لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار 17:9-43

كردار 17:9-43 PNTZS

خه‌نه‌نیاش ڕۆیشت و چووه‌ ماڵه‌كه‌، ده‌ستی له‌سه‌ری دانا و وتی: “كاک شاوول، ئیشۆعی په‌روه‌ردگار ناردوومی، ئه‌وه‌ی له‌و ڕێگایه‌ی پێیدا هاتی بۆت ده‌ركه‌وت تاكو ببینیت و پڕبیت له‌ ڕووحی پارسا”. ده‌ستبه‌جێ شتێكی وه‌ک توێكڵ له‌ چاوه‌كانی كه‌وته‌ خواره‌وه‌ و یه‌كسه‌ر بینی، هه‌ستا و عه‌مادكرا. چێشتی خوارد و هێزی هاته‌وه‌، شاوول چه‌ند ڕۆژێک له‌ دره‌مسوق له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كان بوو. یه‌كسه‌ر له‌ كه‌نیشته‌كاندا بانگه‌وازی مه‌سیحی كرد، كه‌ “ئه‌مه‌ ڕۆڵه‌ی خودایه‌”. هه‌موو ئه‌وانه‌ی بیستیان سه‌رسام ببوون و وتیان: “ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ ناوبرد كه‌ له‌ یروشلایم باسی ئه‌م ناوه‌یان ده‌كرد؟ بۆ ئه‌مه‌ش نه‌هاته‌ ئێره‌، تاكو به‌ به‌ندكراوی بۆ كاهینانی باڵا بیانبات!” به‌ڵام شاوول به‌هێزتر ده‌بوو، جووی دانیشتووی دره‌مسوقی سه‌رگه‌ردان ده‌كرد و ده‌ریده‌خست كه‌ “ئه‌مه‌ مه‌سیحه‌”. كاتێ ڕۆژانێكی زۆر به‌سه‌رچوو، جووه‌كان ڕاوێژیان كرد تا بیكوژن، شاوولیش به‌ پیلانه‌كه‌یانی زانی. شه‌و و ڕۆژ چاودێری ده‌روازه‌كانیان ده‌كرد تاكو بیكوژن. جا قوتابییه‌كان به‌ شه‌و بردییان و له‌نێو سه‌به‌ته‌یه‌ک له‌ شووره‌كه‌وه‌ شۆڕیان كرده‌وه‌. كاتێ شاوول هاته‌ یروشلایم، هه‌وڵی دا بچێته‌ پاڵ قوتابییه‌كان، هه‌مووان لێی ده‌ترسان و باوه‌ڕیان نه‌ده‌كرد كه‌ قوتابییه‌. جا به‌رنڤا بردی و هێنایه‌ لای په‌یامبه‌ران، بۆی گێڕانه‌وه‌ چۆن له‌ ڕێگادا په‌روه‌ردگاری بینیوه‌ و قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردووه‌، هه‌روه‌ها چۆن له‌ دره‌مسوق به‌ئاشكرا باسی ناوی ئیشۆعی كردووه‌. ئیتر له‌گه‌ڵیان له‌ یروشلایم ده‌هات و ده‌چوو، به‌ئاشكرا باسی ناوی ئیشۆعی په‌روه‌ردگاری ده‌كرد. هه‌روه‌ها قسه‌ و گفتوگۆی له‌گه‌ڵ جووه‌ یۆنانییه‌كان ده‌كرد، ئه‌وانیش هه‌وڵیان دا بیكوژن. كاتێ برایان به‌مه‌یان زانی بردییانه‌ قه‌یسه‌ڕییه‌ و بۆ ته‌رسوسیان نارد. وارگه‌كانی هه‌موو ئیهوود و گلیلا و شمرن ئاشتییان هه‌بوو، بنیاد ده‌نرا و به‌ ترسی په‌روه‌ردگار ده‌ڕۆیشت، به‌ دڵنه‌وایی ڕووحی پارساش له‌ زیادبووندا بوو. ئه‌وه‌بوو كه‌ په‌تڕۆس به‌ هه‌موو ناوچه‌كاندا تێده‌په‌ڕی، بۆ لای پارساكانی لۆد دابه‌زی. له‌وێ كابرایه‌كی بینی ناوی ئینیاس بوو، هه‌شت ساڵ له‌نێو جێگا كه‌وتبوو، ئیفلیج بوو. په‌تڕۆس پێی وت: “ئینیاس، ئیشۆعی مه‌سیح چاكت ده‌كاته‌وه‌. هه‌سته‌ جێگا بۆ خۆت ڕابخه‌!” یه‌كسه‌ر هه‌ستا. هه‌موو دانیشتوانی‌ لۆد‌ و شارون داده‌نیشتن بینییان، ئیتر به‌ره‌و په‌روه‌ردگار گه‌ڕانه‌وه‌. قوتابییه‌كی كچ له‌ یۆپێ هه‌بوو ناوی تابیتا بوو، واتا ئاسک، پڕبوو له‌ چاكه‌كاری و خێركردن. ئه‌وه‌بوو له‌و ڕۆژانه‌دا نه‌خۆش كه‌وت و مرد، جا شۆردیان و له‌ ژوورێكی سه‌ره‌وه‌ دایاننا. لۆدیش له‌ یۆپێ نزیک بوو، قوتابییه‌كانیش بیستیان په‌تڕۆس له‌وێیه‌، دوو پیاویان بۆ نارد و تكایان لێكرد كه‌ له‌ هاتن بۆ لایان دوانه‌كه‌وێت. په‌تڕۆسیش هه‌ستا و له‌گه‌ڵیان هات، كاتێ گه‌یشت، بردییانه‌ ژووری سه‌ره‌وه‌، هه‌موو بێوه‌ژنه‌كان له‌لای وه‌ستان، ده‌گریان و ئه‌و كراس و جلانه‌یان پیشانی ده‌دا كه‌ ئاسكه‌ كاتێ له‌گه‌ڵیان بوو كردبووی. په‌تڕۆس هه‌مووانی نارده‌ ده‌ره‌وه‌ چۆكی دادا و نوێژی كرد، ئینجا ئاوڕی دایه‌ ته‌رمه‌كه‌ و وتی: “تابیتا، هه‌سته‌!” ئه‌ویش چاوی كرده‌وه‌، كاتێ په‌تڕۆسی بینی دانیشت. ئیتر ده‌ستی بۆ ڕاكێشا و هه‌ڵیساند، ئینجا پارساكان و بێوه‌ژنانی بانگكرد و به‌ زیندوویی ڕاده‌ستی كردنه‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ هه‌موو یۆپێ زانرا و زۆریش باوه‌ڕیان به‌ په‌روه‌ردگار هێنا. ڕۆژانێكی زۆریش په‌تڕۆس له‌ یۆپێ له‌لای شیمعونی پێسته‌خۆشكه‌رێک مایه‌وه‌.

پلانی خوێندنەوەی بێبەرامبەر و بابەتی پەرستشی پەیوەست بە كردار 17:9-43