YouVersion Logo
Search Icon

مه‌تته‌ی 27

27
1 كاتێ بووه‌ به‌یانی، هه‌موو كاهینانی باڵا و پیرانی گه‌ل دژ به‌ ئیشۆع ڕاوێژیانكرد تاكو بیكوژن. 2 جا به‌ستیانه‌وه‌ و بردییان و دایانه‌ ده‌ست پیڵاتۆسی پونتوسی فه‌رمانڕه‌وا.
3 ئینجا ئیهوودا، ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستی كرد كه‌ بینی ئیشۆع بڕیاری به‌سه‌ردا درا، په‌شیمان بووه‌وه‌، سی دراوه‌ زیوه‌كه‌ی بۆ كاهینانی باڵا و پیران گه‌ڕانده‌وه‌ و 4 وتی: “گوناهم كرد كه‌ خوێنێكی بێتاوانم ڕاده‌ست كرد”. وتیان: “به‌ ئێمه‌ چی؟ خۆت ده‌زانیت!” 5 ئه‌ویش زیوه‌كانی له‌ په‌رستگادا فڕێدا و ڕۆیی، چوو خۆی خنكاند. 6 جا كاهینانی باڵا دراوه‌ زیوه‌كانیان هه‌ڵگرته‌وه‌ و وتیان: “دروست نییه‌ بیخه‌ینه‌ نێو گه‌نجینه‌ی په‌رستگاوه‌، چونكه‌ نرخی خوێنه‌”. 7 ئینجا ڕاوێژیان كرد و كێڵگه‌ی گۆزه‌چییه‌كه‌یان پێی كڕی، بۆ گۆڕستانی بێگانان. 8 بۆیه‌ ئه‌و كێڵگه‌یه‌ تاكو ئه‌مڕۆش پێی ده‌ووترێ “كێڵگه‌ی خوێن”. 9 ئه‌وسا ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌ر ئێرمیا وتراوه‌، هاته‌ دی: {سی زیوه‌كه‌یان برد، نرخی به‌ها بۆ دانراو، ئه‌وه‌ی ڕۆڵه‌كه‌كانی ئیسڕائیل خه‌مڵاندییان. 10 ئینجا به‌ كێڵگه‌ی گۆزه‌چییه‌كه‌یان دا، وه‌ک په‌روه‌ردگار فه‌رمانی پێدام}.
11 ئیشۆعیش له‌به‌رده‌م فه‌رمانڕه‌وا ڕاوه‌ستا، فه‌رمانڕه‌وا لێی پرسی، وتی: “ئایا تۆ پاشای جووی؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “خۆت ده‌ڵێیت”. 12 كاتێ كاهینانی باڵا و پیران سكاڵایان لێی ده‌كرد، هیچ وه‌ڵامی نه‌ده‌دایه‌وه‌. 13 پیڵاتوس پێی وت: “گوێت لێ نییه‌ چه‌ند گه‌واهیت له‌سه‌ر ده‌ده‌ن؟” 14 به‌ڵام ئیشۆع ته‌نانه‌ت به‌ وشه‌یه‌كیش وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌، فه‌رمانڕه‌واش زۆر سه‌رسام بوو.
15 له‌ جه‌ژندا فه‌رمانڕه‌وا كردبوویه‌ نه‌ریت، گیراوێک بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ ئازاد بكات، ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت. 16 له‌و كاته‌دا گیراوێكی به‌ناوبانگیان هه‌بوو، ناوی به‌ڕئه‌ببا بوو. 17 جا كاتێ كۆببوونه‌وه‌، پیڵاتوس پێی وتن: “كێتان ده‌وێ بۆتانی به‌ربده‌م؟ به‌ڕئه‌ببا یان ئیشۆع، ئه‌وه‌ی پێی ده‌ووترێ مه‌سیح؟” 18 چونكه‌ زانی له‌ به‌ر ئیره‌یی ئیشۆعیان ڕاده‌ست كردبوو. 19 كاتێ له‌سه‌ر ته‌ختی دادگایی دانیشتبوو، ژنه‌كه‌ی هه‌واڵی بۆ نارد و وتی: “نه‌كه‌ی شتێک له‌و بێتاوانه‌ بكه‌ی، چونكه‌ ئه‌مڕۆ له‌ خه‌وندا له‌به‌ر ئه‌و زۆر ئازارم چێژتووه‌”. 20 به‌ڵام كاهینانی باڵا و پیران كۆمه‌ڵانه‌كه‌یان جۆش دا كه‌ داوای به‌ڕئه‌ببا بكه‌ن و ئیشۆع له‌ناوببه‌ن. 21 فه‌رمانڕه‌وا وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی وتن: “له‌م دووانه‌ كامه‌تان ده‌وێ بۆتان ئازاد بكه‌م؟” وتیان: “به‌ڕئه‌ببا!”. 22 پیڵاتوس پێی وتن: “ئه‌ی چی له‌ ئیشۆع بكه‌م، ئه‌وه‌ی پێی ده‌ووترێ مه‌سیح؟” هه‌موو وتیان: “با له‌خاچ بدرێت!” 23 ئه‌ویش وتی: “بۆ؟ چ خراپه‌یه‌كی كردووه‌؟” به‌ڵام زیاتر هاواریان ده‌كرد و ده‌یانووت: “با له‌خاچ بدرێت!” 24 پیڵاتوس بینی سوودی نییه‌ و خه‌ریكه‌ ئاژاوه‌ ڕووده‌دات، ئاوی هێنا و له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵه‌كه‌ ده‌ستی شوشت و وتی: “من بێتاوانم له‌ خوێنی ئه‌م بێتاوانه‌! له‌ ئه‌ستۆی ئێوه‌یه‌!” 25 گه‌ل هه‌موو وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “با خوێنی له‌ ئه‌ستۆی ئێمه‌ و منداڵمان بێت” 26 ئه‌وسا به‌ڕئه‌ببای بۆ ئازاد كردن، به‌ڵام ئیشۆعی دایه‌ به‌ر قامچی و ڕاده‌ستی كرد بۆ له‌خاچدان.
27 سه‌ربازه‌كانی فه‌رمانڕه‌وا ئیشۆعیان بۆ كۆشكی فه‌رمانڕه‌وا برد و ته‌واوی تیپه‌كه‌یان لێ كۆكرده‌وه‌. 28 ڕووتیان كرده‌وه‌ و عه‌بایه‌كی سووریان له‌به‌ركرد. 29 هه‌روه‌ها تاجێكی دڕكیان هۆنییه‌وه‌ و له‌ سه‌ریان كرد، قامیشێكیان دایه‌ ده‌ستی ڕاستی، له‌به‌رده‌می چۆكیان دادا و گاڵته‌یان پێ كرد و ده‌یانووت: “سڵاو ئه‌ی پاشای جوو!” 30 تفیان لێكرد، قامیشه‌كه‌یان برد و به‌سه‌ریاندا كێشا. 31 دوای ئه‌وه‌ی گاڵته‌یان پێكرد، عه‌بایه‌كه‌یان له‌به‌ر داكه‌ند و كراسه‌كه‌ی خۆیان له‌به‌ركرده‌وه‌، بۆ له‌خاچدانیان برد.
32 كاتێ ده‌رچوون پیاوێكی قه‌ورینێیان بینی ناوی شیمعون بوو، ناچاریان كرد خاچه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت. 33 كه‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی پێی ده‌ووترا گاغولتا، ناونراوه‌ “شوێنی كاسه‌سه‌ر” 34 سركه‌ی تێكه‌ڵ به‌ زراویان دایه‌ ئیشۆع تاكو بیخواته‌وه‌، كه‌ تامی كرد نه‌یویست بیخواته‌وه‌. 35 كه‌ له‌خاچیان دا، به‌ تیروپشک كراسه‌كه‌یان دابه‌شكرد. تا ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌رێک وتراوه‌ بێته‌دی: {پۆشاكه‌كه‌م نێوان خۆیان دابه‌شكرد و له‌سه‌ر كراسه‌كه‌م تیروپشكیان كرد} 36 ئینجا له‌وێ دانیشتن و ئێشكیان بۆ گرت. 37 له‌ ژوور سه‌ریه‌وه‌ تاواننامه‌كه‌یان دانا كه‌ نووسرابوو: “ئه‌مه‌ ئیشۆعه‌، پاشای جوو”. 38 ئه‌وسا دوو دز له‌گه‌ڵی له‌خاچدران، یه‌كێک له‌لای ڕاستی و یه‌كێک له‌لای چه‌پی.
39 ڕێبواران جنێویان پێده‌دا و سه‌ریان ده‌له‌قاند و 40 ده‌یانووت: “ئه‌ی ڕووخێنه‌ری په‌رستگا و بنیادنه‌ره‌وه‌ی له‌ سێ ڕۆژدا، خۆت ڕزگار بكه‌! ئه‌گه‌ر تۆ ڕۆڵه‌ی خودای، له‌ خاچه‌كه‌ دابه‌زه‌!” 41 به‌هه‌مان شێوه‌ كاهینانی باڵا له‌گه‌ڵ ته‌وراتزان و پیران گاڵته‌یان پێده‌كرد و ده‌یانووت: 42 “خه‌ڵكی دیكه‌ی ڕزگار كرد، به‌ڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بكات! ئه‌گه‌ر ئه‌و پاشای ئیسڕائیله‌! با ئێستا له‌ خاچه‌كه‌ دابه‌زێت، باوه‌ڕی پێده‌هێنین. 43 پشتی به‌ خودا به‌ست، با ئێستا ڕزگاری بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌می ده‌وێت! چونكه‌ وتی: من ڕۆڵه‌ی خودام!”. 44 دزه‌كانیش كه‌ له‌گه‌ڵی له‌خاچدرابوون گاڵته‌یان پێده‌كرد.
45 له‌ كاژێر دوازده‌وه‌ تاكو سێ، تاریكایی به‌سه‌ر هه‌موو زه‌وییه‌وه‌ بوو. 46 نزیكه‌ی كاژێر سێ ئیشۆع به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد و وتی: “ئێلی، ئێلی، له‌ما شه‌به‌قته‌نی؟” واتا: خودایه‌، خودایه‌، بۆ به‌جێت هێشتم؟ 47 هه‌ندێک له‌وانه‌ی له‌وێ ڕاوه‌ستابوون و گوێیان لێیبوو، وتیان: “ئه‌وه‌ بانگی ئیلییا ده‌كات”. 48 یه‌كسه‌ر یه‌كێک له‌وان ڕایكرد و هه‌ورییه‌كی برد، له‌ سركه‌ی هه‌ڵكێشا و به‌سه‌ری قامیشێكه‌وه‌ پێیدا، تاكو بیخواته‌وه‌، 49 به‌ڵام ئه‌وانی دیكه‌ وتیان: “لێگه‌ڕێ، با بزانین ئیلییا دێت ڕزگاری بكات!”. 50 ئیشۆع دیسان به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد و ڕووحی سپارد.
51 له‌و كاته‌دا په‌رده‌ی په‌رستگا له‌ سه‌ره‌وه‌ تاكو خواره‌وه‌ دڕا و بووه‌ دوو له‌ت. زه‌وی له‌رزی و به‌رد درزیان برد و 52 گۆڕه‌كان كرانه‌وه‌، زۆرێک له‌ جه‌سته‌ی پارساكانی نووستوو هه‌ستانه‌وه‌. 53 دوای هه‌ستانه‌وه‌كه‌شی له‌ گۆڕه‌كان هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و چوونه‌ نێو شاری پارسا، بۆ زۆر كه‌سیش ده‌ركه‌وتن. 54 به‌ڵام سه‌رپه‌له‌كه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و چاودێری ئیشۆعیان ده‌كرد، بوومه‌له‌رزه‌كه‌ و ئه‌و شتانه‌یان بینی كه‌ ڕوویدا، زۆر ترسان و وتیان: “به‌ ڕاستی ئه‌مه‌ ڕۆڵه‌ی خودا بوو!” 55 زۆر ژن له‌وێ بوون، له‌ دووره‌وه‌ ته‌ماشایان ده‌كرد، ئه‌وانه‌ی له‌ گلیلاوه‌ دوای ئیشۆع كه‌وتبوون و ڕاژه‌یان ده‌كرد، 56 مه‌ریه‌می مه‌گدانی و مه‌ریه‌می دایكی یاقوو و یۆسپ، له‌گه‌ڵ دایكی دوو كوڕه‌كه‌ی زه‌بدی له‌نێویان بوون.
57 ده‌مه‌و ئێواره‌ پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی خه‌ڵكی ڕه‌متا هات، ناوی یۆسپ بوو، ئه‌ویش قوتابیی ئیشۆع بوو. 58 چووه‌ لای پیڵاتوس و داوای ته‌رمی ئیشۆعی لێكرد، پیڵاتوسیش فه‌رمانی دا ته‌رمه‌كه‌ی بدرێتێ. 59 یۆسپیش ته‌رمه‌كه‌ی برد و به‌ كه‌تانی پێگه‌رد پێچای و 60 له‌و گۆڕه‌ نوێیه‌ی خۆی ناشتی كه‌ له‌ به‌رد هه‌ڵكه‌ندرابوو، ئینجا به‌ردێكی گه‌وره‌ی گلۆر كرده‌وه‌ سه‌ر ده‌رگای گۆڕه‌كه‌ و ڕۆیشت. 61 مه‌ریه‌می مه‌گدانی و مه‌ریه‌مه‌كه‌ی دیكه‌ش له‌وێ بوون، به‌رامبه‌ر گۆڕه‌كه‌ دانیشتبوون.
62 بۆ سبه‌ینێ كه‌ دوای ئاماده‌كردنه‌، كاهینانی باڵا و په‌ڕیشییه‌كان له‌لای پیڵاتوس كۆبوونه‌وه‌، 63 وتیان: “گه‌وره‌م، بیرمان كه‌وته‌وه‌، ئه‌و گومڕاكاره‌ كاتێ زیندوو بوو وتی: من دوای سێ ڕۆژ هه‌ڵده‌ستمه‌وه‌. 64 جا فه‌رمان بده‌ تا ڕۆژی سێیه‌م گۆڕه‌كه‌ی پاس بكرێت، نه‌وه‌ک قوتابییه‌كانی بێن و بیدزن، ئه‌وسا به‌ گه‌ل بڵێن: له‌نێوان مردووان هه‌ستاوه‌ته‌وه‌. جا گومڕایی دوایی له‌وه‌ی یه‌كه‌م خراپتر ده‌بێت!” 65 پیڵاتوسیش وتی: پاسه‌وانتان هه‌یه‌، بڕۆن چۆنتان پێ باشه‌ وا پاسی بكه‌ن”. 66 ئه‌وانیش چوون گۆڕه‌كه‌یان پاس كرد، مۆریان له‌ به‌رده‌كه‌ دا و پاسه‌وانیان دانا.

Currently Selected:

مه‌تته‌ی 27: PNTZS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

YouVersion uses cookies to personalize your experience. By using our website, you accept our use of cookies as described in our Privacy Policy