لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 27:22-50

لۆقا 27:22-50 PNTZS

چونكه‌ كێ گه‌وره‌یه‌، ئه‌وه‌ی پاڵی داوه‌ یان ئه‌وه‌ی ڕاژه‌ ده‌كات؟ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ پاڵی داوه‌؟ به‌ڵام من له‌نێوانتان وه‌ک ئه‌وه‌م كه‌ ڕاژه‌ ده‌كات. ئێوه‌ كه‌ له‌ تاقیكردنه‌وه‌كانمدا له‌گه‌ڵم جێگیر بوون. منیش پاشایه‌تیه‌كتان بۆ داده‌نێم، وه‌ک باوكم بۆی داناوم، تاكو له‌ پاشایه‌تیه‌كه‌مدا له‌سه‌ر خوانه‌كه‌م بخۆن و بخۆنه‌وه‌، له‌سه‌ر ته‌خته‌كان داده‌نیشن و دوازده‌ هۆزه‌كه‌ی ئیسڕائیل حوكم ده‌ده‌ن”. جا په‌روه‌ردگار فه‌رمووی: “شیمعون، شیمعون، ئه‌وه‌تا شه‌یتان داوای كردوون، تاكو وه‌ک گه‌نم له‌ بێژنگتان بدات! به‌ڵام له‌پێناوی تۆ نوێژم كرد تاكو باوه‌ڕت له‌ناونه‌چێت. تۆش كه‌ ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ برایانت جێگیر بكه‌”. ئه‌ویش پێی وت: “په‌روه‌ردگار، من ئاماده‌م له‌گه‌ڵتدا بۆ زیندان‌ و بۆ مه‌رگیش بچم!”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “په‌تڕۆس پێت ده‌ڵێم، ئه‌مڕۆ كه‌ڵه‌شێر ناقوولێنێت، تاكو تۆ سێ جار نكۆڵی نه‌كه‌یت كه‌ من ده‌ناسیت”. ئینجا پێی فه‌رموون: “كاتێ ئێوه‌م به‌بێ جزدان و توره‌گه‌ و سۆل نارد، ئایا پێویستتان به‌ هیچ بوو؟” وتیان: “نه‌خێر”. پێی فه‌رموون: “به‌ڵام ئێستا، ئه‌وه‌ی جزدانی هه‌یه‌ با بیبات، توره‌گه‌ش. ئه‌وه‌ش كه‌ نییه‌تی با جله‌كانی بفرۆشێت و شمشێرێک بكڕێت. چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم: ئه‌مه‌ی نووسراوه‌: {له‌ ڕیزی تاوانباران دانرا} . پێویسته‌ له‌ مندا بێته‌ دی، چونكه‌ شته‌كانی ده‌رباره‌ی من كاتیان هات‌”. وتیان: “په‌روه‌ردگار، ئه‌وه‌تا دوو شمشێر لێره‌یه‌”. پێی فه‌رموون: “ئیتر به‌سه‌!”. ئینجا ده‌رچوو و وه‌ک هه‌موو جارێک چووه‌ كێوی زه‌یتوون، قوتابییه‌كانیش دوای كه‌وتن. كاتێ گه‌یشته‌ شوێنه‌كه‌، پێی فه‌رموون: “نوێژ بكه‌ن نه‌وه‌ک بكه‌ونه‌ تاقیكردنه‌وه‌”. ئینجا نزیكه‌ی به‌ردهاوێژێک لێیان دووركه‌وته‌وه‌، چۆكی دادا و نوێژی ده‌كرد. فه‌رمووی: “باوكه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت ئه‌م جامه‌م له‌سه‌ر لاببه‌، به‌ڵام نه‌ک به‌ خواستی من، به‌ڵكو به‌ خواستی خۆت بێت”. فریشته‌یه‌كیش له‌ ئاسمانه‌وه‌ بۆی ده‌ركه‌وت به‌هێزی ده‌كرد. كه‌ له‌ ململانێدا بوو، به‌ پێداگرتنێكی توند نوێژی ده‌كرد، ئاره‌قه‌كه‌ی وه‌ک دڵۆپی خوێن ده‌كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وی. ئینجا له‌ نوێژه‌كه‌ هه‌ستا و هاته‌ لای قوتابییه‌كانی، بینی له‌ خه‌مان خه‌ویان لێ كه‌وتووه‌. پێی فه‌رموون: “بۆچی خه‌وتوون؟ هه‌ستن، نوێژ بكه‌ن نه‌وه‌ک بكه‌ونه‌ تاقیكردنه‌وه‌”. كاتێ قسه‌ی ده‌فه‌رموو كۆمه‌ڵێک په‌یدابوون، ئه‌وه‌ی پێی ده‌ووترا ئیهوودا و یه‌كێكه‌ له‌ دوازده‌كه‌ پێشیان كه‌وتووه‌، له‌ ئیشۆع نزیكبووه‌وه‌ تاكو ماچی بكات. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ئیهوودا، به‌ ماچێک ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ست ده‌كه‌یت؟” ئه‌وانه‌ی ده‌وروپشتی كه‌ ئه‌وه‌یان بینی خه‌ریكه‌ ڕووبدات، وتیان: “په‌روه‌ردگار، شمشێر بوه‌شێنین؟” جا یه‌كێكیان له‌ كۆیله‌ی كاهینی باڵا دا و گوێی ڕاستی بڕی.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان

پلانی خوێندنەوەی بێبەرامبەر و بابەتی پەرستشی پەیوەست بە لۆقا 27:22-50