على التوازي

مەرقۆس 5

5
دەرکردنی ڕۆحی پیس
1ئینجا گەیشتنە ئەوبەری دەریاچەکە، بۆ هەرێمی گەراسین. 2کاتێک عیسا لە بەلەمەکە دابەزی، یەکسەر لەناو گۆڕستان پیاوێکی تووش بوو ڕۆحی پیسی تێدابوو، 3لەناو گۆڕستاندا دەژیا، کەس نەیدەتوانی چیتر بیبەستێتەوە، تەنانەت بە زنجیریش. 4زۆر جار بە کۆت و زنجیر دەبەسترایەوە، بەڵام زنجیرەکانی دەپچڕاند و کۆتەکانیشی دەشکاند، کەس نەیدەتوانی بەسەریدا زاڵ بێت. 5شەو و ڕۆژ بەردەوام لەناو گۆڕستان و لە چیاکاندا بوو، هاواری دەکرد و بە بەرد لەشی خۆی بریندار دەکرد.
6کاتێک لە دوورەوە عیسای بینی، ڕایکرد و کڕنۆشی بۆ برد. 7بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «چیت لە من دەوێت، ئەی عیسای کوڕی خودای هەرەبەرز؟ سوێندت دەدەم بە خودا، ئەشکەنجەم مەدە!» 8چونکە عیسا پێی فەرمووبوو: «ئەی ڕۆحی پیس، لە پیاوەکە وەرە دەرەوە!»
9ئینجا لێی پرسی: «ناوت چییە؟»
پێی گوت: «ناوم لێگیۆنە#5‏:9 لێگیۆن: لاتینی، واتە لەشکری 6000 سەربازی.‏، چونکە ئێمە زۆرین.» 10زۆریش لە عیسا پاڕایەوە نەیاننێرێتە دەرەوەی ناوچەکە.
11لەوێ ڕانە بەرازێکی گەورە لە قەد شاخەکە دەلەوەڕان، 12ڕۆحە پیسەکان لە عیسا پاڕانەوە: «بماننێرە ناو بەرازەکان، با بچینە ناویان.» 13ئەویش ڕێی پێدان. ڕۆحە پیسەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکان، ئینجا ڕانەکە کە نزیکەی دوو هەزار سەر دەبوون، بە خێرایی لە قەدپاڵەکەوە بۆ ناو دەریاچەکە هەڵدێران و خنکان.
14بەرازەوانەکان ڕایانکرد و هەواڵیان دا بە شار و گوندەکان. خەڵکەکەش هاتن تاکو ببینن چی ڕوویداوە. 15کاتێک هاتنە لای عیسا، بینییان ئەوەی لەشکرێک ڕۆحی پیسی تێدابوو، دانیشتووە و پۆشتەیە و ئاقڵە، ئیتر ترسان. 16ئەوانەش کە بینیبوویان چی بەسەر بەرازەکان و ئەو کەسەدا هات کە ڕۆحی پیسی تێدابوو، ڕووداوەکەیان بۆ خەڵکەکە گێڕایەوە. 17ئیتر دەستیان بە پاڕانەوە کرد لە عیسا تاکو لە ناوچەکەیان بڕوات.
18کاتێک عیسا سواری بەلەمەکە دەبوو، ئەو کەسەی ڕۆحی پیسی تێدابوو، لێی پاڕایەوە کە لەگەڵی بڕوات. 19ڕێگای نەدا، بەڵکو پێی فەرموو: «بگەڕێوە ناو ماڵ و کەسوکارەکەت، بۆیان بگێڕەوە پەروەردگار چی بۆت کردووە و چۆن بەزەیی پێتدا هاتەوە.» 20جا ڕۆیشت و لە دە شارەکە#5‏:20 دە شارەکە: دیکاپۆلیس، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون.‏ دەستی بە جاڕدانی هەموو ئەوە کرد کە عیسا بۆی کردبوو. هەموو سەرسام بوون.
زیندووکردنەوەی کچێک و چاککردنەوەی ژنێک
21دیسان عیسا بە بەلەمەکە پەڕییەوە ئەوبەر، هەر لە کەناری دەریاچەکە بوو خەڵکێکی زۆر لێی کۆبوونەوە. 22یەکێک لە پێشەوایانی کەنیشت هات، ناوی یایرۆس بوو، کاتێک عیسای بینی، لەبەرپێی کەوت و 23زۆر لێی پاڕایەوە: «کچە بچووکەکەم لە سەرەمەرگدایە، وەرە دەستی لەسەر دابنێ تاکو چاک بێتەوە و بژیێت.» 24عیسا لەگەڵی چوو، خەڵکێکی زۆر دوای کەوت و پاڵەپەستۆیان لێ دەکرد.
25ژنێک لەوێ بوو کە دوازدە ساڵ خوێنبەربوونی هەبوو. 26بە دەستی چەندین پزیشک ئازاری زۆری چێژتبوو، ئەوەی هەیبوو خەرجی خۆی کردبوو، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو، بەڵکو خراپتر ببوو. 27باسی عیسای بیستبوو، بۆیە هاتە ناو خەڵکەکە و لە دواوە دەستی لە کراسەکەی دا، 28چونکە لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئەگەر تەنها دەست لە کراسەکەی بدەم، چاکدەبمەوە.» 29دەستبەجێ خوێن لەبەرڕۆیشتنەکەی ڕاوەستا و لە لەشیدا هەستی بە چاکبوونەوە کرد لە نەخۆشییەکەی.
30یەکسەر عیساش زانی هێزێک لێی هاتە دەرەوە، ئاوڕی لە خەڵکەکە دایەوە و فەرمووی: «کێ دەستی لە کراسەکەم دا؟»
31قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «دەبینیت خەڵکەکە پاڵەپەستۆت لێدەکەن، کەچی دەفەرمووی کێ دەستی لێدام؟»
32بەڵام عیسا چاوی دەگێڕا، تاکو بزانێت کێ بوو وای کرد. 33ژنەکەش کە بە ڕووداوەکەی خۆی دەزانی، بە ترس و لەرزەوە هات، لەبەردەمی کەوت و هەموو شتێکی بە ڕاستی پێ گوت. 34ئەویش پێی فەرموو: «کچم، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە، بڕۆ بە سەلامەت و لە نەخۆشییەکەت چاکببەوە.»
35کاتێک عیسا قسەی دەکرد، چەند کەسێک لە ماڵی پێشەوای کەنیشتەوە هاتن و گوتیان: «کچەکەت مرد، ئیتر ئەزیەت مەخەرە بەر مامۆستا.»
36عیسا قسەکانی ئەوانی بەرگوێ کەوت، بە پێشەواکەی کەنیشتی فەرموو: «مەترسە، تەنها باوەڕت هەبێت.»
37نەیهێشت کەس لەگەڵی بچێت، پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای برای یاقوب نەبێت. 38هاتنە ماڵی پێشەواکەی کەنیشت، بینی هەرا و گریان و شیوەنێکی زۆرە. 39چووە ژوورەوە، پێی فەرموون: «بۆچی هەراتانە و دەگریێن؟ کچەکە نەمردووە، بەڵکو نوستووە.» 40بەمە خەڵکەکە پێی پێکەنین.
بەڵام عیسا هەموویانی دەرکردە دەرەوە، دایک و باوکی منداڵەکەی برد لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵی بوون و چووە ژوورەوە بۆ ئەو شوێنەی منداڵەکەی لێبوو. 41دەستی منداڵەکەی گرت و پێی فەرموو: «تالیسا، قوم!» کە بە واتای «کیژۆڵە، پێت دەڵێم هەستە!» دێت. 42کچەکە کە تەمەنی دوازدە ساڵ بوو، دەستبەجێ هەستا و دەستی بە ڕۆیشتن کرد، جا هەموویان زۆر سەرسام بوون. 43بە توندیش ڕایسپاردن کەس بەمە نەزانێت و فەرمووی شتێکی بدەنێ با بیخوات.