YouVersion Logo
Search Icon

مه‌رقوس 8

8
1 له‌و ڕۆژانه‌دا دیسان كۆمه‌ڵانێكی زۆر هه‌بوو، هیچیان نه‌بوو بیخۆن، ئیشۆع قوتابییه‌كانی بانگكرد و پێی فه‌رموون: 2 “دڵم به‌و كۆمه‌ڵه‌ ده‌سووتێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ سێ ڕۆژه‌ له‌گه‌ڵمدان و هیچیان نییه‌ بیخۆن. 3 ئه‌گه‌ر به‌ برسیێتی بیاننێرمه‌وه‌ ماڵ، له‌ ڕێگادا بڕ ناكه‌ن، هه‌ندێكیشیان له‌ دووره‌وه‌ هاتوون”. 4 قوتابییه‌كانی وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “كێ ده‌توانێت له‌م چۆڵه‌وانییه‌ تێرنانی ئه‌مانه‌ بكات؟” 5 لێی پرسین: “چه‌ند نانتان پێیه‌؟” وتیان: “حه‌وت”. 6 جا فه‌رمانی دا خه‌ڵكه‌كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی دانیشن. حه‌وت نانه‌كه‌ی برد و سوپاسی كرد و له‌تیكردن و دایه‌ قوتابییه‌كانی تاكو دابه‌شی بكه‌ن، ئه‌وانیش به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌كه‌دا دابه‌شیان كرد. 7 چه‌ند ماسییه‌كی بچووكیشیان پێ بوو، داڕشتی كرد و فه‌رمووی با ئه‌مه‌ش دابه‌ش بكرێت. 8 ئیتر خواردیان و تێربوون. ئینجا حه‌وت سه‌به‌ته‌ له‌ته‌نانیان هه‌ڵگرته‌وه‌. 9 نزیكه‌ی چوار هه‌زار ده‌بوون، ئینجا به‌ڕێیكردن. 10 پاشان یه‌كسه‌ر له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی سواری كه‌شتی بوو و هاته‌ ناوچه‌ی ده‌لمانووته‌.
11 په‌ڕیشییه‌كان هاتن و ده‌ستیان به‌ گفتوگۆ كرد له‌گه‌ڵ ئیشۆع، داوای په‌رجوێكیان لێی ده‌كرد له‌ ئاسمانه‌وه‌، بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی. 12 له‌ قووڵایی ڕووحیدا هه‌ناسه‌یه‌كی هه‌ڵكێشا و فه‌رمووی: “بۆچی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ داوای په‌رجو ده‌كات؟ ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: په‌رجو نادرێته‌ ئه‌م نه‌وه‌یه‌!”
13 ئینجا به‌جێیهێشتن. دووباره‌ سواری كه‌شتیه‌كه‌ بوو و په‌ڕییه‌وه‌ ئه‌وبه‌ر. 14 له‌بیریان چووبوو نان ببه‌ن، له‌ كه‌شتیه‌كه‌دا له‌ یه‌ک نان زیاتریان پێ نه‌بوو. 15 ڕایسپاردن و فه‌رمووی: “وریابن! ئاگاداربن له‌ هه‌وێنی په‌ڕیشییه‌كان و هه‌وێنی هیڕوودس”. 16 له‌نێو خۆیاندا بیریان كرده‌وه‌ و به‌ یه‌كتریان وت: “له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نانمان پێ نییه‌”. 17 ئیشۆع زانی و پێی فه‌رموون: “بۆچی باسی ده‌كه‌ن كه‌ نانتان پێ نییه‌؟ هێشتا جیا ناكه‌نه‌وه‌ و تێناگه‌ن؟ تا ئێستاش دڵڕه‌قن؟ 18 خۆ چاوتان هه‌یه‌، نابینن، گوێتان هه‌یه‌، نابیستن؟ وه‌بیرتان نایه‌ته‌وه‌؟ 19 كاتێ پێنج نانه‌كه‌م بۆ پێنج هه‌زاره‌كه‌ له‌تكرد، چه‌ند سه‌به‌ته‌ی پڕ له‌ له‌ته‌نانتان هه‌ڵگرته‌وه‌؟” پێیان وت: “دوازده‌”. 20 “كاتێ حه‌وته‌كه‌ش بۆ چوار هه‌زاره‌كه‌، چه‌ند سه‌به‌ته‌ی پڕ له‌ له‌ته‌نانتان هه‌ڵگرته‌وه‌؟” پێیان وت: “حه‌وت”. 21 ئینجا پێی فه‌رموون: “چۆن تێناگه‌ن؟”
22 هاتنه‌ بتسه‌یادا، نابینایه‌كیان هێنایه‌ لای و لێی پاڕانه‌وه‌ ده‌ستی لێ بدات. 23 ئه‌ویش ده‌ستی نابیناكه‌ی گرت، بردییه‌ ده‌ره‌وه‌ی گونده‌كه‌ و تفی له‌ چاوی كرد، ده‌ستی له‌سه‌ر دانا و لێی پرسی: “هیچ ده‌بینیت؟” 24 سه‌یری كرد و وتی: “خه‌ڵک ده‌بینم وه‌ک دره‌خت ڕێ ده‌كه‌ن”. 25 دیسان ئیشۆع ده‌ستی خسته‌وه‌ سه‌ر چاوی، چاوی تێبڕی و چاكبووه‌وه‌، هه‌موو مرۆڤێكی به‌ ڕوونی بینی. 26 ئینجا بۆ ماڵی خۆی ڕه‌وانه‌ی كرده‌وه‌ و فه‌رمووی: “مه‌چۆ نێو گونده‌كه‌ و به‌كه‌سیشیان مه‌ڵێ”.
27 ئیشۆع و قوتابییه‌كانی بۆ گونده‌كانی قه‌یسه‌ڕییه‌ی پیلیپوس ده‌رچوون، له‌ ڕێگادا له‌ قوتابییه‌كانی پرسی: “خه‌ڵكی ده‌ڵێن من كێم؟” 28 وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار، هه‌ندێكیش ده‌ڵێن ئیلییا و هه‌ندێكیش یه‌كێک له‌ پێغه‌مبه‌ران”. 29 پێی فه‌رموون: “ئه‌ی ئێوه‌، ده‌ڵێن من كێم؟” په‌تڕۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت!”. 30 جا ئاگاداری كردنه‌وه‌ له‌لای كه‌س باسی نه‌كه‌ن.
31 ئینجا ده‌ستیكرد به‌ ئامۆژگارییان كه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێ زۆر ئازار بچێژێت، پیران و كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ڕه‌تی بكه‌نه‌وه‌، بكوژرێت و له‌ ڕۆژی سێیه‌مدا هه‌ستێته‌وه‌. 32 به‌ ئاشكرا قسه‌كه‌ی كرد، په‌تڕۆسیش بردییه‌ لاوه‌ و لێی ڕاخوڕی. 33 به‌ڵام ئیشۆع ئاوڕی دایه‌وه‌ و سه‌یری قوتابییه‌كانی كرد، سه‌رزه‌نشتی په‌تڕۆسی كرد و فه‌رمووی: “له‌به‌رچاوم لاچۆ، ئه‌ی شه‌یتان! چونكه‌ تۆ بیر له‌ شته‌ خوداییه‌كان ناكه‌یته‌وه‌، به‌ڵكو شتی مرۆڤانه‌”.
34 ئینجا كۆمه‌ڵه‌كه‌ و قوتابییه‌كانی بانگكرد و پێی فه‌رموون: “ئه‌گه‌ر یه‌كێک ویستی دوام بكه‌وێت، با نكۆڵی له‌ خۆی بكات و خاچه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت و دوام بكه‌وێت. 35 چونكه‌ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت خۆی ڕزگار بكات، ده‌یدۆڕێنێت، ئه‌وه‌ش كه‌ له‌ پێناوی من و له‌پێناوی ئینجیل خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری ده‌كات. 36 چونكه‌ چی به‌كه‌ڵكی مرۆڤ دێت ئه‌گه‌ر هه‌موو جیهان بباته‌وه‌ و خۆی بدۆڕێنێت؟ 37 یان مرۆڤ بۆ قورابنیدانی خۆی چی ده‌دات؟ 38 چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌لای ئه‌م نه‌وه‌ داوێنپیس و گوناهباره‌ شه‌رمی به‌ من و به‌ وته‌كانم بێت، ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش كاتێ به‌ شكۆی باوكی له‌گه‌ڵ فریشته‌ پارساكاندا دێته‌وه‌ شه‌رمی پێی ده‌بێت”.

Currently Selected:

مه‌رقوس 8: PNTZS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

YouVersion uses cookies to personalize your experience. By using our website, you accept our use of cookies as described in our Privacy Policy