YouVersion Logo
Search Icon

مه‌تته‌ی 14

14
1 له‌و كاته‌دا هیڕوودسی تیترارک ناوبانگی ئیشۆعی بیست، 2 به‌ پیاوه‌كانی وت: “ئه‌مه‌ یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكاره‌ له‌نێو مردوواندا هه‌ستاوه‌ته‌وه‌! بۆیه‌ هێزی په‌رجو له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌كرێت”.
3 چونكه‌ هیڕوودس، له‌به‌ر هیڕوودییای ژنی پیلیپوسی برای، یوخه‌ننه‌نی گرتبوو و په‌لبه‌ستی كردبوو و خستبوویه‌ زیندانه‌وه‌. 4 چونكه‌ یوخه‌ننه‌ن پێی ده‌فه‌رموو: دروست نییه‌ تۆ بیخوازیت. 5 ئه‌ویش ده‌یویست بیكوژێت، به‌ڵام له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌ترسا، چونكه‌ به‌ پێغه‌مبه‌ریان داده‌نا. 6 جا له‌ جه‌ژنی له‌دایكبوونی هیڕوودس، كچی هیڕوودییا له‌ ناوه‌ڕاستدا سه‌مای كرد و هیڕوودسی دڵخۆش كرد، 7 ئه‌وه‌بوو به‌ سوێنده‌وه‌ به‌ڵێنی پێی دا، چی داوا بكات بیداتێ. 8 كچه‌ش به‌ فیتی دایكی، وتی: “لێره‌ له‌سه‌ر سینییه‌ک سه‌ری یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكارم بده‌رێ”. 9 پاشاش دڵگران بوو، به‌ڵام له‌به‌ر سوێنده‌كان و میوانه‌كان، فه‌رمانی دا بیده‌نێ. 10 ئینجا ناردی و له‌ زیندان سه‌ری یوخه‌ننه‌ن بڕا و 11 سه‌ره‌كه‌ی له‌سه‌ر سینییه‌ک هێنرا و درایه‌ كچه‌كه‌، ئه‌ویش بردییه‌ لای دایكی. 12 قوتابییه‌كانی هاتن ته‌رمه‌كه‌یان هه‌ڵگرت و ناشتییان. ئینجا هاتن هه‌واڵیان دایه‌ ئیشۆع.
13 كه‌ ئیشۆع ئه‌مه‌ی بیست، به‌ ته‌نها به‌ره‌و شوێنێكی چۆڵ، به‌ كه‌شتیه‌ک ئه‌وێی به‌جێهێشت. كاتێ كۆمه‌ڵانه‌كان بیستیان، له‌ شاره‌كانه‌وه‌ به‌ پیاده‌ دوای كه‌وتن.
14 كاتێ ده‌رچوو، كۆمه‌ڵانێكی زۆری بینی، دڵی پێیان سووتا و نه‌خۆشه‌كانیانی چاككرده‌وه‌. 15 كاتێ ئێواره‌ داهات، قوتابییه‌كانی هاتنه‌ لای و وتیان: “شوێنه‌كه‌ چۆڵه‌ و كاتیش دره‌نگه‌. خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ڕێكه‌ با بڕۆنه‌ گونده‌كان، خواردن بۆ خۆیان بكڕن”. 16 ئیشۆع پێی فه‌رموون: “پێویست ناكات بڕۆن. خۆتان شتێكیان بده‌نێ با بیخۆن”. 17 ئه‌وانیش پێیان وت: “لێره‌ له‌ پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییه‌”. 18 ئه‌ویش فه‌رمووی: “بۆمی بهێننه‌ ئێره‌”. 19 فه‌رمانی به‌ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ دا له‌سه‌ر گیاكه‌ دانیشن. ئینجا پێنج نانه‌كه‌ و دوو ماسییه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و چاوی هه‌ڵبڕیه‌ ئاسمان، داڕشتی كرد و له‌تی كردن، ئینجا نانه‌كانی دایه‌ قوتابییه‌كان، قوتابیه‌كانیش دایانه‌ كۆمه‌ڵانه‌كه‌. 20 هه‌موو خواردیان و تێر بوون. پاشان له‌و له‌ته‌نانه‌ی مایه‌وه‌ دوازده‌ سه‌به‌ته‌ی پڕیان هه‌ڵگرته‌وه‌. 21 نانخۆران نزیكه‌ی پێنج هه‌زار پیاو بوون، بێجگه‌ له‌ ژن و منداڵ.
22 یه‌كسه‌ر قوتابییه‌كانی ناچار كرد سواری كه‌شتییه‌كه‌ بن و پێشی بكه‌ون بۆ ئه‌وبه‌ر، تاكو كۆمه‌ڵانه‌كه‌ به‌ڕێ ده‌كات. 23 كاتێ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ی به‌ڕێكرد، به‌ ته‌نها چووه‌ سه‌ر شاخه‌كه‌ تاكو نوێژ بكات. كه‌ ئێواره‌ داهات له‌وێ به‌ ته‌نها بوو، 24 كه‌شتیه‌كه‌ش گه‌یشتبووه‌ ناوه‌ڕاستی ده‌ریاكه‌وه‌، شه‌پۆڵه‌كانیش پێایاندا ده‌كێشا، چونكه‌ باكه‌ پێچه‌وانه‌ بوو. 25 له‌ چواره‌م به‌تڵی شه‌ودا ئیشۆع بۆ لایان چوو و به‌سه‌ر ده‌ریاكه‌دا ده‌ڕۆیشت. 26 كاتێ قوتابییه‌كان بینییان له‌سه‌ر ده‌ریاكه‌ ده‌ڕوات، شڵه‌ژان و وتیان: “ئه‌مه‌ دێوه‌زمه‌یه‌”! له‌ ترسانیش هاواریان كرد! 27 یه‌كسه‌ر ئیشۆع قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردن و فه‌رمووی: “دڵنیابن! ئه‌وه‌ منم. مه‌ترسن”. 28 په‌تڕۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر تۆی، فه‌رمانم پێ بده‌ به‌سه‌ر ئاوه‌كه‌دا بێمه‌ لات”. 29 فه‌رمووی: “وه‌ره‌”. په‌تڕۆس له‌ كه‌شتیه‌كه‌ دابه‌زی و به‌سه‌ر ئاوه‌كه‌دا ڕۆیشت تاكو بۆ لای ئیشۆع بێت. 30 به‌ڵام كاتێ بینی باكه‌ تونده‌، ترسا و خه‌ریک بوو نوقوم بێت، به‌هاواره‌وه‌ وتی: “په‌روه‌ردگار، قوتارم بكه‌!” 31 ئیشۆعیش یه‌كسه‌ر ده‌ستی درێژكرد و گرتییه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “كه‌م باوه‌ڕ، بۆچی گومانت كرد؟” 32 كه‌ سه‌ركه‌وتنه‌ نێو كه‌شتییه‌كه‌، باكه‌ هێمن بووه‌وه‌. 33 ئه‌وانه‌ی له‌نێو كه‌شتییه‌كه‌ بوون، هاتن و كڕنۆشیان بۆ برد و وتیان: “به‌ ڕاستی تۆ ڕۆڵه‌ی خودای”.
34 كاتێ په‌ڕینه‌وه‌، هاتنه‌ زه‌ویی گینیسه‌ڕ. 35 پیاوانی ئه‌و شوێنه‌ ناسیانه‌وه‌. هه‌واڵیان نارد بۆ هه‌موو ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ر و هه‌موو نه‌خۆشه‌كانیان بۆی هێنا. 36 داوایان لێكرد ته‌نها ده‌ست له‌ چمكی جله‌كه‌ی بده‌ن. جا هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان لێیدا چاكبوونه‌وه‌.

Currently Selected:

مه‌تته‌ی 14: PNTZS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

YouVersion uses cookies to personalize your experience. By using our website, you accept our use of cookies as described in our Privacy Policy