لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 20:12-43

یوخه‌ننه‌ن 20:12-43 PNTZS

هه‌ندێک یۆنانی له‌نێو ئه‌وانه‌ بوون كه‌ هاتبوون له‌ جه‌ژندا كڕنۆش ببه‌ن، ئه‌مان هاتنه‌ لای پیلیپوسی خه‌ڵكی بتسه‌یده‌نی گلیلا، پێیان وت: “گه‌وره‌م، ده‌مانه‌وێت ئیشۆع ببینین”. پیلیپوسیش هات و به‌ ئه‌ندراوسی وت، ئینجا ئه‌ندراوس و فلیپۆس هاتن و به‌ ئیشۆعیان وت. به‌ڵام ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “كاتی شكۆداركردنی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ هاتووه‌. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ده‌نكه‌ گه‌نم ئه‌گه‌ر نه‌كه‌وێته‌ نێو زه‌وی و نه‌مرێت، به‌ ته‌نها ده‌مێنێته‌وه‌. به‌ڵام كه‌ مرد، ئه‌وسا به‌رهه‌می زۆر ده‌دات. ئه‌وه‌ی خۆی خۆشده‌وێت، ده‌یدۆڕێنێت. ئه‌وه‌ش كه‌ له‌م جیهانه‌دا ڕقی له‌ خۆی ده‌بێته‌وه‌، بۆ ژیانی جاویدانی هه‌ڵیده‌گرێت. ئه‌وه‌ی ڕاژه‌م ده‌كات با به‌دوام بكه‌وێت. جا له‌ هه‌ر شوێنێک بم، ڕاژه‌وانیشم له‌وێیه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێک ڕاژه‌م بكات باوک ڕێزی لێ ده‌گرێت. ئێستا دڵم شڵه‌ژاوه‌، چی بڵێم؟ باوكه‌ له‌م كاته‌ ڕزگارم بكه‌؟ به‌ڵام من بۆ ئه‌م كاته‌ هاتووم. باوكه‌، ناوت شكۆدار بكه‌!” جا ده‌نگێک له‌ ئاسمانه‌وه‌ هات: “شكۆدارم كردووه‌ و شكۆداریشی ده‌كه‌مه‌وه‌!”. كۆمه‌ڵه‌كه‌ كه‌ ڕاوه‌ستابوون و گوێیان لێبوو، وتیان: “هه‌وره‌تریشقه‌ بوو!” هه‌ندێكی دیكه‌ وتیان: “فریشته‌یه‌ک قسه‌ی له‌گه‌ڵ كرد!”. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئه‌م ده‌نگه‌ی هات بۆ من نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ ئێوه‌ بوو. ئێستا حوكمدانی ئه‌م جیهانه‌یه‌. ئێستا سه‌رۆكی ئه‌م جیهانه‌ ده‌كرێته‌ ده‌ره‌وه‌. كاتێ منیش له‌ زه‌وییه‌وه‌ به‌رز كرامه‌وه‌، ئه‌وا هه‌مووان بۆ لای خۆم ڕاده‌كێشم”. ئه‌مه‌ی فه‌رموو ئاماژه‌ی ده‌كرد به‌و مردنه‌ی كه‌ خه‌ریكه‌ ده‌مرێت. كۆمه‌ڵه‌كه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “ئێمه‌ له‌ ته‌وراتدا بیستوومانه‌ كه‌ مه‌سیح تاهه‌تایه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، ئیتر چۆن ده‌ڵێی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێت به‌رز بكرێته‌وه‌؟ ئه‌م ڕۆڵه‌ی مرۆڤه‌ كێیه‌؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ڕووناكییه‌كه‌ كاتێكی كه‌م له‌گه‌ڵتانه‌. ئینجا تا ئه‌وه‌ی ڕووناكییه‌كه‌تان هه‌یه‌ ڕێ بكه‌ن نه‌وه‌ک تاریكیتان به‌سه‌ردا بێت. ئه‌وه‌ی به‌ تاریكیدا ڕێ ده‌كات نازانێ بۆ كوێ ده‌ڕوات. تاوه‌كو ڕووناكییه‌كه‌تان هه‌یه‌ باوه‌ڕ به‌ ڕووناكییه‌كه‌ بهێنن، تاكو ببنه‌ ڕۆڵه‌ی ڕووناكییه‌كه‌”. ئیشۆع ئه‌مانه‌ی فه‌رموو، ڕۆیشت و لێیان شاردرایه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ زۆر په‌رجوی له‌به‌رده‌میان كرد، باوه‌ڕیان پێ نه‌هێنا، تاكو فه‌رمووده‌ی ئێشه‌عیا پێغه‌مبه‌ر بێته‌ دی كه‌ فه‌رمووی: {ئه‌ی په‌روه‌ردگار، كێ باوه‌ڕی به‌ په‌یامه‌كه‌مان كرد؟ بازووی په‌روه‌ردگار بۆ كێ ده‌ركه‌وت؟} بۆیه‌ نه‌یانتوانی باوه‌ڕ بهێنن، چونكه‌ ئێشه‌عیا فه‌رموویه‌تی: {چاویانی كوێر و دڵیانی ڕه‌ق كردبوو، نه‌وه‌ک به‌ چاویان ببینن و به‌ دڵیان تێبگه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ و منیش چاكیان بكه‌مه‌وه‌} . ئێشه‌عیا ئه‌مانه‌ی فه‌رموو، كاتێ شكۆی ئه‌وی بینی و باسی كرد. هه‌رچه‌نده‌ زۆر له‌ سه‌رۆكه‌كانیش باوه‌ڕیان پێی هێنا، به‌ڵام له‌به‌ر په‌ڕیشییه‌كان ڕایاننه‌ده‌گه‌یاند نه‌وه‌ک له‌ كه‌نیشت ده‌ربكرێن، چونكه‌ زیاتر حه‌زیان له‌ شكۆی خه‌ڵكی بوو نه‌ک شكۆی خودا.

پلانی خوێندنەوەی بێبەرامبەر و بابەتی پەرستشی پەیوەست بە یوخه‌ننه‌ن 20:12-43