مه‌تته‌ی 20

20
1 چونكه‌ پاشایه‌تیی ئاسمانان له‌ گه‌وره‌ی ماڵێک ده‌چێت، به‌یانی زوو ده‌رده‌چێت تاكو كرێكار بۆ ڕه‌زه‌كه‌ی بگرێت. 2 له‌گه‌ڵ كرێكاره‌كان ڕۆژی به‌ دینارێک ڕێككه‌وت، ئینجا ناردنی بۆ ڕه‌زه‌كه‌ی. 3 نزیكی كاژێری نۆ ده‌رچوو، له‌ بازاڕدا هه‌ندێكی دیكه‌ی بینی بێكار ڕاوه‌ستابوون، 4 پێی وتن: ئێوه‌ش بڕۆنه‌ ڕه‌زه‌كه‌، چه‌ندتان بكه‌وێ ده‌تانده‌مێ. ئه‌وانیش ڕۆیشتن. 5 ئینجا كاژێری دوازده‌ و كاژێری سێ ده‌رچوو و هه‌مان شتی كرده‌وه‌. 6 نزیكی كاژێری پێنجیش ده‌رچوو، كرێكاری بێكاری دیكه‌ی بینی ڕاوه‌ستاون، پێی وتن: بۆچی به‌ درێژایی ڕۆژ لێره‌ بێكار ڕاوه‌ستاون؟ 7 پێیان وت: چونكه‌ كه‌س به‌ كرێی نه‌گرتووین. پێی وتن: ئێوه‌ش بڕۆنه‌ ڕه‌زه‌كه‌ چه‌ندتان بكه‌وێ ده‌تانده‌مێ. 8 كاتێ ئێواره‌ داهات خاوه‌ن ڕه‌زه‌كه‌ به‌ سه‌ركاره‌كه‌ی خۆی وت: كرێكاران بانگ بكه‌ و كرێیه‌كه‌یان بده‌رێ، له‌وانه‌ی كۆتاییه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ تاكو یه‌كه‌م. 9 جا ئه‌وانه‌ی كاژێری پێنج هاتن، هه‌ریه‌كه‌ دینارێكیان وه‌رگرت. 10 كاتێ یه‌كه‌مینه‌كانیش هاتن وایانزانی زیاتر وه‌رده‌گرن، به‌ڵام ئه‌وانیش هه‌ریه‌كه‌ دینارێكیان وه‌رگرت. 11 كه‌ وه‌ریانده‌گرت بۆڵه‌بۆڵیان له‌گه‌ڵ خاوه‌ن ماڵ ده‌كرد و 12 ده‌یانووت: دواهه‌مینه‌كان كاژێرێک ئیشیان كرد. تۆش له‌گه‌ڵ ئێمه‌ یه‌كسانت كردن، كه‌ گرانی و گه‌رمای ڕۆژمان كێشاوه‌! 13 وه‌ڵامی یه‌كێكیانی دایه‌وه‌: كاكه‌، من سته‌مم لێ نه‌كردوویت. ئایا له‌گه‌ڵ من به‌ دینارێک ڕێک نه‌كه‌وتوویت؟ 14 هی خۆت ببه‌ و بڕۆ. من ده‌مه‌وێت به‌وه‌ی دواهه‌مینیش وه‌ک تۆی بده‌مێ. 15 ئایا بۆم نییه‌ ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت به‌ ماڵی خۆمی بكه‌م؟ یان چاوت به‌رای نادات كه‌ من چاكم؟ 16 به‌م شێوه‌یه‌ دواهه‌مینه‌كان ده‌بنه‌ یه‌كه‌مین و یه‌كه‌مینه‌كانیش دواهه‌مین”.
17 كاتێ ئیشۆع بۆ یروشلایم سه‌رده‌كه‌وت، دوازده‌ قوتابییه‌كه‌ی دابڕی و له‌ڕێگادا پێی فه‌رموون: 18 “ئه‌وا بۆ یروشلایم سه‌رده‌كه‌وین، ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ستی كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ده‌كرێت وحوكمی مه‌رگی ده‌ده‌ن، 19 بۆ گاڵته‌ پێكردن و به‌ قامچی لێدان و له‌خاچدان ڕاده‌ستی نه‌ته‌وه‌كانی ده‌كه‌ن، له‌ ڕۆژی سێیه‌میش هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌”.
20 ئینجا دایكی دوو كوڕه‌كانی زه‌بدی له‌گه‌ڵ دوو كوڕه‌كه‌ی هاته‌ لای و كڕنۆشی برد و داوای شتێكی لێكرد. 21 ئه‌ویش پێی فه‌رموو: “چیت ده‌وێت؟” وتی: “بفه‌رموو با ئه‌م دوو كوڕمه‌ له‌ پاشایه‌تیییه‌كه‌تدا یه‌كێكیان له‌لای ڕاستت و ئه‌وی دیكه‌یان له‌لای چه‌پت دانیشن”. 22 ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئێوه‌ نازانن داوای چی ده‌كه‌ن. ئایا ده‌توانن ئه‌و جامه‌ بخۆنه‌وه‌ كه‌ من ده‌یخۆمه‌وه‌؟ یان به‌و ڕه‌نگه‌ ڕه‌نگ بكرێن كه‌ پێی ڕه‌نگ ده‌كرێم؟” پێیان وت: “ده‌توانین”. 23 ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “جامی من ده‌خۆنه‌وه‌ و وه‌كو من ڕه‌نگ ده‌كرێن، به‌ڵام دانیشتن له‌لای ڕاست و چه‌پمه‌وه‌، بۆ من نییه‌ بیده‌م، به‌وانه‌ نه‌بێت كه‌ باوكم بۆی ئاماده‌ كردوون”. 24 كاتێ ده‌ قوتابیه‌كه‌‌ بیستیان، له‌ دوو براكه‌ تووڕه‌ بوون. 25 به‌ڵام ئیشۆع بانگیكردن و فه‌رمووی: “ده‌زانن سه‌رۆک نه‌ته‌وه‌كان زاڵن به‌سه‌ریانه‌وه‌ و گه‌وره‌كانیان ده‌سه‌ڵاتدارن به‌سه‌ریانه‌وه‌. 26 جا له‌نێو ئێوه‌دا با ئاوا نه‌بێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت له‌نێوتاندا مه‌زن بێت، با ببێته‌ ڕاژه‌وانتان و 27 ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌یه‌وێ له‌نێوتاندا ببێته‌ یه‌كه‌م، با ببێته‌ به‌نده‌تان، 28 هه‌روه‌ک ڕۆڵه‌ی مرۆڤ كه‌ نه‌هاتووه‌ تاكو ڕاژه‌ بكرێت، به‌ڵكو ڕاژه‌ بكات و ژیانی خۆی له‌جیاتی زۆر كه‌س به‌خت بكات”.
29 كاتێ له‌ ئه‌ریخو ده‌رده‌چوون، كۆمه‌ڵانێكی زۆر دوای كه‌وت. 30 ئه‌وه‌بوو دوو نابینا له‌ قه‌راغ ڕێگاكه‌دا دانیشتبوون، كاتێ گوێیان لێبوو ئیشۆع وا به‌وێدا تێده‌په‌ڕێت، هاواریان كرد و وتیان: “گه‌وره‌م، ڕۆڵه‌ی داوید، به‌زه‌ییت پێماندا بێته‌وه‌!” 31 جا خه‌ڵكه‌كه‌ لێیان ڕاخوڕین تاكو بێده‌نگ بن، به‌ڵام ئه‌وان زیاتر هاواریان كرد و وتیان: “گه‌وره‌م، ڕۆڵه‌ی داوید، به‌زه‌ییت پێماندا بێته‌وه‌!” 32 ئیشۆع ڕاوه‌ستا، بانگیكردن و فه‌رمووی: “چیتان ده‌وێت بۆتان بكه‌م؟” 33 پێیان وت: “چاومان بكه‌یته‌وه‌، گه‌وره‌م”. 34 ئیشۆعیش دڵی پێیان سووتا و ده‌ستی له‌ چاویان دا، یه‌كسه‌ر چاویان بینی و دوای كه‌وتن.

المحددات الحالية:

مه‌تته‌ی 20: PNTZS

تمييز النص

شارك

نسخ

None

هل تريد حفظ أبرز أعمالك على جميع أجهزتك؟ قم بالتسجيل أو تسجيل الدخول

تستخدم YouVersion ملفات تعريف الإرتباط لتخصيص تجربتك. بإستخدامك لموقعنا الإلكتروني، فإنك تقبل إستخدامنا لملفات تعريف الإرتباط كما هو موضح في سياسة الخصوصية