YouVersion Logo
Search Icon

مه‌تته‌ی 8

8
1 كاتێ ئیشۆع له‌ چیاكه‌ هاته‌ خواره‌وه‌، كۆمه‌ڵانێكی زۆر دوای كه‌وتن. 2 گولێک هات و كڕنۆشی بۆ برد و وتی: “گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر بته‌وێت، ده‌توانیت پێگه‌ردم بكه‌یته‌وه‌”. 3 ئیشۆعیش ده‌ستی درێژ كرد و ده‌ستی لێی دا، فه‌رمووی: “ده‌مه‌وێ، بێگه‌رد ببه‌وه‌!” یه‌كسه‌ر له‌ گولیه‌كه‌ی بێگه‌رد بووه‌وه‌. 4 ئینجا ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ئاگادار به‌، به‌ كه‌س مه‌ڵێ، به‌ڵكو بڕۆ خۆت پیشانی كاهینه‌كه‌ بده‌ و ئه‌و قوربانییه‌ی مووشێ فه‌رمانی كردووه‌ پێشكه‌شی بكه‌، وه‌ک گه‌واهییه‌ک بۆیان”.
5 كاتێ ئیشۆع چووه‌ كپه‌ڕناخوم، سه‌رپه‌لێک هاته‌ لای، لێی پاڕایه‌وه‌ 6 و وتی: “گه‌وره‌م، ڕاژه‌وانه‌كه‌م به‌ ئیفلیجی له‌ ماڵه‌وه‌ كه‌وتووه‌ و ئازارێكی زۆری هه‌یه‌”. 7 ئیشۆع پێی فه‌رموو: “من دێم و چاكی ده‌كه‌مه‌وه‌”. 8 سه‌رپه‌له‌كه‌ش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “گه‌وره‌م شایانی ئه‌وه‌ نیم بێیته‌ ماڵه‌كه‌م، به‌ڵكو ته‌نها وشه‌یه‌ک بفه‌رموو ڕاژه‌وانه‌كه‌م چاک ده‌بێته‌وه‌. 9 چونكه‌ منیش مرۆڤێكم ژێر ده‌سه‌ڵاتم، سه‌ربازیش له‌ ژێر ده‌ستم هه‌یه‌، به‌مه‌ ده‌ڵێم: بڕۆ! ده‌ڕوات، به‌وی دیكه‌ش: وه‌ره‌! دێت، به‌ كۆیله‌كه‌شم: ئه‌مه‌ بكه‌! ده‌یكات”. 10 كاتێ ئیشۆع گوێی له‌مه‌ بوو، سه‌رسام بوو، به‌وانه‌ی فه‌رموو كه‌ دوای ده‌كه‌وتن: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: له‌ ئیسڕائیلدا باوه‌ڕێكی ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌مه‌م نه‌دیوه‌! 11 پێتان ده‌ڵێم: زۆر كه‌س له‌ خۆرهه‌ڵات و خۆرئاواوه‌ دێن و له‌گه‌ڵ ئه‌وڕاهه‌م و ئسخه‌ق و یاقوو له‌ پاشایه‌تیی ئاسماناندا پاڵده‌ده‌نه‌وه‌. 12 به‌ڵام ڕۆڵه‌كانی پاشایه‌تی فڕێ ده‌درێنه‌ تاریكی ده‌ره‌وه‌، جا گریان و جیڕه‌ی ددان له‌وێیه‌”. 13 ئینجا ئیشۆع به‌ سه‌رپه‌له‌كه‌ی فه‌رموو: “بڕۆ! با هه‌روه‌ک باوه‌ڕت هێنا، بۆت ببێت”. جا له‌و كاته‌دا ڕاژه‌وانه‌كه‌ی چاک بووه‌وه‌.
14 ئیشۆع هاته‌ ماڵی په‌تڕۆس، خه‌سووی په‌تڕۆسی بینی كه‌وتووه‌ و تای لێ هاتووه‌. 15 ئیشۆع ده‌ستی له‌ ده‌ستی دا و تاكه‌ به‌ری دا. ئه‌ویش هه‌ستا وڕاژه‌ی كردن. 16 كاتێ ئێواره‌ داهات، شێتی زۆریان بۆ هێنا، ئه‌ویش به‌ وشه‌یه‌ک ڕووحه‌كانی ده‌ركرد و هه‌موو نه‌خۆشه‌كانی چاككرده‌وه‌. 17 تاكو ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌ر ئێشه‌عیا وتراوه‌ بێته‌ دی: {ئه‌و ده‌رده‌كانمانی برد ونه‌خۆشییه‌كانمانی هه‌ڵگرت}.
18 كاتێ ئیشۆع كۆمه‌ڵێكی زۆری له‌ ده‌وری خۆی بینی، فه‌رمانی دا بپه‌ڕنه‌وه‌ بۆ ئه‌وبه‌ر. 19 ته‌وراتزانێک هاته‌ لای، پێی وت: “ڕابی، بۆ كوێ بڕۆیت دوات ده‌كه‌وم”. 20 ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ڕێوی كونی هه‌یه‌ و باڵنده‌ی ئاسمانیش هێلانه‌، به‌ڵام ڕۆڵه‌ی مرۆڤ جێیه‌كی نییه‌ سه‌ری لێ دابنێت”. 21 یه‌كێكی دیكه‌ له‌ قوتابییه‌كانی پێی وت: “گه‌وره‌م، ڕێگام بده‌ یه‌كه‌مجار بڕۆم باوكم بنێژم”. 22 ئیشۆع پێی فه‌رموو: “دوام بكه‌وه‌، واز له‌ مردووان بهێنه‌ با مردووه‌كانیان بنێژن”.
23 كاتێ سواری كه‌شتیه‌كه‌ بوو، قوتابییه‌كانی دوای كه‌وتن. 24 له‌ناكاو ڕه‌شه‌بایه‌كی به‌هێز هه‌ڵیكرده‌ سه‌ر ده‌ریاكه‌، خه‌ریک بوو شه‌پۆڵه‌كان كه‌شتیه‌‌كه‌ داپۆشن، كه‌چی ئیشۆع نووستبوو. 25 ئینجا قوتابییه‌كانی هاتن و هه‌ڵیانستاند، وتیان: “گه‌وره‌م، ڕزگارمان بكه‌! وا له‌ناوده‌چین!” 26 ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “چیتانه‌ ده‌ترسن ئه‌ی كه‌م باوه‌ڕینه‌؟” ئینجا هه‌ستا، له‌ ڕه‌شه‌با و ده‌ریاكه‌ی ڕاخوڕی، ئیتر بووه‌ هێمنییه‌كی ته‌واو. 27 خه‌ڵكیش سه‌رسام بوون و وتیان: “ئه‌مه‌ چ مرۆڤێكه‌؟ ته‌نانه‌ت با و ده‌ریاش گوێڕایه‌ڵی ده‌بن!”.
28 كاتێ گه‌یشته‌ ئه‌وبه‌ر، له‌ هه‌رێمی گه‌ده‌رین، دوو شێتی زۆر دڕنده‌ی تووش بوو، له‌ گۆڕستانه‌وه‌ هاتبوونه‌ ده‌ره‌وه‌. ته‌نانه‌ت كه‌س نه‌یده‌وێرا به‌و ڕێگایه‌دا تێپه‌ڕێت. 29 هاواریان كرد و وتیان: “چیت لێمان ده‌وێ، ئیشۆعی ڕۆڵه‌ی خودا؟ ئایا پێشوه‌خت بۆ ئێره‌ هاتوویت، تاكو ئه‌شكه‌نجه‌مان بده‌یت؟” 30 له‌ دووری ئه‌وانه‌وه‌ ڕانه‌ به‌رازێكی گه‌وره‌ ده‌له‌وه‌ڕان. 31 شه‌یتانه‌كانیش لێی پاڕانه‌وه‌ و وتیان: “ئه‌گه‌ر ده‌رمان ده‌كه‌یت، بماننێره‌ نێو ڕانه‌ به‌رازه‌كه‌”. 32 ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “بڕۆن”. ئه‌وانیش ده‌رچوون و چوونه‌ نێو به‌رازه‌كانه‌وه‌، جا هه‌موو ڕانه‌كه‌ له‌ قه‌دپاڵی گرده‌كه‌وه‌ به‌ره‌و ده‌ریاكه‌ هه‌ڵدێران و له‌نێو ئاوه‌كه‌دا مردن. 33 به‌رازه‌وانه‌كانیش بۆ نێو شار هه‌ڵاتن و هه‌موو شتێكیان گێڕایه‌وه‌، ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر دوو شێته‌كه‌ هاتبوو. 34 ئه‌وه‌بوو شاره‌كه‌ هه‌مووی بۆ بینینی ئیشۆع هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، كه‌ بینییان، لێی پاڕانه‌وه‌ له‌ سنووره‌كه‌یان ده‌ربچێت.

Currently Selected:

مه‌تته‌ی 8: PNTZS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

YouVersion uses cookies to personalize your experience. By using our website, you accept our use of cookies as described in our Privacy Policy