YouVersion Logo
Search Icon

مه‌رقوس 2

2
1 پاش چه‌ند ڕۆژێک هاته‌وه‌ نێو كپه‌ڕناخوم، جا بیسترا كه‌ له‌ ماڵه‌وه‌یه‌. 2 یه‌كسه‌ر خه‌ڵكێكی زۆر كۆبوونه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ک له‌به‌ر ده‌رگاش شوێن نه‌ما. ئه‌ویش به‌ وشه‌كه‌ بۆیان ده‌دووا. 3 ئیفلیجێكیان هێنایه‌ لای، به‌ چوار كه‌س هه‌ڵیانگرتبوو. 4 به‌ڵام له‌به‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ نه‌یانتوانی بیبه‌نه‌ لای. جا سه‌ربانی ئه‌و شوێنه‌یان هه‌ڵگرت كه‌ ئه‌وی لێبوو، كونێكیان كرده‌وه‌ و نوێنه‌كه‌یان شۆڕكرده‌وه‌ كه‌ ئیفلیجه‌كه‌ی له‌سه‌ر بوو. 5 كاتێ ئیشۆع باوه‌ڕیانی بینی، به‌ ئیفلیجه‌كه‌ی فه‌رموو: “ڕۆڵه‌، گوناهه‌كانت به‌خشران”. 6 هه‌ندێک ته‌وراتزانیش له‌وێ دانیشتبوون، له‌ دڵی خۆیاندا بیریان ده‌كرده‌وه‌: 7 “بۆچی ئه‌مه‌ ئاوا به‌كفر ده‌دوێت؟ بێجگه‌ له‌ خودا كێ ده‌توانێت گوناه‌ ببه‌خشێت؟” 8 یه‌كسه‌ر ئیشۆع به‌ ڕووحی خۆی زانی له‌ دڵی خۆیاندا ئاوا بیر ده‌كه‌نه‌وه‌، پێی فه‌رموون: “بۆچی له‌ دڵتاندا بیری وا ده‌كه‌نه‌وه‌؟ 9 كامیان ئاسانتره‌، به‌ ئیفلیجه‌كه‌ بڵێی: گوناهه‌كانت به‌خشران، یان بڵێی: هه‌سته‌، نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و ڕێ بكه‌؟ 10 به‌ڵام تاكو بزانن، ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌سه‌ڵاتی گوناه‌ به‌خشینی هه‌یه”. به‌ ئیفلیجه‌كه‌ی فه‌رموو: 11 “پێت ده‌ڵێم: هه‌سته‌، نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و بڕۆ ماڵه‌وه‌!”. 12 ئه‌ویش یه‌كسه‌ر هه‌ستا و نوێنه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و له‌به‌رچاوی هه‌موویان چووه‌ ده‌ره‌وه‌. به‌ شێوه‌یه‌ک هه‌موو سه‌رسام بوون و شكۆمه‌ندیی خودایان كرد، وتیان: “هه‌رگیز وه‌كو ئه‌مه‌مان نه‌بینیوه‌!”.
13 دیسان ده‌رچووه‌ سه‌ر كه‌ناری ده‌ریا، كۆمه‌ڵانه‌كه‌ هه‌موو لێی كۆبوونه‌وه‌ و ئه‌ویش فێری ده‌كردن. 14 كاتێ به‌ڕێوه‌ بوو، لیوی كوڕی خه‌لپه‌یی بینی له‌ شوێنی باجگری دانیشتبوو، پێی فه‌رموو: “دوام كه‌وه‌”. ئه‌ویش هه‌ستا و دوای كه‌وت. 15 كاتێ له‌ ماڵی ئه‌و دانیشتبوو، زۆر له‌ باجگران و گوناهباران له‌گه‌ڵ ئیشۆع و قوتابییه‌كانی له‌سه‌ر خوان بوون، چونكه‌ زۆر بوون و دوای كه‌وتبوون. 16 كاتێ ته‌وراتزان و په‌ڕیشییه‌كان بینییان وا له‌گه‌ڵ گوناهبار و باجگران نان ده‌خوات، به‌ قوتابییه‌كانیان وت: “ئه‌وه‌ چیه‌تی له‌گه‌ڵ باجگر و گوناهباران نان ده‌خوات؟” 17 كه‌ ئیشۆع گوێی لێبوو، پێی فه‌رموون: “له‌شساغ پێویستی به‌ پزیشک نییه‌، به‌ڵكو نه‌خۆش. نه‌هاتووم بێگوناهان بانگ بكه‌م بۆ تۆبه‌كردن، به‌ڵكو گوناهباران”.
18 قوتابییه‌كانی یوخه‌ننه‌ن و په‌ڕیشییه‌كان به‌ڕۆژوو بوون، هاتنه‌ لای و پێیان وت: “بۆچی قوتابییه‌كانی یوخه‌ننه‌ن و په‌ڕیشییه‌كان به‌ڕۆژوو ده‌بن، به‌ڵام قوتابییه‌كانی تۆ به‌ڕۆژوو نابن؟” 19 ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ئایا شاییگێڕان ده‌توانن به‌ڕۆژوو بن كاتێ زاوا له‌گه‌ڵیاندایه‌؟ تاكو زاوا له‌گه‌ڵیان بێت ناتوانن به‌ڕۆژوو بن. 20 به‌ڵام ڕۆژانێک دێت كه‌ زاوا له‌نێوانیان به‌رز ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وسا له‌و ڕۆژانه‌دا به‌ڕۆژوو ده‌بن. 21 كه‌س كراسی كۆن به‌ په‌ڕۆی نوێ پینه‌ ناكات، چونكه‌ پینه‌ نوێیه‌كه‌ له‌ كراسه‌ كۆنه‌كه‌ ڕاده‌كێشێت و دڕاوه‌كه‌ خراپتر ده‌بێت. 22 كه‌سیش مه‌یی نوێ ناكاته‌ نێو مه‌شكه‌ی كۆنه‌وه‌، نه‌وه‌ک مه‌یه‌كه‌ مه‌شه‌كه‌كه‌ بدڕێنێت، مه‌یه‌كه‌ ده‌ڕژێت و مه‌شكه‌كه‌ش بێ كه‌ڵک ده‌بێت. به‌ڵكو مه‌یی نوێ ده‌كرێته‌ نێو مه‌شكه‌ی نوێوه‌”.
23 له‌ شه‌ممه‌دا به‌نێو ده‌غڵاندا تێده‌په‌ڕی، قوتابییه‌كانی به‌ڕێوه‌ ده‌ستیانكرد به‌ گوڵه‌گه‌نم لێكردنه‌وه‌. 24 په‌ڕیشییه‌كان پێیان وت: “بڕوانه‌، بۆچی شتێک ده‌كه‌ن كه‌ له‌ شه‌ممه‌دا دروست نییه‌؟” 25 ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “ئه‌ی هه‌رگیز نه‌تانخوێندۆته‌وه‌ داوید چی كرد كاتێ خۆی و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون كه‌وتنه‌ پێویستی و برسییان بوو؟ 26 له‌سه‌رده‌می ئه‌ویئاتری كاهینی باڵا، چووه‌ ماڵی خودا و نانی ته‌رخانكراوی خوارد، دایه‌ ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی بوون، ئه‌و نانه‌ی كه‌ دروست نییه‌ لێی بخورێت بۆ كاهینان نه‌بێت”. 27 ئینجا پێی فه‌رموون: “شه‌ممه‌ بۆ مرۆڤ به‌دیهێنراوه‌، نه‌وه‌ک مرۆڤ بۆ شه‌ممه‌. 28 كه‌واته‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ په‌روره‌دگاری ڕۆژی شه‌ممه‌شه‌‌”.

Currently Selected:

مه‌رقوس 2: PNTZS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

YouVersion uses cookies to personalize your experience. By using our website, you accept our use of cookies as described in our Privacy Policy