مەتا 26
KSS
26
پیلانگێڕی بۆ کوشتنی عیسا
1کاتێک عیسا ئەم وتانەی هەموو تەواو کرد، بە قوتابییەکانی خۆی فەرموو: 2«دەزانن جەژنی پەسخە#26‏:2 جەژنێکی جولەکەیە، یادی ڕزگاربوونی گەلی ئیسرائیلە لە میسر لە نزیکەی 1400 ساڵ پ. ز. بە ڕابەرایەتی موسا. بڕوانە دەرچوون 12‏:1‏-50.‏‏ دوو ڕۆژی ماوە. کوڕی مرۆڤیش بە گرتن دەدرێت تاکو لە خاچ بدرێت.»
3ئینجا کاهینانی باڵا و پیرانی گەل لە کۆشکی سەرۆکی کاهینان کە ناوی قەیافا بوو کۆببوونەوە، 4پێکەوە تەگبیریان دەکرد، بە فێڵێک عیسا بگرن و بیکوژن. 5گوتیان: «بەڵام نەک لە جەژندا، نەوەک ئاژاوە بکەوێتە ناو خەڵک.»
ئامادەکردنی عیسا بۆ ناشتنی
6کاتێک عیسا لە گوندی بێت‌عەنیا لە ماڵی شیمۆنە گول بوو، 7ژنێک بە بوتڵێکی ئەلەباستەریی#26‏:7 لە بەردی ئەلەباستەر دروستکرابوو، ئەم جۆرە بەردە لە میسر هەیە بۆ تاشین ئاسانە و ڕەنگەکەی قاوەییە.‏ بۆنی گرانبەهاوە بۆ لای هات و بۆنەکەی بەسەریدا ڕژاند کە لەسەر خوان بوو.
8کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی، تووڕە بوون و گوتیان: «ئەم دەست بڵاوییەی بۆ چییە؟ 9دەتوانرا ئەو بۆنە بە نرخێکی گران بفرۆشرایە و بدرایە بە هەژاران.»
10عیسا زانی و پێی فەرموون: «بۆچی گرفت بۆ ژنەکە دەنێنەوە؟ شتێکی چاکی بۆ من کرد. 11هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن، بەڵام من هەمیشە لەلاتان نیم. 12کاتێک ئەو ئەم بۆنەی بەسەر لەشمدا ڕژاند، بۆ ئامادەکردنم بۆ ناشتن ئەمەی کرد. 13ڕاستیتان پێ دەڵێم: لە هەر شوێنێکی جیهاندا ئەم مزگێنییە ڕابگەیەنرێت، وەک یادکردنەوەیەک باسی ئەوەش دەکرێت کە ئەم ژنە کردوویەتی.»
ناپاکی یەهوزا
14ئینجا یەکێک لە دوازدە قوتابییەکە کە ناوی یەهوزای ئەسخەریوتی بوو، چوو بۆ لای کاهینانی باڵا، 15گوتی: «چیم دەدەنێ تاکو بیدەمە دەستتان؟» ئەوانیش سی دراوی زیویان بۆ کێشا. 16ئیتر بۆ هەلێک دەگەڕا تاکو بە گرتنی بدات.
بەستنی پەیمانی نوێ
17ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی جەژنی فەتیرە#26‏:17 ناوێکی دیکەیە بۆ جەژنی پەسخە، بە یادی ڕۆژانی ئاوارەیی لە میسر نانی فەتیرەیان خواردووە.‏، قوتابییەکان هاتنە لای عیسا و گوتیان: «دەتەوێ بچینە کوێ و ئامادەکاری بکەین، تاکو نانی پەسخە بخۆیت؟»
18فەرمووی: «بڕۆنە ناو شار، بۆ لای فڵانە کەس، پێی بڵێن: ”مامۆستا دەفەرموێ، کاتم نزیک بووەتەوە، لەگەڵ قوتابییەکانم لەلای تۆ نانی پەسخە دەخۆم.“» 19قوتابییەکانیش فەرمانی عیسایان جێبەجێ کرد و نانی پەسخەیان ئامادە کرد.
20کە ئێوارە داهات، عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە پاڵی دایەوە. 21کاتێک نانیان دەخوارد، فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: یەکێکتان بە گرتنم دەدات.»
22ئەوانیش زۆر خەمبار بوون، هەریەکە پێیان گوت: «گەورەم، ئەو کەسە منم؟»
23وەڵامی دایەوە: «ئەوەی لەگەڵم دەست دەخاتە ناو قاپەکە، ئەو بە گرتنم دەدات. 24کوڕی مرۆڤ دەبێت وەکو لەسەری نووسراوە بڕوات، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کوڕی مرۆڤ بە گرتن دەدات! باشتر بوو بۆ ئەو کەسە هەر لەدایک نەبووایە.»
25ئینجا یەهوزا، ئەوەی بە گرتنی دەدات، وەڵامی دایەوە: «ڕابی، ئەو کەسە منم؟» پێی فەرموو: «خۆت گوتت.»
شێوی مەسیح
26کاتێک نانیان دەخوارد، عیسا نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد، دایە قوتابییەکان و فەرمووی: «وەرگرن، بخۆن، ئەمە جەستەی منە.»
27ئینجا جامێکی هەڵگرت و سوپاسی خودای کرد، پێیدان و فەرمووی: «هەموو لێی بخۆنەوە، 28چونکە ئەمە خوێنی منە، خوێنی پەیمانەکەیە کە لە پێناوی خەڵکێکی زۆر بۆ گوناه بەخشین دەڕژێت. 29پێتان دەڵێم: لەمەودوا ئیتر لەم بەرهەمەی مێو ناخۆمەوە، هەتا ئەو ڕۆژە دێت کە سەر لە نوێ لە شانشینی باوکم لەگەڵتان دەیخۆمەوە.»
30ئینجا گۆرانی ڕۆحییان#26‏:30 خوێندنەوەی زەبوور لە شێوەی گۆرانی.‏ گوت و چوون بۆ دەرەوەی شار بۆ کێوی زەیتوون.
نکۆڵیکردنی پەترۆس
31ئینجا عیسا پێی فەرموون: «ئەمشەو بەهۆی ئەوەی بەسەرم دێت هەمووتان پشتم تێ دەکەن، چونکە نووسراوە:
«[لە شوانەکە دەدەم،
مەڕی مێگەلەکە پەرت دەبن.]#26‏:31 زەکەریا 13‏:7‏‏
32بەڵام دوای هەستانەوەم، پێشتان دەکەوم بۆ جەلیل.»
33پەترۆس وەڵامی دایەوە: «ئەگەر لەوەی بەسەرت بێت هەموو پشتت لێ بکەن، من قەت پشتت لێ ناکەم.»
34عیسا پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم: پێش خوێندنی کەڵەشێر، سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت.»
35پەترۆسیش پێی گوت: «تەنانەت ئەگەر پێویست بکات لەگەڵیشت بمرم، هەرگیز نکۆڵیت لێ ناکەم.» قوتابییەکانیش هەموو وایان گوت.
نوێژی عیسا لە باخی گەتسیمانی
36دوای ئەوە عیسا لەگەڵیان بۆ شوێنێک چوو پێی دەگوترا، گەتسیمانی، بە قوتابییەکانی فەرموو: «لێرە دانیشن، تاکو دەچمە ئەوێ نوێژ دەکەم.» 37پەترۆس و دوو کوڕەکەی زەبدی برد و پەژارە و دڵتەنگی دایدەگرت. 38پێی فەرموون: «زۆر دڵتەنگم خەریکە بمرم، لێرە بمێننەوە و شەوارەم لەگەڵ بگرن.»
39کەمێک چووە پێش و بە ڕوودا چووە سەر زەوی، نوێژی دەکرد و دەیفەرموو: «باوکە، ئەگەر دەکرێت ئەم جامەم لەسەر تێبپەڕێت. بەڵام نەک وەک من دەمەوێت، بەڵکو تۆ.»
40هاتەوە لای قوتابییەکان، بینی نوستوون، بە پەترۆسی فەرموو: «ئەرێ نەتانتوانی کاتژمێرێک شەوارەم لەگەڵ بگرن؟ 41شەوارە بگرن و نوێژ بکەن، نەوەک تاقی بکرێنەوە. ڕۆح چالاکە، بەڵام جەستە لاوازە.»
42دیسان چووەوە نوێژی کرد: «باوکە! ئەگەر ناکرێت ئەمە لەسەرم تێبپەڕێت و هەر دەبێت بیخۆمەوە، با خواستی تۆ بێت.»
43دیسان هاتەوە و بینی نوستوون، چونکە چاویان قورس ببوو. 44ئیتر وازی لێ هێنان و چوو بۆ جاری سێیەم نوێژی دەکرد و هەمان شتی دەگوتەوە.
45دوایی هاتە لای قوتابییەکان و پێی فەرموون: «هێشتا نوستوون و پشوو دەدەن؟ ئەوەتا کات نزیک بووەتەوە و کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست گوناهباران. 46هەستن با بڕۆین! ئەوەتا ئەوەی بە گرتنم دەدات نزیک بووەوە.»
گرتنی عیسا
47هێشتا ئەو قسەی دەکرد، ئەوە بوو یەهوزا هات کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، کۆمەڵێکی زۆری لەگەڵ بوو بە شمشێر و دارەوە لەلایەن کاهینانی باڵا و پیرانی گەلەوە نێردرابوون. 48ئەوەی بە گرتنی دەدا نیشانەیەکی پێدابوون، گوتبووی: «ئەوەی ماچی دەکەم ئەوە خۆیەتی، بیگرن.» 49دەستبەجێ هاتە لای عیسا و گوتی: «سڵاو ڕابی#26‏:49 ڕابی: وشەیەکی عیبرییە بە واتای مامۆستا دێت. ‏.» ئینجا ماچی کرد.
50عیساش پێی فەرموو: «هاوڕێ، ئەوەی بۆی هاتووی بیکە.» ئینجا هاتنە پێشەوە و عیسایان دەستبەسەر کرد و گرتییان. 51لەناکاو یەکێک لەوانەی لەگەڵ عیسادا بوو، دەستی درێژکرد و شمشێرەکەی هەڵکێشا، لە خزمەتکاری سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی بڕی.
52عیسا پێی فەرموو: «شمشێرەکەت بگەڕێنەوە شوێنی خۆی، چونکە هەموو ئەوانەی شمشێر هەڵدەگرن، بە شمشێر دەمرن. 53ئایا وا دەزانیت ناتوانم بانگی باوکم بکەم و زیاتر لە دوازدە لەشکر فریشتەم بۆ بنێرێت؟ 54بەڵام ئیتر چۆن نووسراوە پیرۆزەکان دێنە دی، کە دەڵێن بەو شێوەیە پێویستە ڕووبدات؟»
55لەو کاتەدا عیسا بە خەڵکەکەی فەرموو: «وەک بۆ گرتنی یاخیبووێک بە کوتەک و شمشێرەوە هاتوون بمگرن؟ ڕۆژانە لە حەوشەکانی پەرستگا دانیشتبووم خەریکی فێرکردن بووم، نەتانگرتم. 56بەڵام ئەمانە هەمووی ڕوویدا بۆ هاتنەدی نووسراوە پیرۆزەکانی پێغەمبەران.» ئینجا هەموو قوتابییەکان بەجێیان هێشت و ڕایانکرد.
دادگاییکردنی عیسا
57ئەوانەی عیسایان گرت، بردییانە لای قەیافای سەرۆک کاهین، لەوێ مامۆستایانی تەورات و پیران کۆببوونەوە. 58پەترۆسیش دووربەدوور بۆ حەوشەی سەرۆکی کاهینان دوای کەوت، ئینجا چووە ژوورەوە و لەنێو خزمەتکاران دانیشت تاکو دەرئەنجامەکەی ببینێت.
59کاهینانی باڵا و هەموو سەنهەدرین#26‏:59 ئەنجومەنی باڵای جولەکە.‏ بەدوای شایەتییەکی درۆدا دەگەڕان لەسەر عیسا، تاکو بە کوشتنی بدەن. 60بەڵام هیچیان نەدۆزییەوە، هەرچەندە زۆر شایەتی درۆزن هاتن. لە کۆتاییدا دووان هاتن، 61گوتیان: «ئا ئەمە گوتی: ”دەتوانم پەرستگای خودا بڕووخێنم و بە سێ ڕۆژ بنیادی بنێمەوە.“»
62جا سەرۆکی کاهینان هەستا و پێی گوت: «هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ ئەم پیاوانە شایەتی چی لەسەر تۆ دەدەن؟» 63بەڵام عیسا بێدەنگ بوو.
سەرۆکی کاهینانیش پێی گوت: «سوێندت دەدەم بە خودای زیندوو، پێمان بڵێ، ئەگەر تۆ مەسیحەکەی#26‏:63 جولەکەکان چاوەڕێی هاتنی مەسیحیان دەکرد کە کوڕی خودایە و بۆ ئازادکردنی گەلی ئیسرائیل دێتە سەر زەوی.‏، کوڕی خودا.»
64عیسا پێی فەرموو: «تۆ خۆت وا دەڵێیت. منیش پێتان دەڵێم، لە ئێستاوە کوڕی مرۆڤ دەبینن لە دەستە ڕاستی توانادار دادەنیشێت و لەسەر هەوری ئاسماندا دێتەوە.#26‏:64 زەبوورەکان 110‏:1 و دانیال 7‏:13‏،14‏.‏‏»
65ئینجا سەرۆکی کاهینان جلەکانی خۆی دادڕی و گوتی: «کفری کرد! ئیتر چ پێویستیمان بە شایەت هەیە؟ ئەوەتا گوێتان لە کفرەکە بوو. 66چی دەبینن؟»
وەڵامیان دایەوە: «شایانی مردنە!»
67ئینجا تفیان لەڕووی کرد و مستیان لێدا، هەندێکیش زللەیان لێدا و 68گوتیان: «ئەی مەسیح، ئەگەر پێغەمبەریت، بزانە کێ بوو لێیدایت؟»
پەترۆس نکۆڵی لە عیسا دەکات
69لەو کاتەدا پەترۆس لە حەوشە، لە دەرەوە دانیشتبوو. کەنیزەیەک هاتە لای و گوتی: «تۆش لەگەڵ عیسای جەلیلی بوویت.»
70ئەویش لەبەردەم هەموویان نکۆڵیی کرد: «نازانم چی دەڵێی.»
71ئینجا چووە دەرەوە بۆ ناو داڵانەکە، یەکێکی دیکەش بینی و بەوانەی ئەوێی گوت: «ئەمە لەگەڵ عیسای ناسیرەیی بوو.»
72دیسان بە سوێندخواردنەوە نکۆڵی لێکرد: «ئەو پیاوە ناناسم!»
73دوای کەمێک ئەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون هاتن و بە پەترۆسیان گوت: «بەڕاستی تۆش لەوانیت، زمانت ئاشکرات دەکات#26‏:73 خەڵکی جەلیل شێوەزاریان جیا بوو لەگەڵ خەڵکی ئۆرشەلیم.‏
74جا دەستی بە نەفرەتکردن و سوێندخواردن کرد: «ئەو پیاوە ناناسم!»
دەستبەجێ کەڵەشێر خوێندی. 75ئەوسا پەترۆس قسەکانی عیسای بیرکەوتەوە کە فەرمووی: «پێش ئەوەی کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.» ئیتر چووە دەرەوە و بەکوڵ گریا.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard, KSS
Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎
All rights reserved worldwide‎.

‫كتێبی پیرۆز، كوردی سۆرانی ستانده‌ر
‫© مافی چاپكردن پارێزراوه‌ ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦ له‌لایه‌ن ببلیكا‎
‫هه‌موو مافه‌كانی پارێزراوه‌.‎

Learn More About كوردی سۆرانی ستانده‌رد