YouVersion Logo
Search Icon

مه‌تته‌ی 9

9
1 ئینجا سواری كه‌شتیه‌كه‌ بوو، په‌ڕییه‌وه‌ و هاته‌ شاره‌كه‌ی خۆی. 2 ئیفلیجێكیان هێنایه‌ لای له‌نێو نوێن كه‌وتبوو، كاتێ ئیشۆع باوه‌ڕیانی بینی، به‌ ئیفلیجه‌كه‌ی فه‌رموو: “ڕۆڵه‌ دڵنیابه‌، گوناهه‌كانت به‌خشراون”. 3 جا هه‌ندێک له‌ ته‌وراتزانه‌كان له‌ دڵی خۆیاندا وتیان: “ئه‌مه‌ كفر ده‌كات!” 4 ئیشۆعیش به‌ بیركردنه‌ویانی زانی و فه‌رمووی: “بۆچی له‌ دڵتاندا بیر له‌ خراپه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌؟ 5 كامیان ئاسانتره‌ بووترێت، گوناهه‌كانت به‌خشراون، یان بووترێت، هه‌سته‌ و ڕێ بكه‌؟ 6 به‌ڵام تا بزانن ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌سه‌ڵاتی گوناه‌ به‌خشینی هه‌یه‌”. ئینجا به‌ ئیفلیجه‌كه‌ی فه‌رموو: “هه‌سته‌، نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و بڕۆوه‌ ماڵ”. 7 ئه‌ویش هه‌ستا و گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵی خۆی. 8 كاتێ خه‌ڵكه‌كه‌ ئه‌مه‌یان بینی، سام دایگرتن و شكۆمه‌ندیی خودایان كرد، كه‌ ئه‌م جۆره‌ ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌ مرۆڤ داوه‌.
9 كه‌ ئیشۆع له‌وێ تێده‌په‌ڕی، پیاوێكی بینی له‌ شوێنی باجگری دانیشتبوو، ناوی مه‌تته‌ی بوو. پێی فه‌رموو: “دوام بكه‌وه‌”. ئه‌ویش هه‌ستا و دوای كه‌وت. 10 له‌ كاتێكدا له‌ ماڵ پاڵیدابووه‌وه‌، زۆر باجگر و گوناهبار هاتن و له‌گه‌ڵ ئیشۆع و قوتابییه‌كانی پاڵیاندایه‌وه‌. 11 كه‌ په‌ڕیشییه‌كان ئه‌مه‌یان بینی، به‌ قوتابییه‌كانیان وت: “بۆچی ڕابیتان له‌گه‌ڵ باجگر و گوناهباران نان ده‌خوات؟” 12 جا كاتێ ئیشۆع گوێی لێبوو، فه‌رمووی: “له‌شساغان پێویستییان به‌ پزیشک نییه‌، به‌ڵكو نه‌خۆشان. 13 بڕۆن و واتای ئه‌مه‌ فێربن: {میهره‌بانیم ده‌وێ نه‌ک قوربانی}. چونكه‌ نه‌هاتووم بێگوناهه‌كان بانگ بكه‌م بۆ تۆبه‌كردن، به‌ڵكو گوناهباران”.
14 ئینجا قوتابییه‌كانی یوخه‌ننه‌ن هاتنه‌ لای و وتیان: “بۆچی ئێمه‌ و په‌ڕیشییه‌كان زۆر به‌ڕۆژوو ده‌بین، به‌ڵام قوتابییه‌كانت به‌ڕۆژوو نابن؟” 15 ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئایا ده‌كرێت كه‌سانی زاوا شیوه‌ن بكه‌ن، له‌و كاته‌ی زاوا له‌گه‌ڵیاندایه‌؟ به‌ڵام ڕۆژانێک دێت زاوا له‌نێوانیان به‌رز ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وسا به‌ڕۆژوو ده‌بن. 16 هیچ كه‌س كراسی كۆن به‌ په‌ڕۆی نوێ پینه‌ ناكات، چونكه‌ پینه‌ نوێیه‌كه‌ ده‌چێته‌ ئاو و كراسه‌ دڕاوه‌كه‌ خراپتر ده‌كات. 17 مه‌یی نوێش له‌نێو مه‌شكه‌ی كۆن ناكه‌ن، ئه‌گینا مه‌شكه‌كه‌ ده‌ته‌قێت، جا مه‌یه‌كه‌ ده‌ڕژێت و مه‌شكه‌كه‌ش له‌ناوده‌چێت. به‌ڵكو مه‌یی نوێ له‌نێو مه‌شكه‌ی نوێ ده‌كرێت جا هه‌ردووكیان پارێزراو ده‌بن”.
18 كاتێ ئه‌مانه‌ی ده‌فه‌رموو، سه‌رۆكێک هات و كڕنۆشی بۆ برد و وتی: “هه‌ر ئێستا كچه‌كه‌م مرد، به‌ڵام وه‌ره‌ ده‌ستی له‌سه‌ر دابنێ، زیندوو ده‌بێته‌وه‌”. 19 ئیشۆعیش هه‌ستا و له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی دوای كه‌وت. 20 ئه‌وه‌بوو ژنێک كه‌ دوازده‌ ساڵ بوو خوێن به‌ربوونی هه‌بوو، له‌ دواوه‌ لێی نزیک بووه‌وه‌ و ده‌ستی له‌ چمكی جله‌كه‌ی دا، 21 چونكه‌ له‌ دڵی خۆیدا وتی: “ئه‌گه‌ر ته‌نها ده‌ست له‌ جله‌كانیشی بده‌م، چاک ده‌بمه‌وه‌”. 22 ئیشۆع ئاوڕی دایه‌وه‌، بینی و فه‌رمووی: “كچم دڵنیابه‌، باوه‌ڕت چاكیكردیته‌وه‌”. ژنه‌كه‌ ده‌ستبه‌جێ چاكبووه‌وه‌. 23 كاتێ ئیشۆع چووه‌ ماڵی سه‌رۆكه‌كه‌، زوڕنا ژه‌نان و خه‌ڵكێكی په‌شێوی بینی، 24 فه‌رمووی: “لاچن، كچه‌كه‌ نه‌مردووه‌، به‌ڵكو خه‌وتووه‌”. ئه‌وانیش پێی پێكه‌نین. 25 كاتێ خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌ركرد، هاته‌ ژووره‌وه‌ و ده‌ستی گرت، كچه‌ش هه‌ستایه‌وه‌. 26 ئه‌م هه‌واڵه‌ش به‌ هه‌موو ئه‌و ناوچه‌یه‌دا بڵاو‌بووه‌وه‌.
27 كه‌ ئیشۆع به‌وێدا ده‌ڕۆیشت، دوو نابینا دوای كه‌وتن، هاواریان ده‌كرد و ده‌یانووت: “به‌زه‌ییت پێماندا بێته‌وه‌ ڕۆڵه‌ی داوید!”. 28 كاتێ هاته‌ ماڵه‌وه‌، دوو نابیناكه‌ هاتنه‌ لای. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “له‌و باوه‌ڕه‌دان من بتوانم ئه‌مه‌ بكه‌م؟” پێیان وت: “به‌ڵێ گه‌وره‌م!”. 29 ئینجا ده‌ستی له‌ چاویان دا و فه‌رمووی: “با به‌گوێره‌ی باوه‌ڕتان بۆتان ببێت”. 30 ئیتر چاویان كرایه‌وه‌. ئیشۆعیش به‌ توندی ئاگاداری كردنه‌وه‌: “ئاگاداربن با كه‌س نه‌زانێت!”. 31 به‌ڵام ئه‌وان ڕۆیشتن و هه‌موو ناوچه‌كه‌یان لێی تێگه‌یاند.
32 كاتێ‌ ده‌رده‌چوون، لاڵێكی شێتان هێنایه‌ لای. 33 كاتێ شه‌یتانه‌كه‌ ده‌ركرا، لاڵه‌كه‌ قسه‌ی كرد. كۆمه‌ڵه‌كه‌ش سه‌رسام بوون، وتیان: “هه‌رگیز له‌ ئیسڕائیلدا شتی وا ده‌رنه‌كه‌وتووه‌!”. 34 به‌ڵام په‌ڕیشییه‌كان وتیان: “به‌ سه‌رۆكی شه‌یتانان شه‌یتانه‌كان ده‌رده‌كات!”.
35 ئیشۆع به‌ هه‌موو شار و گونده‌كاندا ده‌گه‌ڕا، له‌ كه‌نیشته‌كانیان فێری ده‌كردن و موژده‌ی پاشایه‌تییه‌كه‌ی ڕاده‌گه‌یاند، هه‌موو نه‌خۆشی و لاوازیه‌كی نێو گه‌لی چاک ده‌كرده‌وه‌. 36 كاتێ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ی بینی دڵی پێیان سووتا، چونكه‌ وه‌ک مه‌ڕی بێ شوان په‌رێشان و هه‌راسان بوون. 37 جا به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “دروێنه‌ زۆره‌، به‌ڵام سه‌پان كه‌مه‌. 38 جا داوا له‌ په‌روه‌ردگاری دروێنه‌ بكه‌ن تاكو سه‌پان بۆ دروێنه‌كه‌ی بنێرێت”.

Currently Selected:

مه‌تته‌ی 9: PNTZS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

YouVersion uses cookies to personalize your experience. By using our website, you accept our use of cookies as described in our Privacy Policy