YouVersion Logo
Search Icon

مه‌تته‌ی 21

21
1 كاتێ له‌ یروشلایم نزیک بوونه‌وه‌، گه‌یشتنه‌ بێتفاجی لای كێوی زه‌یتوون، ئیشۆع دووان له‌ قوتابییه‌كانی نارد 2 پێی فه‌رموون: “بڕۆنه‌ ئه‌و گونده‌ی به‌رامبه‌رتان، یه‌كسه‌ر ماكه‌رێک ده‌بینن به‌ستراوه‌ته‌وه‌، جاشه‌كه‌ی له‌گه‌ڵه‌. بیكه‌نه‌وه‌ و بۆمیان بهێنن. 3 ئه‌گه‌ر یه‌كێک شتێكی پێ وتن، بڵێن: په‌روه‌ردگار پێویستی پێیانه‌، ئه‌ویش یه‌كسه‌ر ده‌یاننێرێت”. 4 ئه‌مه‌ش ڕوویدا تاكو ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ وتراوه‌ بێته‌دی كه‌ ده‌فه‌رمووێ: 5 {به‌ كچه‌كه‌ی سهیۆن بڵێن، ئه‌وه‌تا پاشاكه‌ت دێته‌ لات، دڵنه‌رمه‌ و سواری ماكه‌رێک و جاشی ماكه‌رێک بووه‌}. 6 دوو قوتابییه‌كه‌ ڕۆیشتن، وه‌ک ئیشۆع فه‌رمانی پێدابوون، كردیان. 7 ماكه‌ر و جاشه‌كه‌یان هێنا، جلوبه‌رگه‌كانیان له‌سه‌ر پشتیان ڕاخست و ئیشۆع سواربوو. 8 كۆمه‌ڵانێكی زۆرتر جلوبه‌رگه‌كانیان له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ ڕاخست. خه‌ڵكی دیكه‌ لقیان له‌ دار بڕییه‌وه‌ و له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ ڕایانخست. 9 ئه‌و كۆمه‌ڵانه‌ی وا له‌ پێشی ده‌ڕۆیشتن و ئه‌وانه‌ش كه‌ دوای كه‌وتبوون، هاواریان ده‌كرد: “هۆشانا بۆ ڕۆڵه‌ی داوید! پیرۆزه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ دێت! هۆشانا له‌ به‌رزایی!” 10 كاتێ چووه‌ نێو یروشلایم، هه‌موو شاره‌كه‌ خرۆشا و وتیان: “ئه‌مه‌ كێیه‌؟” 11 كۆمه‌ڵانه‌كه‌ش وتیان: “ئه‌مه‌ پێغه‌مبه‌ر ئیشۆعه‌، خه‌ڵكی ناسڕه‌تی گلیلایه‌”.
12 ئیشۆع چووه‌ نێو په‌رستگای خودا، هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌ركرد كه‌ كڕین و فرۆشتنیان له‌ په‌رستگادا ده‌كرد، مێزی پاره‌گۆڕه‌وان و ته‌ختی كۆترفرۆشانی وه‌رگێڕا. 13 پێی فه‌رموون: “نووسراوه‌، {ماڵه‌كه‌م به‌ ماڵی نوێژ ناوده‌بردرێت}، به‌ڵام ئێوه‌ كردووتانه‌ به‌ {ئه‌شكه‌وتی دزان!} 14 نابینا و شه‌له‌كان له‌ په‌رستگا هاتنه‌ لای و ئه‌ویش چاكیكردنه‌وه‌. 15 به‌ڵام كاتێ كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ئه‌م كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌یان بینی كه‌ ئه‌و كردی و منداڵانیش له‌ په‌رستگا هاواریان ده‌كرد: “هۆشانا بۆ ڕۆڵه‌ی داوید”، ڕقیان هه‌ستا و 16 پێیان وت: “گوێت لێیه‌ ئه‌وانه‌ چی ده‌ڵێن؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “به‌ڵێ! ئه‌ی قه‌ت نه‌تانخوێندۆته‌وه‌: {له‌ زاری منداڵان و شیره‌خۆرانه‌وه‌ ستایشت بۆ خۆت داڕشتووه‌؟}17 ئه‌وسا به‌جێیهێشتن و به‌ره‌و بتعه‌نیا چووه‌ ده‌ره‌وه‌ی شار، شه‌و له‌وێ مایه‌وه‌.
18 به‌یانی كه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ شار، برسیی بوو. 19 دارهه‌نجیرێكی له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ بینی و هاته‌ لای، له‌ گه‌ڵا زیاتر هیچی پێوه‌ نه‌بینی، ئینجا پێی فه‌رموو: “ئیتر تاهه‌تایه‌ به‌ر نه‌گریت!”. یه‌كسه‌ر دارهه‌نجیره‌كه‌ وشک بوو. 20 كاتێ قوتابییه‌كان ئه‌وه‌یان بینی، سه‌رسام بوون و وتیان: “چۆن یه‌كسه‌ر دارهه‌نجیره‌كه‌ وشک بوو؟” 21 ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر باوه‌ڕتان هه‌بێت و گومان نه‌كه‌ن، نه‌ک هه‌ر ئه‌مه‌ی دارهه‌نجیره‌كه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر به‌م كێوه‌ش بڵێن، هه‌ڵبكه‌ندرێ و بكه‌وه‌ نێو ده‌ریاوه‌، وا ده‌بێت. 22 جا هه‌رچی له‌ نوێژدا به‌ باوه‌ڕه‌وه‌ داوای بكه‌ن، وه‌ریده‌گرن”.
23 كه‌ هاته‌ په‌رستگا و خه‌ڵكه‌كه‌ی فێرده‌كرد، كاهینانی باڵا و پیرانی گه‌ل هاتنه‌ لای و وتیان: “ئه‌مانه‌ به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ده‌كه‌یت؟ كێ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی پێت داوه‌؟” 24 ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “منیش پرسێكتان لێ ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر وه‌ڵامتان دامه‌وه‌، منیش پێتان ده‌ڵێم به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌مانه‌ ده‌كه‌م. 25 عه‌مادكردنی یوخه‌ننه‌ن، له‌كوێوه‌ بوو؟ له‌ ئاسمانه‌وه‌ بوو یان له‌ مرۆڤه‌وه‌؟” ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ خۆیاندا بیریان كرده‌وه‌، وتیان: “ئه‌گه‌ر بڵێین له‌ ئاسمانه‌وه‌ بوو، پێمان ده‌ڵێت بۆچی باوه‌ڕتان پێی نه‌هێنا؟ 26 ئه‌گه‌ریش بڵێین له‌ مرۆڤه‌وه‌ بوو، له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌ترسین، چونكه‌ هه‌موو یوخه‌ننه‌ن به‌ پێغه‌مبه‌ر داده‌نێن”. 27 ئینجا وه‌ڵامی ئیشۆعیان دایه‌وه‌ و وتیان: “نازانین”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “منیش پێتان ناڵێم به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌مانه‌ ده‌كه‌م”.
28 “ڕاتان چییه‌؟ پیاوێک دوو كوڕی هه‌بوو. هاته‌ لای یه‌كه‌میان و وتی: ڕۆڵه‌، ئه‌مڕۆ بڕۆ له‌ ڕه‌زه‌كه‌مدا كار بكه‌. 29 وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: ناڕۆم. پاشان په‌شیمان بووه‌وه‌ و ڕۆیشت. 30 هاته‌ لای دووه‌م و هه‌مان قسه‌ی كرد. وه‌ڵامی دایه‌وه‌: به‌سه‌رچاو، گه‌وره‌م! به‌ڵام نه‌ڕۆیشت. 31 ئایا كام له‌م دووانه‌ به‌ خواستی باوكیان كرد؟” وتیان: “یه‌كه‌میان”. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: باجگران و داوێنپیسان له‌ چوونه‌ نێو پاشایه‌تیی خودا پێشتان ده‌كه‌ون. 32 چونكه‌ یوخه‌ننه‌ن به‌ ڕێگای ڕه‌وا بۆ لاتان هات و باوه‌ڕتان پێی نه‌هێنا، به‌ڵام باجگران و داوێنپیسان باوه‌ڕیان پێی هێنا. دواتر كه‌ بینیشتان، هه‌ر تۆبه‌تان نه‌كرد و باوه‌ڕتان پێی نه‌هێنا”.
33 “گوێ له‌ په‌ندێكی دیكه‌ بگرن: گه‌وره‌ی ماڵێک هه‌بوو ڕه‌زێكی چاند، ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی په‌رژین كرد، گوشێنه‌رێكی ترێی تێدا هه‌ڵكۆڵی و قوللـه‌یه‌كی بنیاد نا. به‌ ڕه‌زه‌وانانی سپارد و گه‌شتی كرد. 34 كاتێ وه‌رزی به‌رهه‌م نزیک بووه‌وه‌، كۆیله‌كانی نارده‌ لای ڕه‌زه‌وانه‌كان تاكو به‌رهه‌مه‌كه‌ی وه‌ربگرن. 35 ڕه‌زه‌وانه‌كان كۆیله‌كانیان گرت، له‌ هه‌ندێكیان دا و هه‌ندێكیان كوشت و هه‌ندێكیشیان به‌ردباران كرد. 36 دیسان كۆیله‌ی زیاتری له‌وانه‌ی پێشوو نارد، هه‌مان شتیان له‌وانیش كرد. 37 له‌ كۆتاییدا كوڕه‌كه‌ی بۆ لایان نارد، وتی: ڕێزی كوڕه‌كه‌م ده‌گرن! 38 به‌ڵام ڕه‌زه‌وانه‌كان كه‌ كوڕه‌كه‌یان بینی له‌نێو خۆیاندا وتیان: ئه‌مه‌تا میراتگر!، با بیكوژین، تاكو میراته‌كه‌ی ببه‌ین! 39 ئینجا گرتییان و بردیانه‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌زه‌كه‌ و كوشتیان. 40 كاتێ خاوه‌ن ڕه‌زه‌كه‌ دێت، چی له‌و ڕه‌زه‌وانانه‌ ده‌كات؟” 41 پێیان وت: “ئه‌و به‌دكارانه‌ به‌ خراپی له‌ناوده‌بات و ڕه‌زه‌كه‌ش ده‌داته‌ ده‌ست ڕه‌زه‌وانانی دیكه‌، ئه‌وانه‌ی له‌ وه‌رزی خۆی به‌رهه‌می ده‌ده‌نێ”. 42 ئیشۆع پێی فه‌رموون: “قه‌ت له‌ په‌رتووكه‌كاندا نه‌تانخوێندۆته‌وه‌: {ئه‌و به‌رده‌ی بنیادنه‌ران ڕه‌تیان كرده‌وه‌ بووه‌ به‌ردی قولینچک؟ ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بوو، له‌به‌رچاومان سه‌یره‌؟} 43 بۆیه‌ پێتان ده‌ڵێم: پاشایه‌تیی خودا لێتان ده‌سه‌نرێته‌وه‌ و ده‌درێته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ک كه‌ به‌رهه‌م ده‌دات. 44 ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌م به‌رده‌دا بكه‌وێت تێكده‌شكێت، ئه‌وه‌ش كه‌ به‌سه‌ریدا بكه‌وێت پانی ده‌كاته‌وه‌!”.
45 كاتێ كاهینانی باڵا و په‌ڕیشییه‌كان په‌نده‌كانیان بیست، زانییان باسی ئه‌وان ده‌كات. 46 بۆیه‌ ده‌یانویست بیگرن، به‌ڵام له‌ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ ترسان، چونكه‌ به‌ پێغه‌مبه‌ریان داده‌نا.

Currently Selected:

مه‌تته‌ی 21: PNTZS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

YouVersion uses cookies to personalize your experience. By using our website, you accept our use of cookies as described in our Privacy Policy