لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 22:2-39

لۆقا 22:2-39 PNTZS

كاتێک ڕۆژانی پاكژبوونه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی ته‌وراتی مووشێ ته‌واوبوو، بردییانه‌ یروشلایم، تاكو پێشكه‌شی په‌روه‌ردگاری بكه‌ن وه‌ک له‌ ته‌وراتی په‌روه‌ردگار نووسراوه‌: {هه‌موو نێرینه‌یه‌كی نۆبه‌ره‌ ده‌بێته‌ پارسای په‌روه‌ردگار} . بۆ پێشكه‌شكردنی قوربانییه‌كیش، به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی له‌ ته‌وراتی په‌روه‌ردگار وتراوه‌: {جووتێک كوكوختی یان دوو بێچووه‌ كۆتر} . له‌ یروشلایم پیاوێک هه‌بوو ناوی شیمعون بوو، ئه‌م پیاوه‌ خوداناس و له‌خواترس بوو، چاوه‌ڕێی دڵنه‌واییكردنی ئیسڕائیل بوو، ڕووحی پارسای له‌سه‌ر بوو. به‌ ڕووحی پارسا بۆی سرووش هاتبوو كه‌ به‌ر له‌ بینینی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار مه‌رگ نابینێت. به‌هۆی ڕووحه‌كه‌وه‌ هاته‌ په‌رستگا. كاتێ دایک و باوكه‌كه‌ ئیشۆعی كوڕیان هێنا ژووره‌وه‌، تاكو به‌گوێره‌ی نه‌ریتی ته‌ورات بۆی بكه‌ن، له‌ باوه‌شی كرد و پیرۆزی خودای كرد و وتی: “ئه‌ی په‌روه‌ردگار، ئێستا به‌گوێره‌ی فه‌رمووده‌كه‌ت به‌نده‌ی خۆت به‌ ئاشتی به‌ڕێبكه‌. ئه‌وا چاوم ڕزگاریی تۆی بینی، ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م هه‌موو گه‌لان ئاماده‌ت كردووه‌، تا ئاشكراكردنی ڕووناكی بۆ نه‌ته‌وه‌كان و شكۆمه‌ندی بێت بۆ ئیسڕائیلی گه‌لی خۆت”. یۆسپ و دایكی كوڕه‌كه‌ سه‌رسام بوون له‌وه‌ی ده‌رباره‌ی وترا. شیمعون داوای داڕشتی بۆ كردن و به‌ مه‌ریه‌می دایكی وت: “ئا ئه‌مه‌ دانراوه‌ بۆ كه‌وتن و هه‌ستانه‌وه‌ی زۆر كه‌س له‌ ئیسڕائیلدا، ده‌بێته‌ په‌رجوێک دژایه‌تی ده‌كرێت، تۆش شمشێرێک ده‌روونت ده‌بڕێت. تاكو نیازی زۆر دڵان ئاشكرا بێت”. ژنه‌ پێغه‌مبه‌رێک هه‌بوو، یوخه‌ن كچی فه‌نۆئیل له‌ هۆزی ئه‌شیر. زۆر به‌ ساڵدا چووبوو، له‌ كچێنیه‌وه‌ حه‌وت ساڵ له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی ژیابوو، ئینجا بێوه‌ژن بوو تاكو هه‌شتا و چوار ساڵی. په‌رستگای به‌جێنه‌ده‌هێشت، به‌ ڕۆژوو و نزاوه‌ شه‌و و ڕۆژ له‌ په‌رستندا بوو. له‌و كاته‌دا ڕاوه‌ستا و ستایشی خوداوه‌ندی كرد، باسی ئه‌وه‌ی بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كرد كه‌ چاوه‌ڕوانی قوربانیدانی یروشلایم بوون. كه‌ هه‌موو شتێكیان به‌گوێره‌ی ته‌وراتی په‌روه‌ردگار ته‌واو كرد، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ گلیلا، بۆ ناسڕه‌تی شاره‌كه‌ی خۆیان.