لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی 13:16-27

مه‌تته‌ی 13:16-27 PNTZS

كه‌ ئیشۆع هاته‌ ناوچه‌ی قه‌یسه‌ڕییه‌ی پیلیپوس، له‌ قوتابییه‌كانی پرسی و فه‌رمووی: “ئایا خه‌ڵک ده‌ڵێن منی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ كێیم؟” وتیان: “هه‌ندێک ده‌ڵێن یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكاره‌، هه‌ندێک ئیلییا، هه‌ندێكیش ئێرمیا یان یه‌كێک له‌ پێغه‌مبه‌ران”. پێی فه‌رموون: “ئه‌ی ئێوه‌ ده‌ڵێن من كێم؟” شیمعون په‌تڕۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت، ڕۆڵه‌ی خودای زیندووی!”. ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “به‌خته‌وه‌ری بۆ تۆ، شیمعونی كوڕی یۆنا، چونكه‌ گۆشت و خوێن ئه‌مه‌یان بۆت ئاشكرا نه‌كرد، به‌ڵكو ئه‌و باوكه‌م كه‌ له‌ ئاسماناندایه‌. منیش پێت ده‌ڵێم، تۆ په‌تڕۆسیت و له‌سه‌ر ئه‌م به‌رده‌ وارگه‌ی خۆم بنیاد ده‌نێم و ده‌روازه‌كانی دۆزه‌خیش پێی ناوێرێت. كلیله‌كانی پاشایه‌تیی ئاسمانانت ده‌ده‌مێ، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی گرێی بده‌یت، له‌ ئاسماناندا گرێدراو ده‌بێت، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی بیكه‌یته‌وه‌، له‌ ئاسماناندا كراوه‌ ده‌بێت”. ئینجا به‌ قوتابییه‌كانی ڕاسپارد به‌ كه‌س نه‌ڵێن كه‌ ئه‌و مه‌سیحه‌كه‌یه‌. له‌و كاته‌وه‌ ئیشۆع ده‌ستیكرد به‌ ڕوونكردنه‌وه‌ بۆ قوتابییه‌كانی كه‌ ده‌بێت بۆ یروشلایم بڕوات، له‌وێ به‌ ده‌ستی پیران و كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان زۆر ئازار بچێژێت و بكوژرێت و له‌ ڕۆژی سێیه‌مدا هه‌ستێته‌وه‌. په‌تڕۆس هێنایه‌ لای خۆی‌ و لێی ڕاخوڕی و وتی: “دوور له‌تۆ په‌روه‌ردگار! ئه‌مه‌ت به‌سه‌ر نه‌یه‌ت!” ئاوڕی دایه‌وه‌ و به‌ په‌تڕۆسی فه‌رموو: “له‌به‌رچاوم لاچۆ، ئه‌ی شه‌یتان! تۆ كۆسپی له‌به‌رده‌مم، چونكه‌ بیر له‌ شته‌ خوداییه‌كان ناكه‌یته‌وه‌، به‌ڵكو شتی مرۆڤانه‌”. ئینجا ئیشۆع به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “ئه‌گه‌ر یه‌كێک ویستی دوام بكه‌وێت، با نكۆڵی له‌ خۆی بكات و خاچه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت و دوام بكه‌وێت. چونكه‌ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت خۆی ڕزگار بكات، له‌ناویده‌دات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی من خۆی له‌ناوبدات، ده‌یدۆزێته‌وه‌. چونكه‌ چی به‌كه‌ڵكی مرۆڤ دێت ئه‌گه‌ر هه‌موو جیهان بباته‌وه‌ و خۆی بدۆڕێنێت؟ یان مرۆڤ بۆ كڕینه‌وه‌ی خۆی چی ده‌دات؟ چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ به‌ شكۆی باوكییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ فریشته‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وسا پاداشتی هه‌ر كه‌سێک به‌پێی كرداری ده‌داته‌وه‌.