YouVersion Logo
Search Icon

مه‌تته‌ی 26

26
1 كاتێ ئیشۆع هه‌موو ئه‌م فه‌رموودانه‌ی ته‌واو كرد، به‌ قوتابییه‌كانی خۆی فه‌رموو:
2 “ده‌زانن په‌سخه‌ دوو ڕۆژی ماوه‌. ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش ڕاده‌ست ده‌كرێت تاكو له‌خاچ بدرێت”.
3 ئینجا كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانان و پیرانی گه‌ل له‌ كۆشكی كاهینی باڵا كه‌ ناوی قه‌یاپا بوو كۆببوونه‌وه‌، 4 ڕاوێژیان كرد، بۆئه‌وه‌ی به‌ فێڵێک ئیشۆع بگرن و بیكوژن. 5 به‌ڵام وتیان: “نه‌ک له‌ جه‌ژندا، نه‌وه‌ک ئاژاوه‌ بكه‌وێته‌ نێو گه‌ل”.
6 كاتێ ئیشۆع له‌ بتعه‌نیا له‌ ماڵی شیمعونی گول بوو، 7 ژنێک به‌ شووشه‌یه‌كی بۆنی گرانبه‌هاوه‌ بۆ لای هات و بۆنه‌كه‌ی به‌سه‌ریدا ڕژاند كه‌ له‌سه‌ر خوان بوو. 8 كاتێ قوتابییه‌كانی ئه‌مه‌یان بینی، تووڕه‌ بوون و وتیان: “ئه‌م ده‌ست بڵاوییه‌ی بۆ چییه‌؟ 9 ده‌توانرا به‌ نرخێكی گران بفرۆشرایه‌ و بدرایه‌ته‌ هه‌ژاران”. 10 ئیشۆع زانی و پێی فه‌رموون: “بۆچی ژنه‌كه‌ هه‌راسان ده‌كه‌ن؟ ئه‌م شتێكی چاكی بۆ من كرد. 11 هه‌ژاران هه‌میشه‌ له‌لاتانن، به‌ڵام من هه‌میشه‌ له‌لاتان نیم. 12 كاتێ ئه‌و ئه‌م بۆنه‌ی به‌سه‌ر له‌شمدا ڕژاند، بۆ كفنكردنم ئه‌مه‌ی كرد. 13 ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: له‌ هه‌موو جیهاندا له‌ هه‌ر كوێ ئه‌م ئینجیله‌ ڕابگه‌یندرێت، باسی ئه‌وه‌ش ده‌كرێت كه‌ ئه‌م ژنه‌ كردوویه‌تی، بۆ یادكردنه‌وه‌ی”.
14 ئینجا یه‌كێک له‌ دوازده‌كه‌ كه‌ ناوی ئیهوودای ئه‌سخه‌ریوتی بوو، بۆ لای كاهینانی باڵا ڕۆیشت، 15 وتی: “چیم ده‌ده‌نێ تاكو ڕاده‌ستی ئێوه‌ی بكه‌م؟” ئه‌وانیش سی دراوی زیویان بۆ كێشا. 16 ئیتر له‌و كاته‌وه‌ بۆ هه‌لێک ده‌گه‌ڕا تاكو ڕاده‌ستی بكات.
17 له‌ یه‌كه‌می جه‌ژنی فه‌تیره‌دا، قوتابییه‌كان هاتنه‌ لای ئیشۆع و پێیان وت: “ده‌ته‌وێ له‌كوێ خواردنی په‌سخه‌ت بۆ ئاماده‌بكه‌ین؟” 18 فه‌رمووی: “بڕۆنه‌ نێو شار، بۆ لای فڵانه‌ كه‌س، پێی بڵێن: ڕابی ده‌فه‌رمووێ، كاتم نزیک بووه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانم له‌لای تۆ په‌سخه‌ ده‌كه‌م”. 19 قوتابییه‌كانیش فه‌رمانی ئیشۆعیان جێبه‌جێ كرد و په‌سخه‌یان ئاماده‌ كرد.
20 كه‌ ئێواره‌ داهات، له‌گه‌ڵ دوازده‌كه‌ پاڵیدایه‌وه‌. 21 كاتێ نانیان ده‌خوارد، فه‌رمووی: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: یه‌كێكتان ڕاده‌ستم ده‌كات”. 22 ئه‌وانیش زۆر خه‌مبار بوون، هه‌ریه‌كه‌ پێیان وت: “په‌روه‌ردگار، ئه‌و كه‌سه‌ منم؟” 23 وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵم ده‌ست ده‌خاته‌ نێو قاپه‌كه‌، ئه‌و ڕاده‌ستم ده‌كات! 24 ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێت وه‌كو له‌سه‌ری نووسراوه‌ بڕوات، به‌ڵام وه‌ی به‌حاڵ ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ست ده‌كرێت! باشتر بوو بۆ ئه‌و پیاوه‌ هه‌ر له‌دایک نه‌بووایه‌!”. 25 ئینجا ئیهوودا، ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستی ده‌كات، وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “گه‌وره‌م، ئه‌و كه‌سه‌ منم؟” پێی فه‌رموو: “خۆت وتت”.
26 كه‌ نانیان ده‌خوارد، ئیشۆع نانێكی هه‌ڵگرت، داڕشتیكرد و له‌تیكرد، دایه‌ قوتابییه‌كان و فه‌رمووی: “بگرن، بخۆن، ئه‌مه‌ له‌شی منه‌”. 27 ئینجا جامه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و داڕشتیكرد، پێیدان و فه‌رمووی: “هه‌موو لێی بخۆنه‌وه‌، 28 چونكه‌ ئه‌مه‌ خوێنی منه‌، كه‌ بۆ په‌یمانی نوێ له‌پێناوی زۆر كه‌سدا بۆ گوناهبه‌خشین ده‌ڕژێت. 29 پێشتان ده‌ڵێم: له‌مه‌ودوا من له‌م به‌رهه‌مه‌ی مێو ناخۆمه‌وه‌، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌ پاشایه‌تیی باوكم به‌ نوێتی له‌گه‌ڵتان ده‌یخۆمه‌وه‌”. 30 ئینجا ستایشیان كرد و بۆ كێوی زه‌یتوون ده‌رچوون.
31 ئینجا ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئه‌مشه‌و هه‌مووتان گومانم لێده‌كه‌ن، چونكه‌ نووسراوه‌: {له‌ شوانه‌كه‌ ده‌ده‌م، مێگه‌له‌كه‌ په‌رت ده‌بێت}. 32 به‌ڵام دوای هه‌ستانه‌وه‌م، پێشتان ده‌كه‌وم بۆ گلیلا”. 33 په‌تڕۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وت: “ئه‌گه‌ر هه‌موو گومانت لێ بكه‌ن، من هه‌رگیز گومانت لێ ناكه‌م”. 34 ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم: ئه‌مشه‌و پێش ئه‌وه‌ی كه‌ڵه‌شێر بقوولێنێت، تۆ سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت”. 35 په‌تڕۆس پێی وت: “ئه‌گه‌ر ناچاریش بووم له‌‌گه‌ڵت بمرم، نكۆڵیت لێ ناكه‌م!” قوتابییه‌كانیش هه‌موو وایان وت.
36 دوای ئه‌وه‌ ئیشۆع له‌گه‌ڵیان بۆ گوندێک هات پێی ده‌ووترا، گێتسیمه‌ن، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “لێره‌ دانیشن، تاكو ده‌چمه‌ ئه‌وێ نوێژ ده‌كه‌م”. 37 په‌تڕۆس و دوو كوڕه‌كه‌ی زه‌بدی برد، په‌ژاره‌ و خه‌م دایده‌گرت. 38 پێی فه‌رموون: “زۆر دڵته‌نگم خه‌ریكه‌ بمرم، لێره‌ بمێننه‌وه‌ و بێداربن له‌گه‌ڵم”. 39 كه‌مێک چووه‌ پێش و به‌ ڕوودا چووه‌ سه‌ر زه‌وی، نوێژی ده‌كرد و ده‌یفه‌رموو: “باوكه‌، ئه‌گه‌ر ده‌كرێت ئه‌م جامه‌م له‌سه‌ر تێپه‌ڕێت. به‌ڵام نه‌ک وه‌ک من ده‌مه‌وێت، به‌ڵكو تۆ”. 40 ئینجا هاته‌وه‌ لای قوتابییه‌كان، بینی نووستوون، به‌ په‌تڕۆسی فه‌رموو: “وه‌ها نه‌تانتوانی كاژێرێ بێداربن له‌گه‌ڵم؟ 41 بێداربن و نوێژ بكه‌ن، نه‌وه‌ک بچنه‌ نێو تاقیكردنه‌وه‌. چونكه‌ ڕووح چالاكه‌، به‌ڵام جه‌سته‌ لاوازه‌”. 42 دیسان ڕۆیشته‌وه‌ نوێژی كرد و فه‌رمووی: “باوكه‌! ئه‌گه‌ر ناكرێت ئه‌م جامه‌ له‌سه‌رم تێپه‌ڕێت و هه‌ر ده‌بێت بیخۆمه‌وه‌، با خواستی تۆ بێت. 43 ئینجا هاته‌وه‌ دیسان بینی نووستوون، چونكه‌ چاویان قورس ببوو. 44 ئیتر وازی لێ هێنان و چوو بۆ جاری سێیه‌م نوێژی كرد و هه‌مان شتی وته‌وه‌. 45 دوایی هاته‌ لای قوتابییه‌كانی و پێی فه‌رموون: “ئێستا بنوون و پشوو بده‌ن! ئه‌وه‌تا كاته‌كه‌ نزیک بووه‌وه‌‌ و ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ستی گوناهباران ده‌كرێت. 46 هه‌ستن با بڕۆین! ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستم ده‌كات نزیک بووه‌وه‌!”.
47 هێشتا ئه‌و قسه‌ی ده‌كرد، ئیهوودا هات كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دوازده‌كه‌، كۆمه‌ڵێكی زۆری له‌گه‌ڵ بوو، به‌ شمشێر و داره‌وه‌ له‌لایه‌ن كاهینانی باڵا و پیرانی گه‌له‌وه‌ نێردرابوون. 48 ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستی كرد نیشانه‌یه‌كی پێدان و وتبووی: “ئه‌وه‌ی ماچی ده‌كه‌م ئه‌وه‌ خۆیه‌تی، بیگرن”. 49 یه‌كسه‌ر هاته‌ لای ئیشۆع و وتی: “سڵاو گه‌وره‌م!”. ئینجا ماچی كرد. 50 ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “هاوڕێ، بۆ چی هاتوویت؟” ئینجا هاتنه‌ پێشه‌وه‌ و ئیشۆعیان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد و گرتییان. 51 یه‌كێک له‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئیشۆعدان، ده‌ستی درێژكرد و شمشێره‌كه‌ی هه‌ڵكێشا، له‌ كۆیله‌یی كاهینی باڵای دا و گوێی بڕی. 52 ئیشۆع پێی فه‌رموو: “شمشێره‌كه‌ت بگه‌ڕێنه‌وه‌ كێلانه‌كه‌ی، چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی شمشێر هه‌ڵده‌گرن، به‌ شمشێر له‌ناوده‌چن!. 53 وا ده‌زانیت ناتوانم ئێستا داوا له‌ باوكم بكه‌م، زیاتر له‌ دوازده‌ له‌شكر فریشته‌م بۆ بنێرێت؟ 54 ئیتر چۆن سیپاره‌كان دێنه‌ دی، كه‌ ده‌ڵێن به‌و شێوه‌یه‌ پێویسته‌ ڕووبدات؟”.
55 له‌و كاته‌دا ئیشۆع به‌ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ی فه‌رموو: “وه‌ک بۆ گرتنی دزێک به‌ شمشێر و داره‌وه‌ هاتوون بمبه‌ن! هه‌موو ڕۆژێک له‌ په‌رستگا له‌گه‌ڵتان دانیشتبووم خه‌ریكی فێركردن بووم، نه‌تانگرتم. 56 به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌مووی ڕوویدا بۆ هاتنه‌دیی سیپاره‌كانی پێغه‌مبه‌ران”. ئینجا هه‌موو قوتابییه‌كان به‌جێیان هێشت و هه‌ڵاتن.
57 ئه‌وانه‌ی ئیشۆعیان گرت، بردییانه‌ لای قه‌یاپا كاهینی باڵا، له‌وێ ته‌وراتزانه‌كان و پیران كۆببوونه‌وه‌. 58 په‌تڕۆسیش دووربه‌دوور بۆ ماڵی كاهینی باڵا دوای كه‌وت، ئینجا چووه‌ ژووره‌وه‌ و له‌نێوان ڕاژه‌وانان دانیشت تاكو كۆتاییه‌كه‌ ببینێت. 59 كاهینانی باڵا و هه‌موو سه‌نهه‌دریم به‌دوای گه‌واهییه‌كی درۆدا ده‌گه‌ڕان دژ به‌ ئیشۆع، تاكو به‌ كوشتنی بده‌ن. 60 به‌ڵام هیچیان نه‌دۆزییه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ زۆر گه‌واهیده‌ری درۆزن هاتن. به‌ڵام له‌ كۆتاییدا دووان هاتن، 61 وتیان: “ئه‌مه‌ وتی: ده‌توانم په‌رستگای خودا بڕوخێنم و به‌ سێ ڕۆژ بنیادی بنێمه‌وه‌”. 62 كاهینی باڵا هه‌ستا و پێی وت: “هیچ وه‌ڵام ناده‌یته‌وه‌؟ ئه‌م پیاوانه‌ گه‌واهیی چی له‌سه‌ر تۆ ده‌ده‌ن؟” 63 به‌ڵام ئیشۆع بێده‌نگ بوو. جا كاهینانی باڵا وه‌ڵامی دایه‌وه‌ وپێی وت: “سوێندت ده‌ده‌م به‌ خودای زیندوو، پێمان بڵێ، تۆ مه‌سیحه‌كه‌ی، ڕۆڵه‌ی خودا؟”. 64 ئیشۆع پێی فه‌رموو: “خۆت وتت! منیش پێتان ده‌ڵێم، له‌ ئێستاوه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بینن له‌ لای ڕاستی توانادار داده‌نیشێت و له‌سه‌ر هه‌وری ئاسماندا دێته‌وه‌”. 65 ئینجا كاهینانی باڵا جله‌كانی خۆی دادڕی و وتی: “كفری كرد! ئیتر چ پێویستیمان به‌ گه‌واهیده‌ر هه‌یه‌؟ ئه‌وه‌تا گوێتان له‌ كفره‌كه‌ی بوو! 66 چی ده‌بینن؟” وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و وتیان: “شایانی مه‌رگه‌” 67 ئینجا تفیان له‌ڕووی كرد و مستیان لێدا، هه‌ندێكیش زللـه‌یان لێدا و 68 وتیان: “ئه‌ی مه‌سیح پێشبینی بكه‌، كێ بوو لێیدایت؟”.
69 له‌و كاته‌دا په‌تڕۆس له‌ حه‌وشه‌ی ده‌ره‌وه‌ دانیشتبوو. كه‌نیزه‌یه‌ک هاته‌ لای و وتی: “تۆش له‌گه‌ڵ ئیشۆعی گلیلایی بوویت!”. 70 ئه‌ویش له‌به‌رده‌م هه‌موویان نكۆڵی كرد و وتی: “نازانم چی ده‌ڵێی!” 71 ئینجا ده‌رچووه‌ داڵانه‌كه‌، یه‌كێكی دیكه‌ش بینی و به‌وانه‌ی ئه‌وێی وت: “ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ ئیشۆعی ناسڕه‌تیی بوو!” 72 دیسان به‌ سوێنده‌وه‌ نكۆڵیی لێكرد: “من ئه‌و پیاوه‌ ناناسم!” 73 دوای كه‌مێک ئه‌وانه‌ی له‌وێ ڕاوه‌ستابوون هاتن و به‌ په‌تڕۆسیان وت: “به‌ ڕاستی تۆش له‌وانیت، به‌ زمانته‌وه‌ دیاره‌!” 74 جا ده‌ستیكرد به‌ نه‌فره‌تكردن و سوێندخواردن: “من ئه‌و پیاوه‌ ناناسم!” یه‌كسه‌ر كه‌ڵه‌شێر قوولاندی. 75 ئه‌وسا په‌تڕۆس فه‌رمووده‌كه‌ی ئیشۆعی بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ فه‌رمووی: “پێش ئه‌وه‌ی كه‌ڵه‌شێر بقوولێنێت، سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت”. ئیتر چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ كوڵ گریا.

Currently Selected:

مه‌تته‌ی 26: PNTZS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

YouVersion uses cookies to personalize your experience. By using our website, you accept our use of cookies as described in our Privacy Policy