یی كاهینی باڵای دا و گوێی بڕی. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “شمشێره‌كه‌ت بگه‌ڕێنه‌وه‌ كێلانه‌كه‌ی، چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی شمشێر هه‌ڵده‌گرن، به‌ شمشێر له‌ناوده‌چن!. وا ده‌زانیت ناتوانم ئێستا داوا له‌ باوكم بكه‌م، زیاتر له‌ دوازده‌ له‌شكر فریشته‌م بۆ بنێرێت؟ ئیتر چۆن سیپاره‌كان دێنه‌ دی، كه‌ ده‌ڵێن به‌و شێوه‌یه‌ پێویسته‌ ڕووبدات؟”. له‌و كاته‌دا ئیشۆع به‌ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ی فه‌رموو: “وه‌ک بۆ گرتنی دزێک به‌ شمشێر و داره‌وه‌ هاتوون بمبه‌ن! هه‌موو ڕۆژێک له‌ په‌رستگا له‌گه‌ڵتان دانیشتبووم خه‌ریكی فێركردن بووم، نه‌تانگرتم. به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌مووی ڕوویدا بۆ هاتنه‌دیی سیپاره‌كانی پێغه‌مبه‌ران”. ئینجا هه‌موو قوتابییه‌كان به‌جێیان هێشت و هه‌ڵاتن. ئه‌وانه‌ی ئیشۆعیان گرت، بردییانه‌ لای قه‌یاپا كاهینی باڵا، له‌وێ ته‌وراتزانه‌كان و پیران كۆببوونه‌وه‌. په‌تڕۆسیش دووربه‌دوور بۆ ماڵی كاهینی باڵا دوای كه‌وت، ئینجا چووه‌ ژووره‌وه‌ و له‌نێوان ڕاژه‌وانان دانیشت تاكو كۆتاییه‌كه‌ ببینێت. كاهینانی باڵا و هه‌موو سه‌نهه‌دریم به‌دوای گه‌واهییه‌كی درۆدا ده‌گه‌ڕان دژ به‌ ئیشۆع، تاكو به‌ كوشتنی بده‌ن.