YouVersion Logo
Search Icon

مه‌تته‌ی 13

13
1 هه‌ر له‌و ڕۆژدا ئیشۆع له‌ ماڵ ده‌رچوو و له‌ كه‌ناری ده‌ریاكه‌‌ دانیشت. 2 كۆمه‌ڵانێكی زۆر لێی كۆبووه‌وه‌، وابوو چووه‌ نێو كه‌شتیێک دانیشت، كۆمه‌ڵانه‌كه‌ش هه‌موو له‌ كه‌ناره‌كه‌ ڕاوه‌ستان. 3 به‌ په‌ند باسی زۆر شتی بۆ كردن و فه‌رمووی: “تۆوده‌ر چوو تۆو بكات. 4 كه‌ تۆوی ده‌كرد، هه‌ندێكی كه‌وته‌ سه‌ر ڕێگا، باڵنده‌ هاتن و خواردیانن. 5 هه‌ندێكیش كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وییه‌كی به‌رده‌ڵان كه‌ گڵی زۆر نه‌بوو، خێرا سه‌ری ده‌ركرد، قووڵیی گڵیشی نه‌بوو. 6 به‌ڵام كه‌ خۆر هه‌ڵهات سووتا، له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕه‌گی نه‌بوو، وشک بوو. 7 هه‌ندێكیشیان كه‌وته‌ نێو دڕكان، دڕكه‌كان گه‌وره‌ بوون و خنكاندیانن. 8 به‌ڵام هه‌ندێكیان كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وییه‌كی باش و به‌رهه‌میان دا، هه‌ندێک سه‌د و هه‌ندێک شه‌ست و هه‌ندێكیش سی. 9 ئه‌وه‌ی دوو گوێی هه‌یه‌ بۆ بیستن، با ببیستێت!”
10 قوتابییه‌كان هاتنه‌ پێشه‌وه‌ و پێیان وت: “بۆچی به‌ په‌ند فه‌رمووده‌یان بۆ ده‌كه‌یت؟” 11 وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “چونكه‌ به‌ ئێوه‌ دراوه‌ نهێنیه‌كانی پاشایه‌تیی ئاسمانان بزانن، به‌ڵام به‌وان نه‌دراوه‌. 12 وه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی، پێی ده‌درێت و بۆی زیاد ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نییه‌تی، ئه‌وه‌ش كه‌ هه‌یه‌تی لێی ده‌سه‌نرێته‌وه‌. 13 بۆیه‌ به‌ په‌ند قسه‌یان بۆ ده‌كه‌م چونكه‌ سه‌یر ده‌كه‌ن، به‌ڵام نابینن، گوێ ده‌گرن، به‌ڵام نابیستن و تێناگه‌ن. 14 پێشبینییه‌كه‌ی ئێشه‌عیا له‌واندا هاته‌ دی، كه‌ ده‌فه‌رمووێ: {بیستن ده‌بیستن، به‌ڵام تێناگه‌ن، سه‌یركردن سه‌یر ده‌كه‌ن، به‌ڵام نابینن، 15 چونكه‌ دڵی ئه‌م گه‌له‌ ڕه‌ق بووه‌، گوێیان گران بووه‌، چاویان نوقاندووه‌، نه‌وه‌ک به‌ چاویان ببینن وبه‌ گوێیان ببیستن، به‌ دڵیان تێبگه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌، منیش چاكیان بكه‌مه‌وه‌}. 16 به‌ڵام ئێوه‌، به‌خته‌وه‌ری بۆ چاوتان، چونكه‌ ده‌بینێت، به‌ گوێتان، چونكه‌ ده‌بیستێت. 17 ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: زۆر پێغه‌مبه‌ر و خوداناس به‌ ئاواته‌وه‌ بوون ئه‌وه‌ی ئێوه‌ ده‌یبینن بیبینن و نه‌یانبینی، ئه‌وه‌ی ئێوه‌ش ده‌یبیستن، بیبیستن، به‌ڵام نه‌یانبیست.
18 كه‌واته‌ گوێ له‌ په‌ندی تۆوده‌ره‌كه‌ بگرن: 19 هه‌ر كه‌سێک وشه‌ی پاشایه‌تی ببیستێت و تێینه‌گات، به‌دكار ‌دێت و ئه‌وه‌ی له‌ دڵیدا تۆوكراوه‌ ده‌یڕفێنێت. ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ تۆوكرا. 20 ئه‌وه‌ی له‌ زه‌وییه‌ به‌رده‌ڵانه‌كه‌ تۆوكرا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وشه‌كه‌ ده‌بیستێ و یه‌كسه‌ر به‌ خۆشییه‌وه‌ په‌سه‌ندی ده‌كات، 21 به‌ڵام له‌ خۆیدا بێ ڕه‌گه‌ و كاتییه‌، كاتێ له‌ پێناوی وشه‌كه‌ ته‌نگانه‌ و چه‌وسانه‌وه‌ ڕووده‌دات، یه‌كسه‌ر ته‌گه‌ره‌ ده‌كات. 22 ئه‌وه‌ی له‌نێو دڕكاندا تۆوكرا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گوێ له‌ وشه‌كه‌ ده‌گرێت، به‌ڵام خه‌می جیهان و فریوی سامان، وشه‌كه‌ ده‌خنكێنن و بێ به‌رهه‌م ده‌بێت. 23 به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وییه‌ چاكه‌كه‌ تۆوكرا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وشه‌كه‌ ده‌بیستێت و تێده‌گات، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رهه‌م ده‌دات، سه‌د و شه‌ست و سی”.
24 په‌ندێكی دیكه‌ی بۆ هێنانه‌وه‌ فه‌رمووی: “پاشایه‌تیی ئاسمانان له‌ مرۆڤێک ده‌چێت، تۆوی چاک له‌ كێڵگه‌كه‌ی بچێنێت. 25 به‌ڵام كاتێ خه‌ڵک نووستبوون، دوژمنه‌كه‌ی هات و له‌نێو گه‌نمه‌كه‌دا زیوانی چاند و ڕۆیشت. 26 كاتێ ڕوه‌كه‌كه‌ ڕوا و به‌ری گرت، زیوانه‌كه‌ش ده‌ركه‌وت. 27 كۆیله‌ی خاوه‌ن ماڵ هاتن و پێیان وت: گه‌وره‌م، ئایا له‌ كێڵگه‌كه‌تدا تۆوی چاكت تۆو نه‌كرد؟ ئیتر ئه‌م زیوانه‌ له‌كوێوه‌ هات؟ 28 ئه‌ویش پێی وتن: دوژمن ئه‌مه‌ی كردووه‌. كۆیله‌كانیش پێیان وت: ده‌ته‌وێ بچین كۆیان بكه‌ینه‌وه‌؟ 29 وتی: نه‌خێر! نه‌وه‌ک له‌گه‌ڵ كۆكردنه‌وه‌ی زیوان، گه‌نمیش هه‌ڵبكێشن. 30 تاكو كاتی دروێنه‌ لێگه‌ڕێن با به‌یه‌كه‌وه‌ پێبگه‌ن، جا له‌ كاتی دروێنه‌دا به‌ سه‌پانه‌كان ده‌ڵێم، یه‌كه‌مجار زیوانه‌كه‌ كۆبكه‌نه‌وه‌ و به‌كۆمه‌ڵ بیانبه‌ستنه‌وه‌ تاكو بسووتێندرێن، به‌ڵام گه‌نمه‌كه‌ له‌ عه‌مباره‌كه‌م كۆبكه‌نه‌وه‌”.
31 په‌ندێكی دیكه‌ی بۆ هێنانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “پاشایه‌تیی ئاسمانان وه‌ک ده‌نكه‌ خه‌رته‌له‌ وایه‌، كه‌ یه‌كێک بیبات و له‌ كێڵگه‌كه‌یدا بیچێنێ، 32 كه‌ بچووكترین تۆوه‌، به‌ڵام كاتێ گه‌شه‌ ده‌كات، گه‌وره‌ترین ڕووه‌كه‌ و ده‌بێته‌ دره‌خت، ته‌نانه‌ت باڵنده‌ی ئاسمانیش دێن و له‌سه‌ر لقه‌كانیدا هێلانه‌ ده‌كه‌ن”.
33 په‌ندێكی دیكه‌ی بۆ فه‌رموون: “پاشایه‌تیی ئاسمانان له‌ هه‌وێنێک ده‌چێت، ژنێک بردی و خستییه‌ نێو سێ پێوانه‌ ئارده‌وه‌، تاكو هه‌مووی هه‌ڵهات”. 34 ئیشۆع هه‌موو ئه‌مانه‌ی به‌ په‌ند بۆ كۆمه‌ڵه‌كه‌ فه‌رموو، به‌بێ په‌ند فه‌رمووده‌ی بۆ نه‌ده‌كردن، 35 تا ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌رێک وتراوه‌ بێته‌ دی، كه‌ ده‌فه‌رمووێ: “{به‌ په‌ند زارم ده‌كه‌مه‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ دامه‌زراندنی جیهانه‌وه‌ شاراوه‌یه‌ ده‌ریده‌بڕم}”.
36 ئینجا كۆمه‌ڵانه‌كه‌ی به‌ڕێكرد و هات بۆ ماڵ. قوتابییه‌كانی لێ هاتنه‌ پێش و وتیان: “په‌ندی زیوانی نێو كێڵگه‌كه‌مان بۆ ڕاڤه‌ بكه‌”. 37 وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “تۆوده‌ری تۆوه‌ چاكه‌كه‌، ڕۆڵه‌ی مرۆڤه‌. 38 كێڵگه‌كه‌ش جیهانه‌، تۆوه‌ چاكه‌كه‌ش ڕۆڵه‌كانی پاشایه‌تین، زیوانه‌كه‌ش ڕۆڵه‌كانی به‌دكاره‌كه‌ن، 39 دوژمنه‌كه‌ش كه‌ تۆوی كردن ئیبلیسه‌، دروێنه‌كه‌ش پایانی جیهانه‌، سه‌پانه‌كانیش فریشته‌كانن. 40 وه‌ک زیوانه‌كه‌ كۆ ده‌كرێته‌وه‌ و به‌ ئاگر ده‌سووتێندرێ، له‌ پایانی جیهانیشدا وا ده‌بێت. 41 ڕۆڵه‌ی مرۆڤ فریشته‌كانی ده‌نێرێت، هه‌موو كۆسپه‌كان و به‌دكاران له‌ پاشایه‌تیییه‌كه‌ی كۆده‌كه‌نه‌وه‌ و 42 فڕێیان ده‌ده‌نه‌ نێو كووره‌ی ئاگره‌وه‌، جا له‌وێ ده‌بێته‌ گریان و جیڕه‌ی ددان. 43 ئه‌وسا خوداناسان له‌ پاشایه‌تیی باوكیاندا وه‌ک خۆر ده‌دره‌وشێنه‌وه‌. ئه‌وه‌ی دوو گوێی هه‌یه‌ بۆ بیستن، با ببیستێت!
44 پاشایه‌تیی ئاسمانان له‌ گه‌نجینه‌یه‌ک ده‌چێت له‌ كێڵگه‌یه‌كدا شاردرابێته‌وه‌. یه‌كێک دۆزییه‌وه‌ و شاردییه‌وه‌، له‌ خۆشیان ده‌ڕوات و چیی هه‌یه‌ ده‌یفرۆشێت و ئه‌و كێڵگه‌یه‌ی پێ ده‌كڕێت. 45 هه‌روه‌ها پاشایه‌تیی ئاسمانان له‌ بازرگانێک ده‌چێت به‌ شوێن مرواریی نایابدا ده‌گه‌ڕا. 46 كاتێ مروارییه‌كی گرانبه‌های بینی، چوو هه‌رچی هه‌یبوو فرۆشتی و مروارییه‌كه‌ی كڕی. 47 هه‌روه‌ها پاشایه‌تیی ئاسمانان له‌ تۆڕێک ده‌چێت فڕێ درابێته‌ ده‌ریاوه‌، له‌ هه‌موو جۆرێک كۆده‌كاته‌وه‌. 48 كاتێ پڕبوو، ڕایانكێشایه‌ كه‌نار، دانیشتن باشه‌كانیان له‌ سه‌به‌ته‌دا كۆكرده‌وه‌ و خراپه‌كانیشیان فڕێ دا ده‌ره‌وه‌. 49 پایانی جیهانیش ئاوا ده‌بێت: فریشته‌كان ده‌رده‌چن و به‌دكاران له‌ خوداناساندا جیا ده‌كه‌نه‌وه‌ و 50 فڕێیانده‌ده‌نه‌ نێو كووره‌ی ئاگره‌وه‌. جا له‌وێ ده‌بێته‌ گریان و جیڕه‌ی ددان”.
51 ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئایا هه‌موو ئه‌مانه‌ تێگه‌یشتن؟” وتیان: “به‌ڵێ گه‌وره‌م”. 52 جا پێی فه‌رموون: “بۆیه‌ هه‌ر ته‌وراتزانێكی ڕاهێنراو له‌ پاشایه‌تیی ئاسمانان، له‌ خاوه‌ن ماڵێک ده‌چێ له‌ گه‌نجینه‌كه‌یدا نوێ و كۆن ده‌ربهێنێت”. 53 كاتێ ئیشۆع ئه‌م په‌ندانه‌ی ته‌واو كرد له‌وێ ڕۆیشت.
54 كه‌ هاته‌وه‌ شاره‌كه‌ی خۆی، له‌ كه‌نیشته‌كه‌یان فێری ده‌كردن، تا ئه‌وه‌ی سه‌رسام بوون و وتیان: “ئه‌مه‌ ئه‌م دانایی و په‌رجوانه‌ی له‌كوێ بوو؟ 55 ئه‌مه‌ كوڕی دارتاشه‌كه‌ نییه‌؟ ئه‌ی دایكی ناوی مه‌ریه‌م نییه‌؟ یاقوو و یۆسپ و شیمعون و ئیهوودا برای نین؟ 56 ئه‌وه‌ نییه‌ خوشكه‌كانی هه‌موویان له‌لامانن؟ ئه‌ی ئه‌مه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ی له‌كوێ بوو؟” 57 جا ساتمه‌یان لێی ده‌كرد. به‌ڵام ئیشۆع پێی فه‌رموون: “پێغه‌مبه‌ر بێ ڕێز نییه‌، ته‌نها له‌ نیشتمان و ماڵی خۆیدا نه‌بێت”. 58 له‌وێدا په‌رجوی زۆری نه‌كرد، له‌به‌ر بێباوه‌ڕییان.

Currently Selected:

مه‌تته‌ی 13: PNTZS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

YouVersion uses cookies to personalize your experience. By using our website, you accept our use of cookies as described in our Privacy Policy