مه‌تته‌ی 4

4
1 پاشان ئیشۆع به‌ ڕووحه‌وه‌ بردرایه‌ سه‌روو بۆ ده‌شتوده‌ر، تا له‌لایه‌ن ئیبلیسه‌‌وه‌ تاقی بكرێته‌وه‌. 2 دوای ئه‌وه‌ی كه‌ چل ڕۆژ و چل شه‌و به‌ڕۆژووبوو، برسی بوو. 3 تاقیكه‌ره‌وه‌ لێی هاته‌ پێش، پێی وت: “ئه‌گه‌ر تۆ ڕۆڵه‌ی خودایت، بڵێ با ئه‌م به‌ردانه‌ ببنه‌ نان”. 4 وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “نووسراوه‌: {مرۆڤ ته‌نها به‌ نان ناژیێت، به‌ڵكو به‌ هه‌ر وشه‌یه‌ک كه‌ له‌ زاری خوداوه‌ ده‌رده‌چێت}”. 5 ئینجا ئیبلیس بردییه‌ شاری پارسا و له‌سه‌ر سوانده‌ی په‌رستگا ڕایگرت و 6 پێی وت: “ئه‌گه‌ر تۆ ڕۆڵه‌ی خودایت، خۆت هه‌ڵده‌ خواره‌وه‌. چونكه‌ نووسراوه‌: {فریشته‌كانی ڕاده‌سپێرێت، تا له‌سه‌ر ده‌ستیان هه‌ڵتبگرن، نه‌وه‌ک پێت له‌ به‌ردێک بدات}”. 7 ئیشۆع پێی فه‌رموو: “هه‌روه‌هاش نووسراوه‌: {په‌روه‌ردگار، خوداوه‌ندت تاقی مه‌كه‌وه‌}”. 8 دیسان ئیبلیس بۆ سه‌ر شاخێكی زۆر بڵندی برد و هه‌موو پاشایه‌تیه‌كان و شكۆی جیهانی پیشان دا و 9 پێی وت: “هه‌موو ئه‌مانه‌ت ده‌ده‌مێ ئه‌گه‌ر دانه‌وێیت و كڕنۆشم بۆ ببه‌یت”. 10 له‌و كاته‌دا ئیشۆع پێی فه‌رموو: “شه‌یتان لێم دووربكه‌وه‌! چونكه‌ نووسراوه‌: {كڕنۆش بۆ په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندت ده‌به‌یت و ته‌نها ئه‌و ده‌په‌رستیت}”. 11 ئینجا ئیبلیس وازی لێهێنا و فریشته‌ هاتن و ڕاژه‌یان كرد.
12 كاتێ ئیشۆع بیستی یوخه‌ننه‌ن گیراوه‌، به‌ره‌و گلیلا ڕۆیشت. 13 ناسڕه‌تی به‌جێهێشت و هات له‌ كپه‌ڕناخوم نیشته‌جێ بوو، كه‌ له‌سه‌ر ده‌ریاكه‌یه‌، له‌ سنووری زوه‌ولوون و نه‌پتالیم، 14 تاكو ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌ر ئێشه‌عیا وتراوه‌ بێته‌ دی: 15 {زه‌ویی زوه‌ولوون و زه‌ویی نه‌پتالیم، ڕێگای ده‌ریا، ئه‌وبه‌ری یوردنه‌ن، گلیلای نه‌ته‌وه‌كان، 16 ئه‌و گه‌له‌ی له‌ تاریكیدا دانیشتووه‌، ڕووناكییه‌كی مه‌زنی بینی، دانیشتووان له‌ زه‌ویی سێبه‌ری مه‌رگ، ڕووناكییان لێ هه‌ڵهات}. 17 له‌و كاته‌وه‌ ئیشۆع ده‌ستیكرد به‌ موژده‌دان و ده‌یفه‌رموو: “تۆبه‌ بكه‌ن، چونكه‌ پاشایه‌تی ئاسمانان نزیک بۆته‌وه‌”.
18 كاتێ ئیشۆع له‌ كه‌ناری ده‌ریای گلیلادا ده‌ڕۆیشت، دوو برای بینی، شیمعون كه‌ پێی ده‌ووترێ په‌تڕۆس له‌گه‌ڵ ئه‌ندراوسی برای، تۆڕیان فڕێده‌دایه‌ ده‌ریاوه‌، چونكه‌ ماسیگر بوون. 19 پێی فه‌رموون: “وه‌رن به‌دوام، ده‌تانكه‌مه‌ ڕاوچیی مرۆڤ”. 20 یه‌كسه‌ر تۆڕه‌كانیان به‌جێهێشت و دوای كه‌وتن. 21 كه‌ له‌وێ تێپه‌ڕی، دوو برای دیكه‌ی بینی، یاقووی كوڕی زه‌بدی و یوخه‌ننه‌نی برای، له‌ كه‌شتیه‌كدا له‌گه‌ڵ زه‌بدی باوكیان تۆڕه‌كانیان چاكده‌كرده‌وه‌، ئه‌وانیشی بانگهێشتكرد. 22 یه‌كسه‌ر كه‌شتیه‌كه‌ و باوكیان به‌جێهێشت و دوای كه‌وتن.
23 ئینجا ئیشۆع به‌ هه‌موو گلیلادا ده‌گه‌ڕا، له‌ كه‌نیشته‌كانیان فێری ده‌كردن و موژده‌ی پاشایه‌تیی ده‌دا، هه‌موو نه‌خۆشی و هه‌موو لاوازیه‌كی نێو خه‌ڵكی چاره‌سه‌ر ده‌كرد. 24 هه‌واڵی هه‌موو سوریای گرته‌وه‌، هه‌رچی نه‌خۆش هه‌بوو به‌ ده‌رد و جۆره‌ها ئازاره‌وه‌، شێت و خوودار و ئیفلیجه‌كان، هه‌موویان بۆ لای هێنا، ئه‌ویش چاره‌سه‌ریكردنه‌وه‌. 25 جا خه‌ڵكێكی زۆر له‌ گلیلا و ده‌ شاره‌كه‌ و یروشلایم و ئیهوود و ئه‌وبه‌ری یوردنه‌ن دوای كه‌وتن.

المحددات الحالية:

مه‌تته‌ی 4: PNTZS

تمييز النص

شارك

نسخ

None

هل تريد حفظ أبرز أعمالك على جميع أجهزتك؟ قم بالتسجيل أو تسجيل الدخول

تستخدم YouVersion ملفات تعريف الإرتباط لتخصيص تجربتك. بإستخدامك لموقعنا الإلكتروني، فإنك تقبل إستخدامنا لملفات تعريف الإرتباط كما هو موضح في سياسة الخصوصية