لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یه‌كه‌م قۆرنتێ 42:15-58

یه‌كه‌م قۆرنتێ 42:15-58 PNTZS

به‌م جۆره‌ش هه‌ستانه‌وه‌ی مردووانیش: له‌ له‌ناوچوون ده‌چێندرێت، له‌ له‌ناونه‌چوون هه‌ڵده‌ستێندرێته‌وه‌. له‌ سووكایه‌تی ده‌چێندرێت، له‌ شكۆمه‌ندی هه‌ڵده‌ستێندرێته‌وه‌. له‌ لاوازی ده‌چێندرێت، له‌ هێز هه‌ڵده‌ستێندرێته‌وه‌. به‌ له‌شی ئاژه‌ڵی ده‌چێندرێت، به‌ له‌شی ڕووحی هه‌ڵده‌ستێندرێته‌وه‌. له‌شی ئاژه‌ڵی هه‌یه‌ و له‌شی ڕووحیش هه‌یه‌. ئاواش نووسراوه‌: {ئاده‌م مرۆڤی یه‌كه‌مین بووه‌ گیانێكی زیندوو. به‌ڵام دوا ئاده‌م، ڕووحێكی ژیانبه‌خشه‌} . به‌ڵام ڕووحییه‌كه‌ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م نییه‌، به‌ڵكو له‌شی ئاژه‌ڵیه‌ و ئه‌وه‌ی دواتر ڕووحییه‌. مرۆڤی یه‌كه‌م له‌ گڵ زه‌وی بوو، مرۆڤی دووه‌م له‌ ئاسمانه‌وه‌یه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ گڵ بوو، ئه‌وانه‌ش له‌ گڵن. ئه‌وه‌ش له‌ ئاسمانه‌وه‌یه‌، ئاسمانییه‌كان به‌م جۆره‌ ده‌بن. وه‌ك چۆن ئه‌و وێنه‌یه‌مان وه‌رگرتووه‌ كه‌ له‌ گڵ بوو، به‌ هه‌مان شێوه‌ وێنه‌ی ئاسمانی وه‌رده‌گرین. برایان، ئه‌مه‌تان پێ ده‌ڵێم: گۆشت و خوێن ناتوانێت ببێته‌ میراتگری پاشایه‌تیی خودا، هه‌روه‌ها له‌ناوچوو نابێته‌ میراتگری له‌ناونه‌چوو. ئه‌وه‌تا نهێنییه‌كتان پێ ده‌ڵێم: هه‌موومان ناخه‌وین، به‌ڵكو هه‌موومان ده‌گۆڕێین، له‌ ساتێكدا له‌ چاوتروكانێک، له‌ دوا كه‌ڕه‌نادا. چونكه‌ كه‌ڕه‌نا ده‌نگ ده‌داته‌وه‌، مردووانی له‌ناونه‌چووش هه‌ڵده‌ستێنه‌وه‌، ئێمه‌ش ده‌گۆڕدرێین. چونكه‌ هه‌ر ده‌بێ ئه‌م له‌ناوچووه‌ له‌ناونه‌چوویی بپۆشێت وئه‌م مردووه‌ نه‌مری بپۆشێت. كاتێ له‌ناوچوو له‌ناونه‌چوویی ده‌پۆشێت و مردوو نه‌مری ده‌پۆشێت، ئه‌وسا وشه‌ی نووسراو دێته‌ دی: {مه‌رگ به‌ سه‌ركه‌وتن قووت درا} . {ئه‌ی مه‌رگ، كوا ده‌سه‌ڵاتت؟ ئه‌ی گۆڕ، كوا سه‌ركه‌وتنت؟} جا ده‌سه‌ڵاتی مه‌رگ گوناهه‌، هێزی گوناهیش ته‌وراته‌. به‌ڵام سوپاس بۆ خودا! كه‌ به‌ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان سه‌ركه‌وتنمان پێ ده‌به‌خشێت. كه‌واته‌، برایانی خۆشه‌ویستم، جێگیر بن، نه‌هه‌ژێن. هه‌میشه‌ خۆتان بۆ كاری په‌روه‌ردگار ته‌رخان بكه‌ن، بزانن ڕه‌نجتان بۆ په‌روه‌ردگار بێ سوود نییه‌.